نوێترین

recent

14/09/2014

پارتی خۆی یه‌کلاکرده‌وه‌

ووڵات نێت/

ئه‌ندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی دەڵێت، هەرکام لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی لە نێو ئیدارەی پارێزگای سلێمانیدا نەبن، ئەوا سەقامگیری نایەتە ئاراوە و لە وەها دۆخێکیشدا گرینگە کە ئارامی و سەقامگیری لە هەر ناوچەیەکی کوردستان بەرجەستە ببێت، ناشیشارێتەوە کە بە هۆی مامەڵەی چەند ساڵەی یەكێتیه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان لە سلێمانی بەرامبەر پارتییەکان، دەنگ بە گۆڕان دەدەن.

بروسك نووری شاوه‌یس، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی  لە لێدوانێكدا بۆسایتی ره‌سمی حزبه‌كه‌یان وتی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین گۆڕان و یەكێتی ڕێك بكەون و وەك پارتی ئەگەر پۆستیشمان نەدەنێ رازین، گلەییشمان لە یەكگرتوو و كۆمەڵ كردووە كە چوار ساڵ هاوپەیمانی گۆڕان بوون و ئێستایش لە پشگیرییان پاشگەز بوونەتەوە".

روونی کردەوە: "گۆڕان و یەكێتی رێك نەكەون، ئەم ئەنجوومەنە ئارام نابێت، بۆیە ئارامی لە پۆست گرنگترە، بە كەسیشمان نەوتووە دەنگ بە كێ بدەن و ئەگەر پرۆسەكەیش بكەوێتە دەنگدانەوە، ئێمە بەڵێنمان داوە دەنگ بە گۆڕان دەدەین و پارتی تا نیوەی رێگە لەگەڵ كەس ناڕوات، بەڵكە تا سەر دەڕوات".

ئەو هەروەها دەشڵێت، "هۆكاری دەنگدان بە گۆڕانیش، بۆ ئەو مامەڵەیەی یەكێتی دەگەڕێتەوە كە لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ پارتی كردوویانە لە ئیدارەی سلێمانی و بە هاوڵاتیی پلە دوویش هەژمار نەكراون".

ئەو جەختی کردەوە: "رای پارتی ئەوەیە کە، 10 ساڵ وتووێژ چاکترە لە ململانێیەک کە کارەساتی بۆ شارەکە بەدوادا بێت، بۆیە پێمان باشترە هەروەک چۆن 80 رۆژە ئەو دوو لایەنە براوەیەی سلێمانی کە جەماوەری خۆیانیان هەیە رێک نەکەوتوون، با هەفتەیەک دە رۆژی دیکەیش گفتوگۆ بکەن تا رێک بکەون، بەڵام ئەگەر بڕیار بێ رێک نەکەون و ئەو پرسە بخرێتە دەنگدانەوە، ئەوا ئەو کات دەنگ دەدەین بە گۆڕان".

هۆکاری ئەوەیشی کە ئەگەر پۆستی پارێزگار بخرێتە دەنگدانەوە و دەنگی پارتی بۆ گۆڕان دەبێت، ڕشکاوانە وتی: "یەكێتی بەرنامەی ئەوە بووە پارتی لە ئیدارەی سلێمانیدا پشتگوێ بخات، بۆیە ئەم سیاسەتە لە لایەن لایەنگرانی پارتییەوە رەتدەكرێتەوە".

وتیشی: "ئەم بڕیارەمان کە بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارێزگای سلێمانییە، دەرهاوێشتەی شێوازی مامەڵەی چەند ساڵەی یەکێتییە لە سلێمانی بەرامبەر بە ئەندامان و جەماوەری پارتی، لەسەر ئەو بنەمایەش کە تا نیوەی رێگا لەگەڵ کەس و هیچ لایەنێکدا ناڕۆین و بەڵێنمان تا سەر دەبێت و دەنگی خۆمان دەدەین بە گۆڕان".

وتیشی: "برادەرانی یەکێتی لە پەنا رێککەوتنی ستراتیژییەوە، لە چەند ساڵی رابردوودا ئیش و کاری ئەوە بووە پارتی لەو شارەدا پشتگوێ بخات و هەوڵیداوە ئەندام و کادیرانی لە کۆی ناوەندەکان بۆ خۆی رابکێشێت".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085