نوێترین

recent

31/10/2014

نرخی نەوت قەیرانێكی تری دارای دروستكرد

ووڵات نێت |


نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا دابەزینی بەرچاو تۆماردەکات و پەرلەمانتارێکیش ئاماژە بە کاریگەریی ئەو دابەزینە لەسەر ھەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت: لە دابەزینی نرخی نەوتدا ھەرێمی کوردستان دووجار زەرەرمەند دەبێت.
ماوەی چەند ڕۆژێکە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا بۆ ھەر بەرمیلێک نزیکەی (٢٠) دۆلار دابەزیوەن پێشبینیش دەکرێت ئەم دابەزینە لە نرخی نەوت، ھەرێمی کوردستان دوچاری قەیرانێکی دیکە بکاتەوە، بەو پێیەی لەئێستادا بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بەو داھاتە دەبەستێت کە لە فرۆشتنی نەوتەوە دەستی دەکەوێت.
د.عیزەت سابیر سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند: ھەر وڵات و ھەرێمێک لە دابینکردنی داھاتدا پشت بەیەک سەرچاوە ببەستێت، ئەوا لەئەگەری ھەر بارودخێکی نەخوازراودا زەرەرمەندی یەکەم دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھەرێمی کوردستان دووچاری قەیرانێکی دارایی ئاڵۆز بۆتەوە، دابەزینی نرخی جیھانی نەوتیش لەئێستادا ئەو قەیرانە داراییەی ھەرێمی کوردستان ئاڵۆزتر دەکات، چونکە ھەرێم بەوپەڕی توانای خۆیەوە نەوت ھەناردەی دەرەوە دەکات، ناتوانێت لەبەرامبەر دابەزینی نرخی نەوتدا ھەناردەکردنی نەوت بۆ بازارەکانی جیھان زیاتر بکات.
باسی لەوەشکرد، بەھۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە زیاتر (٢٠٠) ملیۆن دۆلار زیانی بەردەکەوێت.
سەرۆکی لیژنەی دارایی وتیشی، ئەگەر وڵاتە بەرھەمھێنەرەکانی نەوت بەھۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە زیانیان بەرکەوێت، ئەوا بۆ ھەرێمی کوردستان زیانەکە دوو ھێندە دەبێت، چونکە ھەرێمی کوردستان وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناتوانێت مامەڵەی فرۆشتنی نەوت لەگەڵ دەوڵەتاندا بکات، بەڵکو لەڕێگەی کۆمپانیاکانەوەیەو ئەوانیش بەنرخی کەمتر لە بازاڕەکانی جیھان نەوت لە ھەرێمی کوردستان دەکڕن.
د.عیزەت بەپێویستی زانی حکومەتی ھەرێم تەنھا پشت بە نەوت نەبەستێت وەکو تاکە سەرچاوەی داھات و ھەوڵی پەرەپێدانی سەرچاوەکانی تری داھات بدات.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085