نوێترین

recent

17/09/2014

لەناو مزگەوتی پێغەمبەر پێکدادان ڕوویدا

ووڵات نێت/

دوای ئاراستەکردنی داواکاریەک لەحاجیانی جیھان بۆ ئەنجامدانی ناڕەزایی و خۆپیشاندان دژی سیاسەتەکانی سعودیە، پێکدادان لەنێوان حاجیانی شیعەو ھێزە ئەمنیەکانی ئەو وڵاتەدا ڕوویداو ژمارەیەک حاجیش ھێرشیانکرایەسەر.
مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی ھەرێم، لەپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕوونیکردۆتەوە، بەشێک لەمەرجەعە شیعەکانی عیراق و ئێران و ژمارەیەک لەسەرکردەکانی ئیخوان موسلمینی میسرو لایەنگرانی محەمەد مورسی سەرۆکی لادراوی ئەو وڵاتە کەئێستا لەتورکیاو ئەوروپا نیشتەجێن، داوایان لەحاجیانی جیھان کردوە، ناڕەزایی و خۆپیشاندان دژی سیاسەتەکانی سعودیە بەرامبەر جیھانی ئیسلامی و تێکچونی ڕەوشی سیاسی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھاوکاری گروپە سەلەفیە تەکفیریەکانی جیھان ئەنجامبدەن.
نەقشبەندی نوسیویەتی:"ئەو داواکاریە لەلایەن موفتی و ناوەندە ڕەسمی و ئاینیەکانی سعودیە بەجدی وەرگیراوە بەتایبەتی دوای ئەوەی لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا لەناو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لەشاری مەدینە گرژیی و پێکدادان لەنێوان حاجیە شیعەکان و ژمارەیەک لەھێزە ئەمنیەکاندا ڕوویداو ژمارەیەک لەحاجیانی شیعە ئازاردران".
بەگوێرەی ئەو زانیاریانە، لیژنەی باڵای سەرپەرشتی حەجی سعودیە کۆبونەوەیەکیان ئەنجامداوەو تێیدا تەئکیدکراوەتەوە، کەوا بەتوندی بەرپەرچی ھەر ئاژاوەیەک لەوەرزی حەجدا دەدرێتەوە.
موفتی سعودیەش ھۆشداری مەترسیەکانی داواکاری بۆ خۆپیشاندان ڕاگەیاندووەو وتوویەتی:"حەج عیبادەتەو یەکێکە لەفەرزەکانی ئیسلام، بۆیە ھەرکەس ھەوڵی ئاژاوەو تێکدانی ڕەوشی حاجیانی ماڵی خودا بدات ئەوە ناشەرعیەو پێویستە ئیجرائاتی یاسایی و شەرعیان بەرامبەر بگیرێتەبەر".
نەقشبەندی ئاشکرایکردووە، ئێستا لەشاری مەککە ھێزە ئەمنیەکانی سعودیە چاودێری بەردەوامی حاجیە شیعەکان لەشوێنی نیشتەجێبون و لەناو حەرەمی کەعبەدا دەکەن و ڕێگەی کۆبونەوەی گەورەیان پێنادەن و بەردەوام بڵاوەیان پێدەکەن.
پێشبینیدەکرێت ئەمساڵ نزیکەی ٢ ملیۆن کەس فەریزەی حەج ئەنجامبدەن کە ٣٠٠ ھەزار شیعەو دەیان ھەزار کەس لەئەندام و لایەنگرانی ئیخوان موسلیمینیان لەسەرتاسەری دنیا تێدایە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085