

لە تورکییەوە: مەسعوود مەناف
چوونی پێشمەرگە بەسەر خاکی تورکیادا بۆ کۆبانێ، ڕووداوێکی زۆر گرینگتر لەوەیە کە لە یەکەم نیگادا دێتە بەر چاو. ڕووداوێکی مێژووییە. بەڵام بۆ مەگەر پێشمەرگە کێیە؟ کۆبانێ کوێیە؟ کێن ئەوانەی کۆبانێ دەپارێزن، شەڕی بۆ دەکەن؟
کۆبانێ، شارێکی کوردستانی سووریا، یانی ڕۆژئاوایە کە مانگێکە بەرانبەر بە هێرشی داعش ڕاوەستاوە. تا ئەو ڕادەیە کە بەرخۆدانیان، گۆڕانی بەسەر سیاسەتەکانی ئەمریکادا هێنا. شارێکی کوردان کە لەسەر سنووری تورکیایە. یەپەگە؛ یەکینەکانی پاراستنی گەل، هێزیکی چەکدارە کە وەک باڵی سەربازیی پارتی یەکێتیی دێمۆکراتیک، واتە دەستەخوشکی پەکەکە لە سووریا دەناسرێ. کەوایە دەتوانین یەپەگە بە برای دوانەی هەپەگە بزانین.
بۆیە ئەو وردەکارییانە باس دەکەم تا شی بکەمەوە چۆن کۆبانێ خەریکە دەبێتە “حەماسەیەکی هاوبەشی کورد”ەکان و هەنگاوێکی هەستیار لە قۆناخی “نەتەوەسازی”ی کورددا. چەندین ڕۆژە کە لە پەرسووس و جۆڵەمێرگەوە بگرە تا ئامەد و قارس، شەڕڤانانی یەپەگە، بە واتایەکی تر “شەهیدە کورد” بەخاک دەسپێردرێن. ئەو شەهیدانەی کە لە “بەرخۆدانی کۆبانێ”دا گیانیان لەدەست داوە. تەرمەکان، لە خاڵی سنووری مورشیدپینارەوە دەهێنرێنە تورکیا و لەوێوە بەرەو شوێنی لەدایکبوون یا بەخاکسپێردرانیان ڕەوانە دەکرێن. لەو مانگەی دواییدا، کوردەکانی تورکیا و سووریا، ئەوەندەی تر ئاوێتەی یەک بوون. هەرچەند پێشووتریش هەر وابوو و جیاکردنەوەیان لە یەکدی هاسان نەبوو. ڕێووڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی “شەڕڤانانی شەهیدی کورد”، بەڵگەیەکی جوان و روون بۆ سەلمانی ئەو هەستە هاوبەشەیە.
دەربازبوونی پێشمەرگە بەسەر خاکی تورکیادا بۆ کۆبانێش بۆیە مێژووییە، چونکە لە پەراوێزی ئەم تابلۆیەدا دەقەومێ کە وێنام کرد. هەژماری ئەو پێشمەرگانەی کە دەچنە کۆبانێ، ئەوپەڕی دەگاتە ١٥٠ کەس بۆیە پێم وانییە ئەو ڕێژە، گۆڕانکێکی ئەوتۆ لە باڵانسی هێز لەم شارە ساز بکات. وێناچێ کەم و زیادبوونی ١٥٠ چەکدار، گۆڕانێکی ئەوتۆ بەسەر چارەنووسی کۆبانێدا بێنێ. ڕاستە کە گەیشتنی چەکی دژەتانک و چەند جۆرە تۆپ و تەقەمەنی، کاریگەری لەسەر بەرەکانی شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی کاراتری داعش دەبێت بەڵام دووپاتی دەکەمەوە، گرینگیی هاتنی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ و مێژوویی بوونی ئەو هەنگاوە، پێوەندی بە لایەنی سەربازی مەسەلەکەوە نییە بەڵکوو لایەنی سیمبۆلیکی ناردنی هێز و “یەکگرتوویی نەتەوەیی کورد”انە کە وەپێش هەموو ڕەهەندەکانی تر دەکەوێتەوە.
پێشمەرگە خۆی، کارنامەیەکی ئەوەندە درەوشاوەی لە بەرانبەر داعشدا لەخۆ نیشان نەداوە. مەسەلەن لە شنگال و مەخموور و زۆر شوێنی دیکە، هاوکات لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، هێزەکانی هەپەگە بوون لە پێشنیان بە داعش گرت. مەسعوود بارزانی تەنانەت لێپێچینەوەی دەربارەی ئەو فەرماندە پێشمەرگانە دەستپێکرد کە چیای شنگالیان بەجێهێشتبوو و خۆی شەخسەن، سەردانی هەپەگە- تۆ بیخوێنەوە یەپەگە-ییەکانی کرد و پیرۆزبایی لێکردن. هەر بۆیەش ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پەیەدە، بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە کە “شەڕڤانمان لازم نییە بەڵکوو چەکی قورس و کاریگەرمان لازمە”.
