نوێترین

recent

10/09/2014

دوو کادیری یەکێتی بەتوندی وەڵامی عادل موراد دەدەنەوە

ووڵات نێت | 

دوای چاوپێکەوتنی عادل مورادو باسکردنی بەرهەم ساڵح، دوو کادیری یەکێتی نزیک لە باڵی بەرهەم ساڵح بە توندی وەلامی عادل موراد دەدەنەوە.
ئەمەش دەقی هەردوو وەڵامەکەیە:
مورادی عادل موراد!!
توانا ئه‌حمه‌د
کاک عادل، کەماوەیەکی زۆرە لێدوان و ھەڵوێستەکانی ئاماژەو نێگەرانی زۆری ھەڵگرتوە، وەجارێک نیە قسەیەک نەکاو گۆبەندێک نەنێتەوە بۆ یەکێتی و ھەڤاڵەکانی، ئەگەر بەچاوێکی رەخنەیی لە مێژوی بروانین لەناو یەَکێتی، ئەوا خودی خۆی پێویستی بە لێپرسینەوەو داگایکردن ھەیە. لەتازەترین لەچاوپێکەوتنێکیدا زۆر بەبێباکی دەڵێ ( با د. بەرھەم ساڵح جیاببێتەوە) جگە لەوەش دەیەوێت بێ مناسەبە لەپێگەو رۆڵی د. بەرھەم کەمبکاتەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی لەخۆی بپرسێت کەیەکێتی چ قازانجێک لەجیابونەوە یان کەمکردنەوەی رۆڵ و قورسایی د. بەرھەم دەکات، بۆ ئەم مەبەستەشی پەنای بۆ ھەڵبەستنی دۆرو قسەی ناراست و بێ بنەماش بردوە، بەڵام دڵنیام ئەو قسانەی عادل موردا دەربڕی لەکەسایەتی و مێژووی سیاسی ئەو دەکەن، کەپڕە لەھەڵبەزودابەرزو جیابونەوەو ئینشیقاق، ئینشیقاق لەیەکێتی لەرۆژانی سەختی خۆیدا، کەئەم پەرەوەردە سیاسیە وای لێکردوە ھەندێ جار وەکو خزمەتکارێکی ھەندێ لەنەیارانی کورد قسەو رەفتار بکات.
عادل موردا کەیەکێکە لەدامەزرێنەرانی یەکێتی لەبری ئەوەی لەم ھەلومەرجە ھەستیارەی یەکێتیدا وەکو کەسێکی خاوەن حیکمەت، پێگەو ھەڵوێستی سیاسیانەی خۆی بەکارببات و ببێتە نێوانگیری ئاشتەوایی و بەھێزکردنی یەکێتی و کۆکردنەوەو ئاراستەکردنی ھەمو توانستەکان لەخزمەتی بەھێزکردنی حزبەکەیدا، دێت لەرێی بەخەرجدانی قسەی بێ بنەماو فرۆشتنی ھەڵوێستی ھەرزانبەھا سواڵی پێگەو پۆست بۆ خۆی دەکات، ئەم ئاراستە سیاسیەی عادل موردا بەزۆنگاوێک گەیشتوە، کە لەھەمان ئەو چاوپێکەوتنەی بەلوتبەرزیەوە دەڵێ با د. بەرھەم جیاببێتەوە، مەدحی نوری مالیکی دەکات، کەئەمڕۆ بەھۆی ئەوەوە کوردستان ئابڵۆقەیەکی بێ رەحمانەی خراوەتە سەر، ھەر بەھۆی مالکیەوە پرۆسەی سیاسی گەیشتۆتە لێواری بن بەست، بەجۆرێک کەنەک کورد، بەڵکو جگە لەعادل موراد، بەشێکی زۆر لە ئەندامانی حیزبەکەی خۆشی تاوانباری دەکەن بە بێباکی و ملھوری لەبەرێوەبردنی دەوڵەتدا، بەڵام عادل موراد لەپاڵ مەدح و نیشاندانی ئاستی دۆستایەتی خۆی لەگەڵ مالیکی، بەبێ ویژدانی قسە لەبارەی د. بەرھەم دەکات، وەکو ئەوەی ئەم حەکیم بێت و خەڵکی تریش نەخۆش، لەکاتێکدا ئەم حەکیمە خۆی ھەڵگری چەندین فایرۆسی نەخۆشە، لە رابردوو ئێستای یەکێـتیدا، ئەمەش دەرخەری شوناسی کەسێکە ئامادەیە بەرژوەندی میللەت و حزبەکەی بەھەرزانبەھایی لەگەڵ نەیارانی ئاڵوگۆڕ بکات، ئەگینا قازانجی یەکێتی لەجیابونەوەی نەک د.بەرھەم، بەڵکو ئەندامێکی ئاسایی خۆیشی لەکوێدایە، شکاندنی ھاوسەنگەرانی خۆت لەمیدیای عەرەبی و جیھانی چ خزمەتێک بەکورد و یەکێتی دەکات، نیشاندانی رایەکی ناکۆک بە کۆدەنگی سەرکردایەتی کورد لەم وەختەدا، خزمەت بەچ ئاراستەیەکی دەکات.
