نوێترین

recent

29/01/2015

شەڕی بەھاکان

د.محەمەد گەناوی

تێگەیشتن،  مامەڵە،  ڕوانگە  ،وە  کاردانەوەی فکرو ھەستەکانی مرۆڤ بۆ ژیان و دنیای دەوروبەری خۆی بە ھەموو ڕەھەندە ماددی و مەعنەویەکانەوە بەھاکان لای مرۆڤ وەک تاک ئەمجار کۆمەڵ و نەتەوەکان دروست ئەکات.جۆرو چۆنیەتی مامەڵە، ئاستەکانی تێگەیشتن، وە ئەندازەی بەرفراوانی ڕوانگەکان و توانای ھەستەکان و فکر لەوانە ھەستی عەقڵ ، جیاوازی بەھاکان دیاری ئەکات لای تاکەکان،  کۆمەڵ وە نەتەوەکان.ھەرئەم جیاوازیەشە کەئەبێتە جیاوازی لەنێوان مرۆڤەکان وفەرھەنگ و شارستانی و جۆرو فۆرمی دەسەڵات و سستەمی سیاسی وئابوری و کۆمەڵایەتی. جیاوازی بەھاکان ئەتوانێ لەنێوان تاکەکانی یەک خێزان ببینرێ تا ئەگاتە خێزانێ بۆ خێزانێکی تر،  گەرەکێ بۆ گەرەکێکی تر، شارێ بۆ شارێکی تر ئەمجار گەل و وڵات و شارستانیەک بۆ گەل و وڵات و شارستانیەتیەکی تر. جیاوازی بەھاکان ھەمیشە گرژی، ناکۆکی ، حساسیەت، لەمانەش توندتر ھەتا جەنگ و بەیەکداچونی لەگەڵ خۆیا ھێناوە کە بوەتە ھۆی لەیەک دورکەوتنەوەی تاکەکان و گەلان بەپێچەوانەشەوە نزیکی بەھاکان ھەمیشە فاکتەری نزیک تر بونەوە بووە لەنێوان تاکەکان و میللەتان کەئەمە لەژیانی ڕۆژانەدا بەئاسانی ھەستی پێ ئەکرێ ، بۆ نمونە کە دوو کەس یەک روانگە و بەھای فکری یان بۆ چونی ھاوبەشیان ھەبێ زوتر ئەبنە ھاوڕێ، بۆیە ئەوانەی کە ھاوڕێن ھەمیشە بۆ یەک بەھا یان زیاتر لەبەھایەک دیدی ھاوبەشیان ھەیە وە مامەڵەو تێ گەیشتنیان بۆ دەوروبەریان ھاوشێوەن ،ئەمە لە سەر ئا ستی پە یوەندی ناو نەتەوەیش ھەر وایە . جیاوازی بەھاکان دوو حاڵەتی دەرونی لای تاک و کۆمەڵ و میللەتان دروست کردوە ئەمیش حاڵەتی ھەست کردن یا خۆبەباشتر زانین ( superiority) وە یان حاڵەتی خۆ بەکەم زانین یاخود بەکەم ببینرێ (inferiority) لای ئەو کەسانەی یان ھەتا ئەم گەلانەی کە لەرەوتی فکری انسانی، تێگەیشتن لەبنەماکانی ژیان و مرۆڤ و گەردون و مەعریفەوە دواکەوتن و گەشەی تەواویان نەکردوە ئەم دوو حاڵەتە دەرونیە خۆ بە باشتر زانین یان کەم زانین ئەبێتە بریاردەی ئاستی پەیوەندیەکان، بە داخەوە  ئەم دوو حاڵەتە دەرونیە تا ئیستا ش کە سەردەمی بە گوند بوونی  جیھانە کاریگەری ھەیە لە سەر ئاستی پەیوەندیەکان وە نزیکی لەنێوان مرۆڤەکان و گەلانا. ئەگەر تەماشای مێژوی کێشەکان و جەنگەکان بکەین چ لەسەر ئاستی ناوچەیی یان جیھانی بەئاشکرا ئەبینین کە