هەڵبەت ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە بێ شک، تورکیای چاوەڕوانی کەوتنی کۆبانێ، مومکینە حیساباتی خۆی لە ئیزندان بە دەربازبوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ هەبێ. یانی مومکینە تورکیای وای لێکدابێتەوە کە بە چوونی هێزی پێشمەرگەی هاوپەیمان، لە کاریگەریی پەیەدە کەم بکاتەوە. پەیەدەیەک کە کاربەدەستانی ئاکەپە، بە دوژمنی تورکیای دەزانن و حەز بە هێزگرتنی ناکەن.
ئەو کاتەی کە هێزی پێشمەرگە چاوەڕوانی چراسەوزی ئانکارا بۆ دەربازبوون لە خاکی تورکیای دەکرد، ئەحمەد داوودئۆغڵوو، سەرۆک وەزیری تورکیا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کاناڵی بی بی سی دەیکوت وڵاتەکەی حەز بە دیتنی سێ گرووپ لەسەر سنوورەکانی ناکات: ڕەژیمی سووریا، داعش و پەکەکە. ناوبراو هەرسێ لایەن بە دوژمنی تورکیا و سەرچاوەی مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکەی دەزانێ. ئێستا ئایا بە سەرنجدان بەوگوتانەی داوودئۆغڵوو، مۆڵەتدان بە دەربازبوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ دەبێ چۆن لێک بدەینەوە؟ دیارە مەبەست ئەوەیە کە بە ناردنی کوردەکانی هەولێر، واتە “کوردانی دۆست” بۆ کۆبانێ، باڵانسی هێز لەگەڵ “کوردەکانی دوژمنی تورکیا” رابگیرێ. یا ئەوە کە تورکیا بە کردنەوەی کۆریدۆر، ملکەچی زەخت و داوای ئەمریکا بووە. وەڵامیئەو پرسیارە هەر کامیان بێت، جیاوازییەکی ئەوتۆی نابێ بۆیە کە چوونی ١٥٠ پێشمەرگە، هەنگاوێکی سیمبۆلیک و لە هەمان کاتدا ڕووداوێکی مێژووییە. یەکەم جارە لە مێژوودا کە هێزی چەکداری پارچەیەکی کوردستان، بەسەر خاکی مەزنترین پارچەی کوردستاندا، بە مەبەستی هاوکاریکردن دەچێتە پارچەیەکی تر. تەنانەت هەوڵی دەربازکردنی نهێنیی پێشمەرگە بە خاکی کوردستانی تورکیادا بۆ پەرسووس و کۆبانێ، پاش ئەو پێشوازییە گەرمەی کە خەڵک لە هەولێرەوە تا دهۆک و زاخۆ لێیان کردن، نەیدەتوانی لە گرینگیی مێژوویی ئەو هەنگاوە کەم بکاتەوە.
لەبیرتان نەچێ کە حەوتوویەک بەر لە چوونی پێشمەرگە لە هەولێرەوە بۆ کۆبانێ، پەیمانێک لە نێوان پەیەدە و بارزانی لە دهۆک واژۆ کرا کە ڕێگەی بۆ ئەو هەنگاوەی دوایی خۆش کرد.
لەم نێوەدا دەبێ سەرنجی دیپلۆماسیی ئەمریکا و ئەورووپا[بە تایبەت ئاڵمان] سەبارەت بەو مژارە بدەین. بێ لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی ڕۆژئاواییەکان، مومکین نییە بتوانین لێکدانەوەمان بۆ گۆڕانکارییە سیاسییەکانی داهاتووی هەرێمەکە هەبێ. تماشای ئەو کردەوە سیمبۆلیکانە بکەن: ئاڵمان ڕایگەیاندووە کە تانک دەداتە هێزی پێشمەرگە. لەم لاشەوە فڕۆکەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، چەک و چۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی ئاسمانەوە دەگەیەنێتە دەستی یەپەگە لە کۆبانێ.
هاوکات “دێر شپیگێل”، شوێندانەرترین و جیددیترین گۆڤاری ئاڵمان، لە دوا ژمارەیدا، لاپەڕەی یەکەمی تایبەت کردووە بە کۆبانێ و گرینگترین نووسراوەی گۆڤارەکەشی لەژێر سەردێڕی “خەڵکێکی فەرامۆشکراو” بەو مژارە تەرخان کراوە. مەبەستی نووسەر لە خەڵکی فەرامۆشکراو، کوردەکانن کە ڕۆژئاوا خەریکە هێدی هێدی لێیان خاوەن دەردەکەوێ و تەنانەت بە قیمەتی دژکردەوەی تورکیاش، خەریکە دەرخستنی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەخاتە ڕۆژەڤ.
هاوکات، تورکیا بە دەستپێشخەری ئاکەپە، لە سایەسەری کۆبانێ، دەرفەتێکی نوێی بۆ چارەسەرکردنی بەپەلەی پرسی کورد کەوتۆتە دەست. ئەگەر لەو دەرفەتە کەڵک وەرنەگیرێ تورکیا ناچار دەبێ باجێکی قورس و مێژوویی بدات.
پێشمەرگە لە کۆبانێ و ئانکاراش لە ئۆفسایدێکی مێژوویی دایە.