چ پرەنسیپێکی حزبی رێگە بەوەدەدات تا عادل مورادی دامەزرێنەری بانگەشەی بۆ بکات، بۆیە دەمکوتکردنی عادل موراد لەم ساتەوەختە پێویستیەکی ناوخۆی یەکێتیە، بەتایبەتی لەلایەن ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتیەوە چونکە ئەو بێ مۆڕاڵیەی لەپشت قسەکانی عادل موراد وەستاوە، پێویستی بەوەیە دەمکوتبکرێت…
عادل موراد ئەوەی ئینشیقاقی لەمام جەلال کرد!
لاوه‌ند نه‌وزاد
توومەز یەکێتی کەوتۆتە دەست عادل موراد، ئێستا ئەو بڕیار دەدات کێ لەناو یەکێتی بمێنێتەوەو کێ بڕوات؟
توومەز زەمانەکە وای لێھات، عادل مورادێک کە ئینشیقاقی لەمام جەلال کردو لێی ھەڵگەڕایەوە، ئێستا ئەو بە د.بەرھەم ساڵح دەڵێ با بڕوات! ئەو د.بەرھەم ساڵح-ە ی مام جەلال کردی بەجێگری خۆی..
کێشە د.بەرھەم ساڵح نییە کە عادل موراد پێی وایە دەتوانێ بەڕێی بکات، بە ڵام کێشە ئەوەیە کەم سەرکردەی دیاری یەکێتی ھەیە، عادل موراد دژایەتی نەکردبێت، بەخودی جەنابی مام و ماڵی مامیشەوە.
کەم مەسەلەی نەتەوەیی ھەیە، عادل موراد دژی نەبووبێت.
دەمی ئەو پیاوە داخەن با چیتر زەرەر لەیەکێتی و لەکورد نەدات، عادل مورادی ئەمڕۆ، نە دڵسۆزی کەسە، نە دڵسۆزی میللەتەکەیەتی.
عادل موراد، لەیاریزانێکی تۆپی پێ دەچێ کە تەمەنی یاری کردنی بەسەر چووەو ناتوانێ گۆڵ لە تیمی بەرامبەر بکات، بەڵام ھەر بۆ ئەوەی بڵێن یاریی پێ ماوە، گۆڵ لەتیمی خۆی و میللەتی خۆی دەکات!
عادل موراد، کە تووشی حاڵەتێکی خراپی “خۆ بەگەورە زانین” بووە، ھەمووی چەند مانگێک پێش ئێستا چووە لای مالیکی و واشی بڵاو کردەوە کە لەبەرخاتری ئەو، مالیکی مووچەی کوردستان دەنێرێت، بەڵام ھەر زوو نووسینگەی مالیکی وەڵامی دایەوە کە ئەم ھەواڵە راست نییە. پاشانیش دەرکەوت کە بۆ داواکارییەکی شەخسی خۆی چۆتە لای مالیکی.
ئەو عادل مورادەی کە ئینشیقاقی لەمام جەلال کرد، بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆی، ھەر رۆژەو خۆی لەکەس و لایەنێک نزیک دەکاتەوە: رۆژێک دژی چەند سەرکردەیەکی یەکێتییە و لەچەند سەرکردەیەکی تر نزیکە، دوای ماوەیەک پێچەوانەی دەکاتەوە.
رۆژێک نزیکی گۆڕانە، پاشان دژی گۆڕانە.
ماوەیەک گەورەترین دژایەتی پەکەکە دەکات، پاشان خۆی دەکا بەپارێزەریان!
ئەو عادل مورادە بۆ کەس ماڵ نییە، چونکە ماڵەکەی ئەو لەدەرەوەی یەکڕیزی یەکێتییە.
بەڵێ، ئەمە ئەو عادل مورادەیە کە ئینشیقاقی لە مام جەلال کرد!

Picsart-24-02-23-21-31-09-085