نوێترین

recent

03/08/2015

كارتی 10 هەزاری بە 7 هەزار.. داشكاندن بەردەوامە

iumed

ئومێد بابان…

بەوپێیەی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان ناسەقامگیرە و هاوڵاتیی كاسبكار و مووچەخۆر و فەرمانبەران بوونەتە قوربانیی ئەو قەیرانە داراییەكەی كە بەغدا خستوویەتیە سەر هەرێم، هەردوو كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم و ئاسیاسێڵ، لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و ئاوڕدانەوە لە چینوتوێژەكانی كۆمەڵگا، نرخی كارتیان دابەزاند و داشكاندنیش بەردەوامە.

ئەو هەنگاوەی ئاسیا و كۆڕەك، جێگای ستاییش و دەستخۆشییە و پێویستە كۆمپانیاكانی دیكەی گەیاندنیش كە رۆژانە دەیان هەزار دۆلار داهاتیانە، شوێنپێی ئەو دوو كۆمپانیایانە بكەون و دۆخە ئابوورییە نالەبارەكەی حكوومەت و باری دارایی هاونیشتمانیان لە بەرچاو بگرن.

كۆڕەك و ئاسیا بەوەندەشەوە نەوەستاون و بڕیاریان داوە لە پێدانی مووچە و جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكاندا، هاوكاریی ماددیی خەڵك و حكوومەتی هەرێمیش بكەن، بەوەی كە نزیكەی 3 ملیار دۆلار قەرزداری حكوومەتن و بێجگە لە دانەوەی قەرزەكانیش، یاریدەی هاووڵاتی و دەزگا و دامەزراوە میرییەكانیش بدەن و نەهێڵن هێندە لە ژێر گوشاری ئابووریدا بن و باریان سووك بكەن.

خوا هەڵناگرێ، كۆمپانیا بازرگانییە ناوبراوەكان، هەمیشە یاریدەی خەڵكی داماو و كەمدەرامەتانیان داوە و ویژدانیان رێگای نەداون لەم وڵاتەدا خەڵكی هەژار بمێنێت و زۆر جاریش كرێچی و خەڵكی كەمداهاتیان بەسەر كردووەتەوە و بەوپەڕی دەستئاوەڵاییەوە هاوكارییان كردوون.          

كۆڕەك و ئاسیا كە خاوەنەكانیان كوردن، باری ئابووریی خەڵكیان لە بەرچاوە و بە بڕیاری گرانكردنی كارتی مۆبایل لەلایەن بەغداوە پابەند نین، چونكە بەرژەوەندیی هاونیشتمانیانیان بەلاوە گرینگترە و هێندە ناپەرژێنە سەر كۆكردنەوەی داهات و ماڵ و سامان.

جڕ.. جڕ.. جڕِڕڕ.. زەنگی مۆبایلەكەم لێیدا، هاوڕێیەكەم لە خەو بەئاگای هێنام و گوتی، ئاگاداری ئەوەی كە كۆڕەك و ئاسیا بە بڕیاری بەغدا كارتی 10 هەزارییان كردووەتە 13 هەزار و 500 دینار؟
قسەكانی هاوڕێكەم بەلامەوە سەیر نەبوو و پێم گوت پێی ئاسایی بێت و نەشڵەژێت، چونكە هەمیشە كۆمپانیا بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بڕیارەكانی (حكوومەتی عێراقی فیدراڵ) دڵسۆزانە جێبەجێ دەكەن و بە پێچەوانەشەوە ڕەتی دەكەنەوە.

دەبێ لێرەشەوە بپرسین، كۆڕەك و ئاسیا كە زۆرترین بەشداربوویان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئەگەر بەغدا بڕیاری هەرزانكردنی كارتی مۆبایلی دابووایە، بە بڕیارەكەوە پابەند دەبوون؟
وەڵامی ئەو پرسیارە لای خەڵكە، كە ڕەنگە بەشێكی زۆریان بە (نەخێر) وەڵام بدەنەوە، بەوپێیەی پێشتر ئەزموونیان وەرگرتووە و شارەزای قۆرخكردنی هیڵەكانی پەیوەندین و دەردەسەری و نەهامەتیی زۆریان بە دەستیانەوە چەشتووە.

بۆ بیرهێنانەوەیش، باجخستنەسەر و گرانكردنی كارتی مۆبایل كە بە پشتبەستن بە ماددەی ٣٣ لە یاسای بوودجەی فیدراڵیی ساڵی (٢٠١٥)ـی عێراق پەیڕەو كراوە و هەرێمی كوردستانیشی گرتووەتەوە، بەشێك لە هاونیشتمانیانی نیگەران كردووە و پێدەچێ لەمەودوا ناچار بن لەبری مۆبایل، هێڵەكانی ئینتەرنێت و پڕۆگرامەكانی تایبەت بە گەیاندن، بۆ پەیوەندیكردن بەكار بهێنن.

 

تێ بی نی : وڵات بەرپرس نیە لە ناوەرۆكی ئەم نوسینە…



from Wllat Net http://ift.tt/1P1e6cx
via IFTTT
Picsart-24-02-23-21-31-09-085