رەگەزی بەھاکان بەجۆرێ لەجۆرەکان رۆڵیان ھەبووە، ئەگەر ھۆکاری سەرەکی جەنگەکان ئابوریش بو بێ  بەڵام لەقۆناغێکی دیاری کراوا رۆڵ دراوە بەبەھاکان، یان بۆ بردنەوەی جەنگ یان پاراستنی سەرکەوتنەکانی جەنگ. بۆنمونە پەیدابونی colonialism)) ئیمپریالیزم وەکو پێویستیەکی ئابوری بۆ وڵاتانی پێشکەوتوی پیشەسازی وە داگیرکردنی وڵاتانی دواکەوتو بە تا یبەت لە رووی ئابوری و  تکنولوجی و فکریەوە ، لەرێی شەرەوە بۆ مەبەستی ئابوری بووە بەڵام دوای داگیرکردن، وڵاتانی داگیرکەر لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی بەھاکانی نەتەوەی خۆیان ھەوڵیان داوە وڵاتانی داگیرکراو بەجۆرێ لەجۆرەکان بەبەھاکانی خۆیانەوە بلکێنن بۆئەوەی بەدروستکردنی بەھای ھاوبەش گرژی و بەرەنگاری لەلایەن وڵاتانی داگیرکراوەوە نەھێڵن یان کەمی بکەنەوە بۆ نزمترین ئاست ئیتر بەم جۆرە لەڕێگەی بردنەوەی شەری بەھاکان بتوانن براوەی شەری ئابوری و سیاسیش بن، مێژوی colony فەرەنسا لە ئەفریقیا  نمونەیە  بۆ ئەمە.
جگە لەو جەنگانەی کەئامانجی ئابوریان ھەبووە، چەندەھا جەنگی تر لەمێژودا و لە ئێستاشدا رویان داوە وە رووئەدەن کە رۆڵی ڕەگەزی بەھاکان دیارو ئاشکرا بوون ھەتا ئەگەر بەشاراوەیی ئامانجی تری ئابوری ھەبووبێ،  بۆ نمونە شەرە ئاینی و مەزھەبی و ئایدۆلۆجیەکان، ھەر لەشەری سەلیبیەکانەوە بگرە ئەمجار شەری کۆمەنیستەکان لەگەڵ دنیای سەرمایەداری تائەگاتە ئەم گرژی و شەڕانەی ئەمڕۆ لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەیە کە خەریکە ببێتە شەڕێکی جیھانی لەنێوان ئاین و مەزھەبەکانا.
لەساڵی ١٩٩٢(samuel Huntington) لەکتێبی بە یەکاچونی شارستانیەکان clash of civilizations باسی شەڕی شارستانیەکان ئەکات و پێی وایە کە جیاوازی لەنێوان شارستانیەکانا ئەبێتە ھۆی شەڕو ناکۆکی بەتایبەت پێی وایە کەشەڕ لەنێوان شارستانی ئیسلامی و شارستانی مەسیحی ڕۆژئاوایی زوو یان درەنگ روئەدات ،وەلەمەش زیاتر پێی وایە ،ئەوەی کە خاوەن بەھاکانی شارستانی ڕۆژئاوا نەبێ ناتوانرێ ببێتەھاوپەیمان بەڵام ئاماژە ناکات بەجیاوازی بەھا مەعنەوی و مادیەکانی ناو یەک شارستانی، کە تەماشای مێژوو بکەین زۆربەی شەڕو ناکۆکی تراجیدیەکان لەئەنجامی جیاوازی بەھاکانەوە روی داوە لەناو یەک شارستانی دا بۆ نمونە جەنگەکانی ئەوروپا لەناو شارستانی ئەوروپا وەھەروەھا لەئاسیا و ئەفرقیا و ھەتا لەناو شارستانی ئیسلامیشدا نمونە زۆرن .
