نوێترین

recent

14/10/2015

وێنەگرتن لەگەڵ "مەعاشەكەو جوانە"




ئازاد حەمە خورشید، ئەو مامۆستایەیە كە لەئێستادا لەتۆڕەكۆمەڵاتییەكان ناوبانگی دەركردووە، ئەمەش دوای ئەوەهات كە لەگرتەیەكی ڤیدۆییدا دەردەكەوێت كاتێك لەناو خۆپیشاندەرانە و بەهێزە ئەمنییەكان دەڵێت" مەعاشەكەو جوانە".

لەئێستاشدا گەنجان وێنەی لەگەڵ دەگرن و زۆرێكیان دەستخۆشی لێ دەكەن، هەر وەك یەكێك لەو گەنجانەی وێنەی لەگەڵ دەگرت، ڕایگەیاند:"دەستخۆشی لێدەكەم و تەواو پشتیوانی دەكەین كە بەو شێوازە هاتۆتە سەر شەقام داوای مافی خۆی و خەڵكیش دەكات و بێدەنگ لەماڵەوە دانەنیشتووە".

دوای ئەوەی ئەم گرتە ڤیدۆیە بڵاوبویەوە چەندان لاپەڕە بەناوی "مەعاشەكەت جوانە" دروستكران و گەنجانیش وەك تەنز لەسەر لاپەڕەی كەسایەتییە جیهانییەكان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەیاننوسی مەعاشەكەت جوانە، بەنمونە لە لاپەڕەی تایبەتی ئۆباما لەسەر وێنەیەكی لەكۆمێنتدا گەنجان بۆی دەنوسن مەعاشەكەت جوانە.

ئازاد حەمە خورشید، دەڵێت :"من خۆپیشاندەر نەبووم، بەڵام كاتێك بینیم گەنجێك بە بەردی هێزە ئەمنییەكان سەری شكا زۆر كاری تێكردم، بۆیە ئەو قسەیەم بەهێزە ئەمنییەكان وتووە و بەردیشم هەڵنەگرتووە تا لەهێزە ئەمنییەكانی بگرم".

سەبارەت بەوەی ئەو گرتە ڤیدۆیە لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەشێوەیەكی بەربڵاو گەنجان بڵاویانكردۆتەوە وتی:"پێم ناخۆشنییە، چونكە  قسەی ڕاستم وتووە معاناتی خەڵك و مامۆستاشم گەیاندووە، هەروەها چاوی هەموو ئەوانە ماچ دەكەم كە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان قسەیان پێ وتوم یان دەستخۆشییان لی كردوم".
ئەمڕۆ لەناو خۆپیشاندانەكەی مامۆستایان گەنجان و مامۆستایان بەپەرۆشەوە وەستابون بۆئەوەی وێنەیەكی لەگەڵ بگرن.

ئازاد حەمە خورشید، لەدایكبووی ساڵی  1955 و لەساڵی ١٩٧٥ پەیمانگەی مامۆستایانی تەواوكردووە و لەئێستادا لەقوتابخانەی چوارچرا مامۆستای بیركارییە، هەروەرها خێزاندارەو سێ كوڕی هەیە.






Picsart-24-02-23-21-31-09-085