
ئەوەی ئێستا لەکوردستاندا روودەدات، کەوتنی دەمامکەکانو دەرکەوتنی حەقیقەتە تاڵەکەیە. بەتاڵبوونەوەی سیحری ئەو ئەزموونە درۆیینەی "مۆدێلی دیموکراسیی کوردی"یە کە ساڵانێکە حیزبەکانی کوردستان بەئێمەو ناوچەکەو جیهانی دەفرۆشن. ئەگەر جاران پێیان دەگوتین ئێوە غەدرمان لێدەکەنو خەتی راستو چەپ بەسەر هەموو شتێکدا دێنن، ئەمڕۆ ئیدی خۆیان پەردەکەیان هەڵدایەوەو حەقیقەتە تاڵەکەیان بۆ ئاشکرا کردین:
لەکوردستان یاسا جگە لەدرۆیەکی گەورە هیچی تر نیە. ئەگەر وانەبێ، حیزبێک کە سەرۆکەکەی بەسەرۆکی هەموو هەرێم دەزانێو سوێندی خواردووە پارێزەری یاساو مافی هاوڵاتیان بێو دەڵێ زوڵمم لێکراوەو دەسترێژی کراوەتە سەر بارەگاکانم، چۆن لەبری پەنابردن بۆ یاسا، بەمەنتیقی تۆڵەسەندەنەوەی عەشایەری مامەڵە دەکاو هەرچی بەرپرسی حیزبە رکابەرەکەی هەیە لە "مەملەکەتەکەی خۆی!" وەدەریان دەنێ؟
هەڵبژاردن جگە لەهەڵخەڵەتاندنو چاوبەستکردن لەخەڵک، هیچی تر نیە. ئەگەر وانەبێ، چۆن مەکتەبی سیاسی حیزبێک جورئەت دەکا بەنوێنەری متمانەپێکراوو هەڵبژێردراوی خەڵک بڵێت: "بڕۆ ماڵەوە"!
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەساڵی (١٩٩٦)ەوە تا ئەمڕۆ دوو ئیدارە بوووەو هەر دوو ئیدارەشە. ئەگەر وانەبێ، چۆن حیزبێک دەتوانێ هەر کاتێک کە قەیرانێک دروستبوو دەرگاکانی "مەملەکەتەکەی خۆی!" دابخاو زۆر بەئاسانی رێگە لەپەرلەمانتارەکانیش بگرێ، نەک هەر خەڵکی ئاسایی؟ بۆیە ئەو گفتگۆیەی لەسەر دوو ئیدارەیی هەیە، بەشتێکی بێمانا دەزانم. لەرستیدا دەبێ بپرسین ئایا بەم دوو ئیدارەییە رانەگەیەنراوە رازینو باشتر وایە بیکەین بەرەسمی، یا هەوڵ بدەین کۆتایی پێبێنین؟
زۆر بەکورتی ئەم قەیرانە بریتییە لەوەی، حیزبێکمان هەیە پایتەختو پارەو پەیوەندییەکانی دەرەوەی لەدەستدایە، خۆی لەپێگەیەکی بەهێزدا دەبینێو بەحیزبەکانی تر دەڵێت: یا تەسلیمی داواکانم دەبن، یان بڕۆن لەکۆڵم ببنەوە، من لە"مەملەکەتی خۆمدا!" هیچ کێشەیەکم نیە.