
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە وەزیرەكانی گۆڕانى راگەیاندووە، كە لای ئەو و پارتی یوسف محەمەد وەك سەرۆكی پەرلەمان كۆتاییهاتووە.
كەناڵی رووداوی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان، لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای گۆڕانەوە بڵاوی كردەوە، لە كۆبوونەوەكەی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی لەگەڵ وەزیرە لەكارلابراوەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، سەرۆكوەزیران بەتووندی رەخنەی لە بزووتنەوەی گۆڕان گرتووە و گوتویەتی پێش هەموو كەس گۆڕان زوڵمی لە وەزیرەكانی خۆیكردووە.هەروەها نێچیرڤان بارزانی سوپاسیكردوون و بە وەزیرەكانی گوتووە، كە پارتی كێشەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانە، نەك ئەوان وەك شەخس.
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەش كردووە، كە بۆ ئەوان یوسف محەمەد وەك سەرۆكی پەرلەمان كۆتاییهاتووە و بڕاوەتەوە.
لە كۆتایشدا سەرۆكوەزیران بە وەزیرەكانی گۆڕانی گوتووە، كە پۆستەكانیان بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە سلێمانی.