

بەپێی ئەو فۆتۆیانەى گەنجەکان بڵاویانکردووەتەوە، فۆتۆکانیان لە بازاڕەکانى نزیک قەڵاى شاری هەولێر هەڵواسیوەو گەنجەکان لەسەر ئەو پۆستەى لەسەر تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویانکردووەتەوە نوسیویانە "لەشاری هەولێری خۆشەویست هەستاین بە بڵاوکردنەوەی وێنەی جەنابی سەرۆک."
ماوەى چەند ڕۆژێکە هەرێمی کوردستان گرژی و ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینیوەو خۆپیشاندان دەستیپێکردووە، بەوهۆیەوە پێنج هاوڵاتی گیانیانلەدەستدا و سەدانى تر لە خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون و ژمارەیەک بارەگای پارتی دیموکراتى کوردستان سوتێنران و ئاڵای ژمارەیەک بارەگاى لایەنەکانى تر هێنرانە خوارەوە.
لە کاردانەوەشدا مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتى کوردستان بڕیاری دوورخستنەوەی وەزیرەکانى گۆڕانى دا لە حکومەتدا و ڕێگریی لە سەرۆکی پەرلەمانیش کرد بچێتەوە هەولێر.
ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەش دواى زنجیرەیەک قەیران دەستیپێکرد کە نزیکەی ساڵێکە هەرێمی کوردستانى گرتووەتەوەو لایەنە سیاسییەکانیش دواى چەندین کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی و چوار قۆڵی و پێنج قۆڵی لەسەر قەیرانى سەرۆکایەتى نەگەیشتنە ڕێککەوتن.