
ووڵات نێت |
نوێنەری پەیەدە لە ھەرێم داوا دەکات شەڕڤانانی یەپەگە لە کانتۆنەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان پڕچەک بکرێن تاوەکو بارودۆخی کۆبانێ لە کانتۆکانی عەفرین و جزیرە دووبارە نەبێتەوە.

غەریب حەسۆ نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکرات "پەیەدە" لەھەرێمی کوردستاند رایگەیاند: ھەریەک لە کانتۆکانی عەفرین و جزیرە لەرۆژئاوای کوردستان، ھاوسنورن لەگەڵ ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەستی چەتەکانی داعشدان.
حەسۆ ئاماژەی بەوەشدا کە ھەرچەندە تائێستا ھیچ زانیارییەکی ئەوتۆیان لەبەرداستدا نییە کە باس لە ھێرشی داعش بۆ سەر کانتۆنەکانی جزیرەو عەفرین بکات، بەڵام شەڕڤانانی یەپەگە لە ئامادەباشی تەواودان بۆ ھەر ھێرشێکی داعش بۆسەر ئەو دوو کانتۆنە.
نوێنەرەکەی "پەیەدە" وتیشی: لەئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە شەڕڤانانی یەپەگە لە کانتۆکانی عەفرین و جزیرە ئامادەی ڕووبەڕوبوونەوەی داعشن، بەڵام پێویستە ئەو ھێزانە پڕچەک بکرێن پێش ئەوەی ئەو دوو کانتۆنەش دوچاری ھەمان ئەو دۆخە ببنەوە کە ئێستا لە کۆبانێ روودەدات.
غەریب حەسۆ وتیشی، لەئێستادا شەڕو پێکدادانی قورس لە رۆژھەڵاتی کۆبانێ بەردەوامەو چەتەکانی داعش بەبەردەوامی بۆردومانی شارەکە دەکەن و لەھەوڵی ئەوەدان سەرجەم باڵەخانەکانی ئەو شارە خاپوور بکەن.