
ووڵات نێت |
سەرۆكی لیژنەی ووزەو سامانە سروشتیەكان لەپەرلەمانی كوردستان ئەگەر هەرێم لەسەر ئەو پلانە بڕوات كە دایان ناوە لەبواری نەوت ئەوا دەتوانن بەداهاتی نەوت پارەی مووچە لەمساڵدا دابین بكەن.

شێركۆ جەودەت سەرۆكی لیژنەی ووزەو سامانە سروشتیەكان لەپەرلەمانی كوردستان بەشارپرێسی راگەیاند" بەپێی ئەو پلانەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دایڕشتووەو سێ مانگ پێش ئێستا خستیەڕوو دەتوانرێت لەكۆتایی ئەمساڵ بەداهاتی نەوت مووچەی فەرمانبەران دابین بكرێت تا كۆتایی ساڵی داهاتووش دەتوانن بودجە دابین بكرێت"
جەودەت ئاماژەی بەوەش كرد كە پلانەكە تاڕادەیەك چووتە پێشەوە، رونیكردەوە كە بەپێی پلانە كە ئاستی هەناردەكردنی نەوت بۆ كۆتایی ئەمساڵ رەنگە بگاتە 500 هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا.
سەبارەت بە ئەگەری ناچاربوونی عێراق بەهەرێم بۆ رێككەوتن لەپرسی نەوتدا سەرۆكی لیژنەی ووزەو سامانە سروشتیەكان لەپەرلەمانی كوردستان وتی" ئەگەر بارودۆخی عێراق بەو جۆرە بەردەوام بێت كە بارودۆخی سیاسیو ئەمنی جێگیر نییەو داعش دەستی گرتووە بەسەر چەند كێڵگەیەكی نەوتی، ئەوا حەتمەن بەغدا پێویستی بەهەرێم دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەویش بەرێككەوتن بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوكو ناوچەكانی تر لەرێگای بۆڕی هەرێمەوە"
سەبارەت بە بازرگانانی نەوتیش سەرۆكی لیژنەی ووزەو سامانە سروشتیەكان لەپەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوان ناوەكانیان رادەستی حكومەت كردوەو لێكۆڵینەوە لەو پرسە بەردەوامە، رونیشیكردەوە كە بازرگانەكان لەخەڵكی تێكەڵاو پێكهاتووە كە لەناویاندا كەسانی سیاسیو سەربازیو هاوڵاتی ئاسایی هەیە.
بەوتەی شێركۆ جەودەت لێكۆڵینەوە لەو پرسە تاقیكردنەوەیەكی گەورەیە بۆ سەروەریكردنی یاسا لەهەرێمی كوردستان، كە بەوتەی ئەو ئەم پرسە روونی دەكاتەوە.