شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە وتارێكیدا كە لە ژمارەی ئەمرۆی رۆژنامەی كوردستانی نوێ بڵاوكراوەتەوە لە ژێر ناونیشانی، هەرێمی هەزارو یەك كێشە،
لە پەڕەگرافێكی نوسینەكەیەدا هاتووە:” هەر بەتەنیا مەسەلەی نایەكسانی لە هەرێمەكەمانا ئەكرێت دوو هەزار و دوو چیرۆكی لەسەر بوترێ ئەوە جگە لە چیرۆكی موچەی كەسە بن دیوارەكانی كە ژمارەیان لە دیوارەكان زیاترەو ئەو پەنجاو پێنج هەزار ژنە بێكەس و بێوەژنە موچەخۆرەی كە بە قودرەتی قادر ژمارەیان لە دهۆكدا نزیكەی هەشت هەزارە و لە هەموو گەرمیاندا بەو هەموو ئانفالكراوەشەوە نەیكردوەتە چوار هەزار ژن”.
پێشیوای:” چیرۆكی چەوساندنەوەی مرۆڤەكان و گوندو شارو شارۆچكەكان و ئیفلاس پێ كردنی بانكەكانی هەرێم جگە لە یەك بانك و حەكایەتی كۆمپانیا وەهمیەكان و گرێبەستە سەر بە گۆبەندەكان و هەڵهێنانی ئەو مەتەڵەی كە بۆ گەر هەرێم رۆژانە یەك بەرمیل یان یەك ملیۆن بەرمیل نەوتیش بفرۆشێ هەر پارەی نیە؟ یا بۆ گەر مالكی سەرۆك وەزیران بێت یان عەبادی یانیش زین العابدین كێشەی نێوان هەولێرو بەغدا هەر عەینی تاس و عەینی حەمامە؟ بە پێنج شەهرزادیش تەواو نابێ.”
پاشان بە تەنزەوە دەڵێت:”لەوانەیە هەندێك لە چیرۆكەكانی ئەم سەردەمەمان كەمێك پێكەنینیش دەرچن، ئاخر چۆن باس لە ئازادی ئەكرێت لە كاتێكدا لافیتە و پۆستر هەڵئەواسن و ئەڵێن (بوێر بە و خەون ببینە) ئایا ئەوە بە واتای ئەوە نییە كە تەنانەت خەون بینینیش بوێریی ئەوێت؟ ئەی تۆخوا ئەوە قەشمەرجاری نییە كە بە بڕیاری پێنج لایەنی سیاسی لەناو پەرلەمانا بوترێت بڕیاری (تاكڕەوانە)؟ ئەی نوكتە نییە بوترێ فڵانی بەدەسەڵاتەوە لەدایك بووە؟.
بێگومان دەیان چیڕۆكی سەرسور هێنەریشمان هەیە وەك چۆنیەتی رادەستكردنی شەنگالەكەمان و عاجباتی دادگاكانمان و بەشداری پێكردنی مردوەكان لە هەڵبژاردنەكاندا و دابەشكردنی موچە بە هەلور بەلور و بەكارهێنانی كارتی سەربەخۆیی تەنیا بۆ گاڵتە پێكردن و بەخشینی خەڵات بە هەڵهاتووانی مەیدانی شەرو پێشكەشكردنی كورسی بە كەسانێك كە بووبنە هۆی بەجاریەكردنی سەدان كیژۆڵەی گەلەكەمان”.
لە كۆتایشدا دەڵێت:”ئێمە ئەو نەگبەتیەشمان هەیە رۆژێك نسكۆمان بۆ دێننە كایێ و رۆژێك حكومەتی خۆجێیی و ئەوەتا بە پشتم بخورێنە پشتت ئەخورێنم و كشمیش بۆ تۆ و گوێز بۆ منیش ئەڵێن (سازان).. تۆ بڵێی سبەینێ بە دەستوور نەوترێ «شەقشەقە» و بە بودجە و موچەش نەڵێن «رەشەبای شەوانی سلێمانی» چونكە نەكەس ئەزانی كەی دێت و نەكەسیش ئەزانێ رێژەكەی چەندە؟ و ئەم كشمیش نەیا بەو و ئەو كورسی بەو و خەڵكی نەڵێن سەد رەحمەت بە هەزارو یەك شەوەكەی شەهرزاد…
from Wllat Net http://ift.tt/1GZpLpb
via IFTTT