لەساڵی ١٩٩٦ کاتێ ناوبراو میوانداری کرابوو لەزانکۆی کۆبنھاگن وەبەندەش بواری بۆ رەخسا لەنزیکەوە بیبینم ،رٍۆڵی بەھاکان وەبەرژەوەندیە ئابوری و نیشتمانیەکانی گەلان لەناو یەک شارستانی دا بوو بەبابەتی جەدەلی من و ئەو ،بۆ نمونە بەرژەوەندی ئابوری وڵاتێکی ناو شارستانی ئەوروپا لەگەڵ وڵاتێکی ئیسلامی ناو شارستانی ئیسلامی بەھای ئابوری ھاوبەش دروست ئەکا کە ناتوانێ لەگەڵ وڵاتێکی تری ناو ھەمان شارستانی خۆی ھەبێ یان پەیدای بکات. مەرج نیە ھەموو شەڕو کێشەیەک رەھەندی شارستانی ھەبێ ،چونکە  زۆربەی شەڕەکان لەسەر بەھا ئابوری و فکریەکان بوو، وە مەرجیش نیە  لەناو یەک شارستانی شەڕی بەھاو فکر نەبێ ،بۆ نمونە لەناو شارستانی ئیسلامی ھەمیشە شەڕو بەیەکاچون لەسەر بەھافکریەکان ھە بووە ،ئەمەی ئەمڕۆ ئەیبینین لەشەڕو خوێنڕێژی لەنێوان گروپە ئیسلامیەکان لەناوخۆیان وە لەگەڵ دەسەڵاتداراندا  ھەموی ڕەھەندی بەھا فکریەکانی ھەیە بەپلەی یەکەم ئەمجار ھۆکار گەلێکی تر ، ھەتا ئەگەر ھۆکارو ئامانجی تر ھەبێ بەڵام بابەتی بەھا فکریەکان بووەتە بەھانە. لەھێرشە تیرۆرستیەکەی پاریس لە( ٧/ ١/ ٢٠١٥) دا یەکەم کاردانەوەی ووتەی رەسمی فەرەنسیەکان ئەمە بوو کە (ئەمە ھێرشە بۆسەر بەھاکانی فەرەنسا) واتە ،لێرەدا بەھاکان ڕەھەندێکی میللی، نیشتمانی وە سیاسیان وەرگرت بەم مانایە ،بەھاکان سیاسەتی نیشتمانین وە  سیاسەتی نیشتمانیش بەھاکانن . زۆر لە وڵاتان و بەرپرسان و کەسایەتیە فەرھەنگی و کۆمەڵایەتیەکانی ئەوروپاش دڵنیایان لەوە کردوە، ئەمەی کە لە فەرەنسا روی دا ھێرشە بۆ سەر بەھاکانی ئەوروپا لە لایەن چەند کەسێکی ئیسلامیەوە.
چ بەرپرسانی فەرەنسی یان ئەوروپی کە باس لەبەھاکانی فەرەنسی یان ڕۆژئاوایی ئەکەن مەبەستیان  بەھا معنەویەکانی سستمی دیموکراسیە کە بریتیە لەژیانی ئاشتیانەی ھاوبەش، تەحەمولکردن (Tollerance) و لێبوردەیی.واتە، تەحەمولکردنی بەھای جیاواز وە تێگەیشتنی تاکەکان و کۆمەڵگاکان  بۆ سروشتی بونی بەھای جیاواز لەھەر مامەڵەو پەیوەندیەکا تاکە ڕێگەی بەرگریکردنە لە دروستبونی گرژی و ئاڵۆزی و شەڕ، جا لەجیاوازی بەھای تاکەکانی ناو خێزانێکەوە بیگرە تا ئەگاتە جیاوازی بەھاکان لەسەر ئاستی کۆمەڵ،  ،حزبی سیاسی، ئاین، مەزھەب، نەتەوەو  وە  پەیوەندییە جیھانیەکان.
