

لە راگەیاندراوەکەی فایەق مستەفا پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕاندا ھاتووە: بەداخەوە وەزیری کارەبا و بەشێک لە ھاوکارانم لە ئەندام پەرلەمانەکانی فراکسیۆنی یەکگرتوو، وەک تەنھا لایەن بەھەڵەداوان کەوتنە لێدوانی بێبنەما و چەواشەکارانە و ئەم ھەنگاوەی ئێمەیان بە موزایەدەی سیاسی و بۆ مەرامی سیاسی ناوبرد، خۆشبەختانە ئەو ھەڵوێستەیان سەرەداوی تری بۆ ئاشکرا کردین.
دەقی راگەیاندراوەکە:
موزایەدەی سیاسی یان سیاسەتی نەعامە ئاسا!!!!
دوای ئەنجامدانی پرێس کۆنفرانسێکمان لەبەرواری ٢٦ / ١ / ٢٠١٥ لەسەر خستنەڕوو و پەردە ھەڵماڵین لەسەر زۆریی تێچوونی بەرھەمھێنانی کارەبا لەدژی بەرژەوەندییەکانی خەڵک و ئاشکراکردنی پلانێک بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کارەبا لەسەر ھاووڵاتیان، لەجیاتی کەمکردنەوەی تێچوونە زەبەلاحەکانی بواری بەرھەمھێنانی کارەبا و بەبێ ناوھێنانی بەتەنھای وەزارەتی کارەبا لە داڕشتنی ئەو پلانەدا، بەداخەوە وەزیری کارەبا و بەشێک لە ھاوکارانم لە ئەندام پەرلەمانەکانی فراکسیۆنی یەکگرتوو، وەک تەنھا لایەن بەھەڵەداوان کەوتنە لێدوانی بێبنەما و چەواشەکارانە و ئەم ھەنگاوەی ئێمەیان بە موزایەدەی سیاسی و بۆ مەرامی سیاسی ناوبردو گوایە نیەتێک نییە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کارەبا لەسەر ھاوڵاتیان، بۆیە بەندە لێرەدا ڕوونکردنەوەیەک دەخەمەڕوو:
١- دەبێ ئەو مەرامە سیاسییە چی بێت کە کار بکەیت بۆ کەمکردنەوەی خەرجیی لەبەرھەمھێنانی کارەباداو بڕێکی زۆر لەسەروەت و سامانی ھاوڵاتیان بگەڕێنیتەوە بۆسەر داھاتی گشتیی؟؟!!! کە جگە لە تۆمەتچییەکان پێم وانییە کەسێکی تر بتوانێت تەفسیری ئەو مەرامە سیاسییە بکات!!
٢- ڕێگریی کردن لە بەرزکردنەوەی نرخی کارەبا لەسەر ھاوڵاتیان کە لەوە زیاتر قورسایی قەیرانەکان نەخرێتەسەر ژیان و گوزەرانیان، بۆ دەبێ بەموزایەدەی سیاسی بێتە ھەژمارکردن؟؟!!
٣- ئەگەر نیەتێک نەبووە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کارەبا لەسەر ھاوڵاتیان (کە لەبەڵگە نامەکەدا زۆر بەڕوونیی دیارە کە ھەبووە )، بەڵام ڕێگرییمان لێکرد، خێرە وەزارەتی کارەبا وەڵامی ئەو نوسراوەی نەداوەتەوەو خودی وەزارەتەکەش بەشداری کۆبوونەوەکە بووە!!! لەکاتێکدا تا ڕۆژی پرێس کۆنفرانسەکەی ئێمە یەک مانگ و ١٢ ڕۆژ بەسەر بەراوری ئەو نوسراوەدا تێپەڕیبوو کە ئاراستەی وەزارەتی کارەبا کرابوو!!
٤- بۆ کەسانێک کە تەمومژی بەرژەوەندی سیاسی بەرچاوی لێڵ نەکردوون و بەرژەوەندی ھاوڵاتیانیان لەبیرماوە، با خۆیان سەرنجێک لە خاڵی (٩)ی بەڵگەنامەکە بدەن کە ئاماژە بەتێچوونی بەرھەمھێنانی کارەبا دەکات و لەبەرامبەریشدا باسی داڕشتنەوەی نرخی کارەبای ھاوڵاتیان دەکات، لەکاتێکدا نرخی تێچوونی ھەر کیلۆوات کاتژمێرێک بۆ ئەو یەکانەی بەرھەمھێنانی کارەبا کە بەگازئۆیل ئیش دەکەن، نزیکە (٢٨) سەنتەو نرخی فرۆشتنی کارەبا بەھاوڵاتیان بۆ ھەر کیلۆوات کاتژمێرێک، لە (١.٢) سەنتەوە دەستپێدەکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەم جیاوازییە زۆرە، ئایا داڕشتنەوەی نرخی فرۆشتنی کارەبا بەھاوڵاتیان و سێکتەرەکانی تر جگە لە بەرزکردنەوەی نرخەکەی، چی دەگەیەنێت؟؟!!
٥- ئێمە لەپرێس کۆنفرانسەکەدا بەتەنھا ناوی وەزارەتی کارەبامان نەھێنابوو، ئەی خێرە تەنھا ئەوان کەوتنە سەر ھەززە و بەھەڵەداوان کەوتنە تۆمەت بەخشینەوەی بێ مانا و بێ بنەما؟؟!!! کە خۆشبەختانە ئەو ھەڵوێستەیان سەرەداوی تری بۆ ئاشکرا کردین!!!!!
خوێنەری بەڕێز چاوەڕێی ھەوڵی زیاتر بن لە خستنەڕووی زیاتر لەسەر کێشەی کەمیی کارەباو ھۆکارەکانی.