نوێترین

recent

10/09/2014

نرخی بەنزین كرا بە ٨٠٠ دینار

ووڵات نێت|

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەرانیدا پارێزگاری كەركوك نەجەمەدین كەرێم رایگەیاند: "لە رۆژی یەكشەممەی داهاتووە نرخی بەنزین بۆ هەر لیترێك بۆ ٨٠٠ دینار دادەبەزێ و لە گشت بەنزینخانە ئەهلییەكانی ئەو شارە بەهەمان نرخ دابەشدەكرێت."
بە پێی لێدوانی پارێزگای كەركوك بەنزینەكە بە شێوەی كۆبۆن بەسەر هاوڵاتیان دابەشدەكرێت و هەفتانە بۆ هەر ئۆتۆمبێلێكی تایبەت 40 لیتر و بۆ تەكسی و ئۆتۆمبێلەكانی كەرتی گشتی 80 لیتر دەبێت.
پارێزگاری كەركوك ئەوەشی راگەیاند: "بەپێی ئەو گرێبەستانەی كە ئەوان لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی گواستنەوەی سووتەمەنی واژویان كردووە جۆری ئەو بەنزینەی كە دێتە شاری كەركوك كوالیتی بەرزە.
لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیدا كە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بە وەكالەت و بەرپرسانی سوتەمەنی لەو شارە ئامادەی بوون، پارێزگاری كەركوك جەختی كردەوە كە ئەو بڕیارەی ئەوان تا ئەو كاتەیە كە پاڵاوگەی بێجی بەرەهەمەكانی دەگاتە كەركوك.
ئێستا لە شاری كەركوك بۆ هەر لترێكی بەنزین ١٢٥٠ بۆ ١٤٠٠ دینارە لەگەڵ ئەوەشدا جۆر و كوالیتی بەنزینەكان وەك پێویست نییە و شۆفێران لێ نارازیین.
قەیرانی بەنزین لە كوردستان و ناوچە كێشەلەسەرەكان بە هۆی دەستبەسەرداگرتنی پاڵاوگەی بێجی لە لایەن چەكدارانی رێكخراوی داعش سەری هەڵدا.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085