لە پەیامەكەدا ئەدهەم بارزانی روو لە ئۆباما دەڵێت: “داوات لێدەكەم، كاتێكی چەند رۆژی كەم تەرخان بكەی بۆ ئەوەی مێژووی نوێی سەد ساڵەی گەلێك بە ناوی كورد بخوێنیەوە و بزانی چ رووداوێك روویداوە”.
دەقی پەیامەكە:
بەرێز ئۆباما
داوات لێدەكەم، كاتێكی چەند رۆژی كەم تەرخان بكەی بۆ ئەوەی مێژووی نوێی سەد ساڵەی گەلێك بە ناوی كورد بخوێنیەوە و بزانی چ رووداوێك روویداوە، چمان بە سەر هاتووە، چۆن و بە چ شێوەیەك پارچە پارچە كراوین، بەم پارچە كردنەش دیسان لێما نەگەڕان وڵاتی میللەتێكی 50 ملیۆنیش ناوەكەی بە كوردستانی عیراق و شوێنەكانی تر بەناو كرا، كوردستانێك بە ناوی كورد نەما، لەگەڵ ئەمەش دیسان لێمان نەگەڕان كوژراین، زیندانی كراین، كیمیاباران و ئەنفال كراین، وڵاتمان وێران كرا و سوتێنرا، ئافرەتەكانمان لە بازاری كوێلایەتی كڕین و فرۆشتنیان پێكرا، بە سەدان هەزار قوربانیمان دا و ئێستاش دەدەین لە پێناو فرێكی ئازادی، جەنابت و سیستمە ئازادی خوازەكانی جیهان هەر رۆژ باسی قارەمانەتی پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەن، داواشمان لێدەكەن لە دەرەوی خاكی پیرۆزی كوردستانیش دژ بەو ترۆریستانەی كە هەندێك لە دەوڵەتانی هاوپەیمانی ئێوەی ئازادیخواز هاوكار و پشتیوانی دروستكردنیان بوون و ئێستاش هەر ئەوان پشتیوانیان دەكەن، داوا دەكەن هاوكاریتان بكەین بە خوێنی گەشی رۆڵەكانی ئەم میللەتە بەش خوراوە.
بەڕێز ئۆباما بە ویژدانت سوێندەدەم ئایە رەوایە كە پاش هەموو ئەم نەهامەتیانەی كە بە سەر ئێمەی كوردا هاتووە تەنها لەم بەشەی باشووری كوردستان جارێكی تر جەنابتان داوامان لێبكەن كە دەبێت عیراق بە یەكگرتووی بمێنێتەووە و ئێمە بۆ ئەم وڵاتە نەخوازراوە ئینتیمامان هەبێت، ئا ئەمەیە مافی چارەنووسی میللەتان، ئەمەیە دیموكراسی و ئازادی، من باش تێدەگەم كە بەرژەووەندییەكانی ئێوەی بەڕێز سەرەوەی هەموو شتێكە، لە مرۆڤ و مرۆڤەكان و مافە رەواكانیان بەرزترە، من حەزم دەكرد و زۆر پێم باش بوو كە جەنابت ئەو هەڵە مێژوویەی ئەوانەی پێش تۆ لە ئیدارەی ئەمریكا دەربارەی شۆڕشی ئەیلولی مەزنیان بە رێبەرایەتی رێبەری نەتەوەی كورد موستەفا بارزانی كردی بۆ خاتری رازی كردنی هاوپەیمانی ئێوە شای ئێران راست بكەیتەوە و بۆ خۆت لە مێژووی مرۆڤایەتی و میللەتانی بن دەستدا شانازیەكی هەرە گەورە تۆمار بكەیت.
ئەدهەم بارزانی
from Wllat Net » Wllat Net http://ift.tt/1E9oQiA
via IFTTT
