
دەڵێن لەكۆبوونەوەیەكی تایبەتی نەوشیروان مستەفای رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕاندا، پرسیاری ئەوەی لێكراوە “دوای ئەوەی چوونەتە ناو حكومەتی بنكەفراوانەوە، سیاسەتتان بەرانبەر بەپارتی گۆڕاوە؟”
لەوەڵامدا نەوشیروان مستەفا وتوویەتی مامەڵەی سیاسیمان لەگەڵ پارتیدا رێك لەو چیرۆكە فۆلكلۆرییە كوردییە دەچێت؛ دەگێڕنەوە: كۆمەڵێك پیاو دەچنە لای پیاوێكو داخوازیی كچەكەی لێدەكەن، پێیدەڵێن هاتووین ئەو كچەمان پێبدەیت…، ئەویش لەوەڵامدا تووڕە دەبێتو دەریاندەكاتە دەرەوەو رازینابێت، جارێكی تر هەمان كۆمەڵە پیاو دەچنەوە داخوازیی كچی پیاوە تووڕەكەو پێیدەڵێن هاتووین گوڵی باخە جوانەكەتمان بدەیتێ بۆ ئینجانەیەكی تایبەت، ئەویش لەوەڵامدا كەیفخۆش دەبێتو كچەكەیان پێدەدات، ئامانجی هەردوو داواكارییەكە تەنیا یەك شت بووە، بەڵام بەدوو رێگەی جیاواز.
ئەگەر ئەو گێڕانەوەی رێكخەری گشتیی گۆڕان بكەینە بنەمای هەڵسەنگاندنی سیاسەتی گۆڕان لەحكومەتی بنكەفراوان بەشێوەیەكی گشتیو لەمامەڵەیان لەگەڵ پارتی بەشێوەیەكی تایبەتی، ئەوە دەكرێت ئەوە روونبكەینەوە، گۆڕان لەقۆناغی ئۆپۆزیسیۆنبوووندا بەدەنگێكی بەرزو لەشەقامێكی تووڕەوە، داوای گۆڕانكاریی لەپارتیو حكومەت دەكرد، بەڵام ئێستا بەزمانی گوڵو لەپەنای گوێی بارزانیدا داوای هەمان شت دەكاتەوە، بەڵام بەبۆچوونی من ئاكامی هەردوو جۆرە داواكارییەكە هەریەك شتە، ئەویش ئەوەیە پارتی بەهیچ جۆرە چاكسازیو ئاڵوگۆڕێك رازینابێت، نە بەزمانی گوڵ، نە بەزمانی توندو ئاگراوی.
پاش ساڵێك لەبەشداریی راستەوخۆی ئۆپۆزیسیۆنی رابوردوو بەگشتیو بزووتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی لەكابینەی هەشتەمدا، دەبێت كۆمەڵێك پرسیاری جدی لەو هێزانە بكرێتو روونكردنەوەشیان لەبارەوە بدرێت.
ئێمە لەوە تێدەگەین ئۆپۆزیسیۆنی رابوردوو كاتێك بەشداریی حكومەتیان كرد، چوونە سەر قاسەیەكی بەتاڵو قەیرانی قووڵی نێوان هەرێمو بەغدادو شەڕی داعشو ئەزموونی پڕ گەندەڵكاریی حیزبە حوكمڕانەكانی پێشوو.
بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە؛ بۆچی كاتێك دڵنیایت لەوەی ناتوانیت گۆڕانكاری بكەیت لەسیستمی سیاسیدا، بەردەوام دەبیت لەدرێژەدان بەهاوبەشیت لەو سیستمە حكومڕانییە گەندەڵەدا؟
ئەگەر ناتوانیت دەستور هەمواربكەیتەوەو سیستمی حوكمڕانی لەهەرێمدا بكەیتە پەرلەمانی، چ پاساوێك هەیە بۆ ئەوەی بەهاوبەشی لەحكومەتدا بمێنیتەوە.
ئەگەر دەزانیت رێگرییەكانی بەردەم وەزیرەكانت لەحكومەتدا ئەوەندە زۆرو سەختن، بۆچی ئەو بارگرانییە لەسەرشانی خۆتان لانادەنو ماڵئاوایی لەحكومەتی بنكەفراوان ناكەن؟
لەوە تێدەگەین هەندێك لەوەزیرەكانی ئێوە كاری باشیان كردووە، لەبڕینی بودجەی حیزبی وەهمیو رێكخراوی وەهمیو هەڵدانەوەی فایلی بندیوارەكانو بەسەلامەتی هێشتنەوەی تارادەیەكی هێزی پێشمەرگە لەتێوەگرلان لەشەڕی بەرژەوەندخوازانەی حیزبە چەكدارەكان، بەڵام ئەمانە بەس نین بۆ ئەوەی ئێمە پێتانبڵێین ئەو بەرنامەیەی لەسەردەمی ئۆپۆزیسیۆنبووندا هەتانبووە بەتەواوەتی جێبەجێتانكردووە، ئاخر جاران لەكوردستاندا دوو گوتاری سیاسیی جودا هەبوون، یەكێكیان گوتاری بارزانی بوو، كە بریتیبوو لەدرێژەدان بەسیاسەتی ئەمری واقیعو هێشتنەوەی هەرێم لەدۆخی چەقیوی خۆیدا، گوتاری دووەمیشیان، گوتاری ئێوە بوو كە گوتاری رێبەرایەتیكردنی نارەزایەتییەكانی خەڵك بوو، بەشێك بوو لەو هەوڵە زۆرو زەوەندانەی لەم هەرێمەدا دەدران لەپێناوی گۆڕانكاریی بەرچاو لەسیستمی حوكمڕانیدا، كەچی بەداخەوە زۆر بەئاسانیو بەبێ هیچ پاداشتێك ئەم گوتارەتان لەباربردو كردتانە خەڵاتی پارتی، بۆیە پاش ساڵێك ئێوە لەمیدیاكانی خۆتانەوە ئەزموونی بەشداریتان لەحوكمڕانیی هەرێم هەڵبسەنگێنن، ئەگەر لەرێی بەڵگەو داتاوە توانیتان پێچەوانەی ئەم قسانەی ئێمە بسەلمێنن، ئەوە دەستخۆشیتان لێدەكەینو لەگەڵ هاوبەشە سیاسییەكانتاندا لەحكومەتی بنكەفراواندا بەردەوام بن، بەڵام ئەگەر نەتانتوانی پێچەوانەی ئەم قسانە بسەلمێنن، پێشنیارتان بۆ دەكەم دەڕابەی ئەم شەراكەتە لەگەڵ پارتی دابخەنو بگەڕێنەوە بۆ شەقامە تووڕەكەی جاران.
from Wllat Net » Wllat Net http://ift.tt/1PAkbve
via IFTTT