نوێترین

recent

22/06/2015

پارتی و گەوجاندنی عەوام

azad shexani

 

تەركیزكردنی پارتیو سەركردەكانی لەسەر دۆزینەوەی رێگاچارەیەك بۆ درێژكردنەوەی ویلایەتە بەكۆتاهاتوەكەی مەسعود بارزانی توشی جۆرێك سەرلێشێواوی كردون لەهەڵویستە سیاسیەكانیان ومامەلەكردنیان لەگەڵ بارودۆخەكە..تەنانەت تێكچونی ئەم تەوازونەشیان كاریكردۆتە سەر پەیوەندیەكانیان لەگەل لایەنە سیاسیەكانی هەرێم،خۆشیان نازانن بۆچی ئەم هەمو هەڵە گەورەو زەقانە ئەكەن لەهەلوێستە سیاسیەكانیاندا. قەیرانەكانی ئەمدواییانەی هەرێمیش لەولاوە خەرێكە هەرەشە لەبونیادی دەسەڵاتی ئەم حیزبە ئەكاتو، بێزاری خەڵكیش بەتایبەتی گەنجان گەشتۆتە ترۆپكەوە لەدژی سیاسەتە سەرلێشواوەكانی پارتیو شكستەكانی حكومەتەكەی.

گوێبگرن بزانن سكرتێری مەكتەبی سیاسیەكەیان ئەڵێ چی:

– فازل میرانی ئەڵێ” حزبەكەی پارتێكی نەتەوەییەو وتارەكەشی لەهەموو ئەو پارتانەی كە ئەم پروپاگندەیان دەكرد نەتەوەییترە. بۆیە بەبڕوای ئەو لەم بوارەدا پێویست بەموزایەدە ناكات،هاوكات هۆكاری بەشداری نەكردنیان لە بانگەشەی هەدەپەشدا دەڵێت” بەڵێ ئێمە نەبوینە بەشێك لەبانگەشەی هەڵبژاردنەكان لەبەر ئەوەی ئەم بابەتە پەیوەستە بەئەمنی قەومی هەرێمی كوردستان، ئێمە هەمووجار داوا لەوڵاتانی دراوسێی خۆمان دەكەین كە دەست نەخەنە كاروباری ناوخۆی ئێمە، ئێستا ئێمە چۆن تەدەخولی كاروباری ناوخۆیی ئەوان بكەین”.

لا حەولە وەلا قووەتە ئیلا بیلا..پشتگیریكردنی پارتێكی كوردستانی لەلایەن پارتێكی نەتەوەییەوە بوەتە هەڕەشە لەسەر ئەمنی قەومی كوردستان.؟ ئەی خودی مەسعود بارزانی نەبو كە قۆلی شڤان پەروەری گرتو  بردیە ئامەد بۆ پرۆپاگندەكردن بۆ ئەردۆغانی دوژمنی كوردو حزبەكەی؟..ئەی بۆچی هەڵوێستی یەكێتی وگۆڕانو بەشداری كردنی پەرلەمانتارەكانیان بەتەدەخول لەكاروباری توركیادا حسێب نەكرا؟.

برادەرێكیتری پارتی ئەنوسێت”كوردستان ئێستا لەقۆناغی گواستنەوەدایە،پەرینەوە لەهەرێمی كوردستانی عیراق بەرەو كۆماری كوردستان،بەڵام ئەگەر سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەوەبوایە كە لەپرۆژەكەی گۆڕاندا هاتوە، یان ئاوای لێبێت،دڵنیام هیچ حزبێكی كوردستان،زۆریشیان لێ بكەی، ئامادنین سەرۆكایەتی حزبەكانیان بكەنە سەرۆكی هەرێم”؟

 ئەم دو دێرەی چەندین درۆی شاخداری تیاكراوە كە مەبەست چەواشەكردنی میللەتو گەوجاندنیەتی وەكچۆن گەوجاندنی ئەندامو كادیرانی پارتی.

– كوردستان لەقۆناغی گواستنەوەدا نیە،چونگە ئەوە 23 ساڵە واتە روبعە قەرنیكە حكومەتو  پەرلەمانی هەیەو ئەبوایە ئێستا جێگیرترین و پیشكەوتوترین سیستەمی سیاسی ناوچەكە بوایە، بەتایبەت ئەوە دە ساڵە بەقەدەر بودجەی چوار وڵاتی ناوچەكە بودجەی ساڵانەی هەیە، بەڵام هەمومان ئەزانین پارەكە چۆن دزراوەو ئیداركەشمان چ شكستیكی ئابڕوبەرانەی توشهاتوە لەژێر سایەی حوكمی پارتدا.

