نوێترین

recent

31/10/2014

پەكەكە : ئۆجەلان هەر شتێكی لێبێت توركیا نوقمی خوێن دەبێت

ووڵات نێت |

حکومەتی تورکیاو ھەدەپەش لەبارەی ھەواڵێکی میدیا کوردی و تورکیەکان لەبارەی ئۆجەلان ھاتنە دەنگ، تورکیا دەڵێن:"ئۆجەلان سەلامەتە"، ھەدەپەش دەڵێت:"سەرەتای ھەفتەی داھاتوو سەردانی دەکەین"، قەندیلیش دەڵێت:"ئۆجەلان ھەر شتێکی بەسەربێت، تورکیا نوقمی خوێن دەبێت".
ئەمڕۆ ژمارەیەک لەمیدیاکانی باشور بەسود وەرگرتن لەژمارەیەک میدیای ڕەگەزپەرستی تورکیا، ھەواڵی مردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان بڵاوکردەوە، ئەوەش نیگەرانی کوردانی لێکەوتەوە، بەڵام ھەر زوو تورکیا ھاتەسەرخەت و بەدرۆی خستەوە.
لەیەکەم کاردانەوەدا، بەکر بۆزداغ وەزیری دادی تورکیا لەسەر پەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرو فەیسبوک وەڵامیداوەتەوەو بەدرۆی خستۆتەوەو وتوویەتی:"بڵاوکردنەوەی ھەواڵی مردنی ئۆجەلان بێبناغەیەو کارێکی تێکدەرانەیە".
دوای ئەوەش پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) داوایکرد بەپەلە حکومەت ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو دەنگۆیە بدات، بەرلەوەی وڵات ڕووبەڕووی ھەر گرژیەک ببێتەوە.
لەلایەکی تریشەوە درەنگانێکی ئێوارەی ئەمڕۆ عەدنان بۆینوکاراش ڕاوێژکاری باڵای وەزیری دادی تورکیا لەسەر ھەمان بابەت و لەسەر داواکاری ھەدەپە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردۆتەوەو وتوویەتی:"ئەو ھەواڵە درۆیەو بێبنەمایە، مەبەست لەبڵاوکردنەوەشی، تەنھا بەئامانجی تێکدان و ئاژاوەنانەوەیە لەتورکیادا".
شاندی دانوسانکاری ھەدەپەش دەربارەی ئەو ھەواڵە ڕایگەیاند، کە ئەوان لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان قسەیانکردوەو وەزارەتیش ئەو ھەواڵەی ڕەتکردۆتەوە، ئاشکراشیکردووە، ئامانج لەبڵاوکردنەوەی ئەو ھەواڵە ئاژاوە نانەوەیە.
ھەدەپە وتووشیانە ھەفتەی داھاتوو شاندەکەیان دەچێتە ئیمراڵی و سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکات.
پێشتریش قەندیل ڕایگەیاندبوو، ئەگەربێت و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەمشێوە دەستبەسەریەی ئێستای ھەر شتێکی بەسەربێت، ئەوا تورکیا نوقمی خوێن دەبێت و ئەوکاتیش تەنھا حکومەت بەرپرسیاری ئەو دۆخە دەبێت.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085