
گوڵتەن کشاناک، هەڕەشەی کرد کە ئەگەر دەوڵەت شارەدارەکانی قۆڵبەست بکات، ئەویش لە ئامەد خۆسەری ڕادەگەیەنێ.
گوڵتەن کشاناک، هاوسەرۆکی شارەوانیی مەزنی ئامەد، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی ئاگۆست، لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبەر دەرگای بینای شارەوانیی سوور لە ئامەد، ڕەخنەی توندی لە پڕۆسەی قۆڵبەستکردنی شارەدار و بەرپرسانی پارتی هەرێمە دێموکراتیکەکان[DBP] لە باکووری کوردستان و ئۆپێراسیۆنە سەربازییەکان گرت.
ناوبراو هەڕەشەی کرد و وتی ئەگەر دەوڵەت لە جێگەی حیسابپرسین لەو کەسەی کە لە ناوەڕاستی ڤارتۆ[گمگمی مووش]، تەرمی ژنێک بە ڕووتی بەسەر شەقامدا دەکێشێ، بێت سەرۆک شارەوانی من قۆڵبەست بکا، منیش خۆسەری [لە ئامەد] ڕادەگەیەنم.
کشاناک لەمەڕ گەڕانەوەی تورکیا بۆ نەوەدەکان هۆشداری وتی کە ئێمە هەرگیز ئەو وەزعە قبووڵ ناکەین و ڕێگە نادەین دۆخێکی ئاوا دووپات ببێتەوە.
هاوسەرۆکی شارەوانیی ئامەد هەروەها ڕەخنەی لە حکوومتی ئاکەپە گرت و وتی سەدان کردەوەی نایاسایی کراوە، سەدان دۆسیەی بکوژی نادیار هەیە، هەر لە سەردەمی ئەو حکوومەتەدا دەیان کەسی مەدەنی کوژراوە بەڵام هیچ یەک لە بکوژان و هیچ یەک لەو کردەوە ناقانوونییانە نەبردراونەتە بەردەم دادگا کەچی ئێستا دژ بە ئێمە باسی یاسا دەکرێ.
گوڵتەن کشاناک وتیشی کە “خۆسەری” خواستێکی سیاسییە و ئەگەر دەوڵەت وەڵامێکی سیاسی بۆ ئەم خواستە هەیە با بێتە پێش نەک بە هەڕەشە و ئۆپێراسیۆن و قۆڵبەستکردنی سیاسەتمەداران وەڵام بداتەوە.
لە یەک مانگی ڕابردوودا، بە تایبەت دوای تەقینەوەکەی پەرسووس و کوژرانی گەنجانی سۆسیالیست و کورد، شەپۆلێکی بەرفراوانی توندوتیژی تورکیا و باکووری کوردستانی گرتۆتەوە. هەر لەو ماوەیەدا، جگە لە دەستپێکردنەوەی بۆمبارانی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە قەندیل و ناوخۆی تورکیا، سەدان چالاکی کورد و ئەندامی دەبەپە و هەدەپە قۆڵبەست کراون.
لەو ڕۆژانەی ڕابردووشدا و بە تایبەت دوای چڕتربوونەوەی پێکدادانەکان و ڕاگەیاندنی خۆسەری لە چەند شار و شارۆچکەی باکووری کوردستان، چەندین شارەدار و ئەندامی ئەنجوومەنی شار لە سیلوان، لیجە، شڕناخ، شەمزینان، سلۆپی و هتد قۆڵبەست کراون.
from Wllat Net http://ift.tt/1J6pWhl
via IFTTT