لەجیھانی ئەمڕۆی گڵۆبالیزمدا بەھۆی خێرایی پەیوەندیەکان لەنێوان مرۆڤ و گەلانی سەر زەوی وە زیا تر نزیک بونەوەیان لەیەکتری لەھەر کات و سەردەمێکی تر ،پێویستمان بەبەھایەکی گڵۆباڵی ھەیە کە بریتیە  لەفەرھەنگی تەحەمول کردن (Tollerance) و  لێبوردەیی لە گەڵ رێز گرتن و تێگەیشتن لە ما فی بەرامبەرو جیاوازیەکان . بەھای تەحەمول کردنی یەکتر پێویستی بەفێرکردن و پەروەردە، ھۆشیاری و کارکردن ھەیە لەسەر ھەموو ئاستەکان تابتوانرێ بەھای انسانی بەرز راگیرێ. تەواوی کێشەکانی مرۆڤ و جیھان وە جەنگ و کارەسات و تراجیدیا انسانیەکان بەھۆی نەبونی (Tollerance ) تەحەمول کردن بووە بەھەردوو رەھەندی معنوی و مادی ، واتە جیاوازی قبوڵ نەکراوە تێگەیشتن نەبووە بۆ ماف و مافی جیاوازی بەرامبەر.  گەلی کورد یەکێکە لەو گەلانەی کە گەورەترین قوربانی جیاوازی بەھاکان بووە ئەم ھەموو شەڕو کارەساتەی بەسەری دا ھاتووە لەنزیکەی ٣٠٠٠ ساڵەوە تا ڕۆژی  ئەمڕۆش بەھۆی جیاوازی بەھاکانی بووە کە کورد بونە لەگەڵ دەسەڵاتە داگیرکەرەکانا، ھەتا لەسەرئاستی ناوخۆی کوردستانیش شەڕی ناوخۆ چ لەکۆندا وە لەئێستاشدا لەسەر جیاوازی بەھاکان بوو لەنێوان خێڵ و گروپ و حزبەکاندا.
جا ئەم بەھایانە، وەکو لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێ کردن مەرج نیە ھەر بەھای مەعنەوی و جیاوازی ئاین و مەزھەب و فکری بن بەڵکو بەھای ئابوریشن ، بۆ نمونە ئەمارەتێک لە ئەوسادا و لەئەمڕۆدا حزبێ یان بەناو گروپێکی سیاسی ئەیەوێ لەڕێگەی کەمکردنەوەی بەھای ئابوری وەکو (پێ نەدانی پارەو ئابڵوقە) گروپێ یان حزبێکی بەرامبەر لاواز بکات یان نەھێڵێ ھەتا ئەگەر بەپەنابردنیش بێت بۆ دوژمنانی کورد کە بە داخەوە لەمێژودا نمونەمان زۆرە .