-پەڕینەوە هەریمی كوردستان بەرەو كۆماری كوردستان تەنها دروشمێكی فشۆڵی چەواشەكارانەی سەرانی پارتیەو هەر كاتیك ئیشیان بەمیللەت هەبێت یا بكەونە قەیرانێكەوە ئەم قەوانە سواوە دوبارە ئەكەنەوە بەمەبەستی راكێشانی هەستو سۆزی میللەت، ئەوان ئیستا جورئەتی ئەوە ناكەن نەوتەكەیان بفرۆشن و قوتی خەڵكی پێ دابین بكەن، سەركردەكانیان لەهەمو مەحفەلێكا ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بەپابەندبون بە رێكەوتنیان لەگەڵ بەغدا، نوشوستیە بۆ ئەوان باسی كۆماری كوردستان بكەن.

– سەبارەت بەمەسەلەی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی،خۆ ئەندام پەرلەمانەكانی پارتی خۆیان كاتی خۆی رازی بوونە بەوەی هەم لەیاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەنگیان بەوە داوە كە ماوەی سەرۆكایەتی تەنها دو خولی چوار ساڵی بێت، لەیاسا پەرلەمانیەكەشدا كە دوساڵی بێ موقابیلی بۆ درێژكرایەوە لەویش ئەندام پەرلەمانەكانی پارتی ئیمزایان لەسەر ئەو دەقە كردوە كە دەڵی ئەو درێژكردنەوەیە بۆ یەكجارەو نابێت جارێكیتر درێژ بكرێتەوە، كەواتە خودی ئەندام پەرلەمانەكانی پارتی كە هەمیشە زۆرینە بوونە لەخولەكانی پەرلەماندا رازی نەبونە ماوەی سەرۆكایەتی لەدو خول و دوساڵی درێژكراو زیاتر بێت، خێرە ئێستا هەر خۆیان پەشیمان ئەبنەوەو ئەیانەوێ جارێكتیر مەسعود بارزانی بكەنەوە سەرۆكی هەرێم.

– ئەوان شەرم لەوەش ناكەن لەجیاتی حزبەكانیتر بریار بدەن ئەوەتا ئەڵێن گوایە هیچ حزبێك ئامادە نیە بەمجۆرە دەسەڵاتە تەشریفاتانەوە سەرۆكایەتی هەرێم وەربگرن.. ئەمەش بوختانو درۆیەكی شاخدارە، چونكە حزبەكانیتر وەكو پارتی حزبی دیكتاتۆرخواست نین،تا بەدەسەڵاتی رەهاوە حوكم بكەنو پاوانكاری لەئیدارەو سیاسەتدا بكەنو ئیرادەی خۆیان بەزۆرداری بسەپینن بەسەر حزبەكان وكۆمەلگەدا، رەنگە پارتیو سەركردەكانی بیریان چوبێتەوە كەوا مام جەلال بەم هەمو خەباتە درێژو نەپساوەی ، بەو هەمو كاریزما سیاسی و نەتەوەییەی،بەم هەمو رێزو تەقدیرە دەولیەی هەیەتی، رازی ببو ببێتە سەرۆكی عیراق ودەسەڵاتەكانیشی لەوەكیل وەزیریكیش زۆر كەمتر بێت، هەڵبەت لەناو حزبەكانی كوردستانیشا دەیان وسەدان كەس لەسەركردەو كادیرانی هەیە بەوە رازی بیت ببێتە سەرۆكێكی برۆتۆكۆلی..لەوانەیە تەنها  مەسعود بارزانی كە حزبەكەی بەموقەدەسی ئەزانێت بەو دەسەڵاتانە رازی نەبێت چونكە وەكو سەرۆك عەشیرەتێك سەیری پۆستەكەی ئەكات، بەڵام خەڵكیتر ئامادەن ئەو مەسئولیەتە وەربگرن لەپێناو خزمەتی وڵاتەكەیان نەوەك حزبەكانیان.؟
هەمدیسان بۆ گەوجاندنی عەوام پارتی وسەركردەكانی بەیتو بالورەی ئەوەمان بۆ لێئەدەن گوایە تەواوی پرسە سیاسیەكانی هەریمی كوردستان پێویستی بەسازان هەیە..دە كەواتە پارتی بۆچی لەسەر مەسەلەی بەرێوەبردنی پارێزگاكان سازان ناكات، بۆچی لەهەولێرو دهۆكدا حزبەكانی تری بێبەشكردەوە، یان پارتی تەنها یەكگرتوویی رێزەكانی میللەتی ئەوێت بە سەرۆكایەتی خۆی بێت، سازانە میللییەكەش تەنها بۆ خزمەتی پۆستەكانی پارتی بێت..
 

 



from Wllat Net http://ift.tt/1BwFJIc
via IFTTT
Picsart-24-02-23-21-31-09-085