نوێترین

recent

04/11/2014

5سەركردەی كورد پێكەوە 200 ملیار دۆلاریان هەیە


سەرچاوەیەکی نزیک لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق ئاشکرای کردووە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا ھەندێک راپۆرتی ئامادەکردووە، کە بە وردەکارییەوە باس لە سامانی سەرکردە و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان دەکات و زۆرینەیان ئەو سامانەیان لە پاش پرۆسەی ئازادی عێراق پێکەوە ناوە.

سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات، بە پێی ئەو راپۆرتانە سامانی چەند سەرکردەیەکی عێراقی نزیکبۆتەوە لە (٧٠٠) ملیار دۆلاری ئەمریکی، ئەمە جگە لە سامانی نەگوازراوەی وەک موڵک و زەوی مۆڵی بازرگانی کۆمپانیاکانیان.

بە ئاماژە دان بە سامانی سەرکردە عێراقییەکانیش دەڵێت: سەرکردە کوردستانییەکان خاوەنی زۆرترین بڕە داھاتن و سامانەکانیان پێکەوە (٣٠٠) ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی کردووە بەوەشی، کە (٥) سەرکردەی کوردی پێکەوە خاوەنی (٢٠٠) ملیار دۆلارن و (١٠) سەرکردەی دیکەش پێکەوە سامانەکانیان لە (١٠٠) ملیار دۆلار نزیک دەبێتەوە.

دەوڵەتی یاسا پلەی دووەمی ھەیە و سامانی (٢٤) سەرکردەی ئەو لیستە نزیکی (٢١٠) ملیار دۆلارە، ئەمە جگە لە سامانی سەرکردەکانی ئەنجومەنی باڵا و رەوتی سەدر و حزبە بچوکەکانی دیکەی نێو ھاوپەیمانی نیشتمانی کە بە نزیکەی (١٠٠) ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.

ھەروەھا (٢٥) سەرکردەی سوننەکان لە پەرلەمان و حکومەت پێکەوە (١٨٠) ملیار دۆلاریان ھەیە، لە نێویاندا بە تەنھا ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق خاوەنی (٢٤) ملیار دۆلارە.

سەرچاوەکە باس لەوەش دەکات نزیکی (٦٠%)ی بەرپرسە عێراقییەکان ئامادە نین سامانی خۆیان بۆ لیژنە تایبەتمەندەکان ئاشکرا بکەن، لە پاش جێھێشتنی پۆستەکانیشیان ئامادەی ئەوە نین ئەستۆپاکی خۆیان رابگەیەنن لەوەی کە مامەڵەیان پێوەکردووە لە پارە و کەلوپەلی دەوڵەتی.

سەرچاوەکە ئەوەشی وتووە، سامانی فرەی بەرپرس و حزبە عێراقییەکان تا ئێستا رێگر بووە لە دەرکردنی یاسای حزبەکان، کە لە بەندێکیدا باس لەوە دەکات، دەبێت حزبەکان سەرچاوەی دارایی خۆیان بۆ حکومەت و دەزگای دادوەری ئاشکرابکەن.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، باڵیۆزی ئەمریکا بەم زووانە ئەو راپۆرتە بە وردەکاریەکانییەوە بۆ ڕای گشتی ئاشکرادەکات، ئەویش لە پێناوی کۆتایی ھێنان بەو مۆدێلە سیاسیەی کە سەرکردە عێراقییەکان لە حوکمدا پەیڕەوی دەکەن.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085