تەحەمول نەکردنی بەھای ئابوری بۆ کەس و گەل و وڵاتان ، بەوەی کەنابێ خاوەن کەسایەتی سەربەخۆی ئابوری بن ،سەرچاوەی سەرەکی ھەرە زۆری کێشەکانە، کەلەئەنجامدا ئەم شەڕی بەھای ئابوریە ئەبێتە دەروازەیەک بۆ کردنەوەی شەڕی بەھا مەعنەویەکانیش وەکو بەھانەو پاکانەیەک بۆ شەڕی بەھای ئابوری و پەردەپۆش کردنی. نمونەی ئەمە لەکوردستاندا ڕۆژانە ئەبینین ، بۆ نمونە ئەگەر کەسێ یان حزبێ باسی خراپی بەھای ئابوری بکات بە ھۆی گەندەڵی و تاڵان کردنی سامانی نەوت و سامانەکانی تری میللەت  ئەبینین حزبی بەرامبەر لەوەڵامدا باسی کەموکوڕی و عەیبە مەعنەویەکانی کەسی یان حزبی بەرامبەر ئەکات کەپەیوەندی بەڕەھەندی بەھای ئابوریەوە نیە وەکو بابەت، بەڵکو بۆ ئەوەیە پاکانەو بەھانە بدات بۆ حاڵەتی تاڵانی. وە لە سەر ئا ستی جیھانیش بۆ  پاکانەی  شەڕی ئا بوری وەڵاتێ لە گەڵ یان لە سەر  وەڵاتێ تر ئا سان ترین بە ھانە بۆ سەر وەڵاتی ھێرش کراو یان داگیر کراو  ئەمە یە کە بڵێی فڵان وەڵات دیمکرات نیە یان رێزی ھە موو بەندەکانی مافی مڕۆڤ نا گرێ  بەرامبەر بە  خەلک یا گروپیکی دیاری کراو، وە یا ھەر  بەھانەیەکی تر  کە رەھەندی معنەوی ھە بێ  . شەڕی بەھاکان چ لەسەر ئاستی بچوک واتە بەھای بچوک لەسەر ئاستی تاک و پەیوەندی نێوان تاکەکان لەسەر ئا ستی  کۆمەڵەی بچوک وەک لەنێوان دوو کەس لە ناو یەک خێزانا یا  یەک فێرگەو دامەزراوەیەک کەپێی ئەڵێم شەڕی بەھا بچوکەکان(Micro value)  وەلەسەر ئاستی کۆمەڵ ، گەلان ، وڵاتان وە کیشوەرەکانیش کە پێی ئەڵێم (Macro value)  بەھا گەورەکان، ھەمیشە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئەبینرێن و ھەست پێ ئەکرێن.

مەبەست لەبەھا بچوک و  گەورەکان (Micro and Macro value) ئەوە نیە کەئەم بەھایەی بچوکە گرنگی نەبێ یا کەمتربێ  چونکە بنە مای بەھاکان   لە ھەر شوێنێ بێ ھە مان مانای ھە یە  ، بەڵکو ئەمەیە کەسنوری دیاریکراوی بچوکی ھەیە و کاریگەریەکەی چ باش یان خراپ سنوردارە بەلام کاریگەریان لە شوێنێکی بچوکەوە بۆ شوێنێکی  گەورە جیاوازە . بۆ نمونە کا ریگەری جیاوازی بەھاکان لەنێوان دوو ئەندامی یەک خێزان یان دوو خوێندکاری یان مامۆستای یەک پۆل و یەک قوتابخانە کاریگەری وەک جیاوازی ھەمان بەھا یان بەھاکان  نیە کە  لە سەر ئا ستی  حزبەکان ، وڵاتان، نەتەوە، کشوەرەکان  یان دوو کلتوری تەواو جیاواز ھەیە . بەھاکان بچوک بن یان گەورە  پێویست ئەکات رێزیان لێ بگیرێ قبوڵ بکرێن وە تەحەمول بکرێن ھەتا ئەو شوێنەی ئەم بەھایانە نا بنە زیان بۆ ژیان و گیان و بەرژەوەندی مرۆڤەکان. چەندە قبوڵ کردن و تەحەمول کردنی بەھاکان پێوەرە بۆ گەیشتن بەپلەی بەرزی انسانی و انسان بون بەھەمان ئەندازەش قبوڵ نەکردنی ئەو بەھایانەی کە زیان بەخشن بەمرۆڤ ، جڤات، وڵات ، بەرژ ەوەندی تاک ،گشتی وە  مرۆڤایەتی پێوەرە بۆ ھۆشیاری و نزیک بونەوەو گە یشتن   بە پلەی کا مل ( perfection)  بوونی  انسانی.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085