نوێترین

recent

17/09/2014

سلێمانی؛ رۆژانە شەش تووشبووی شێرپەنجە تۆماردەکرێت

ووڵات نێت |

نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی یەكێكە لە سەنتەرەكانی چارەسەری تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە و لە رووی زانستییەوە لەسەر ئاستی عێراق لە پلەی یەكەمدایە و لە رووی ژمارەی سەردانكردنی نەخۆشیشەوە پلەی دووەمی گرتووە.
لە ساڵی 2013دا دوو هەزار و ٤٠٠ تووشبووی شێرچەنجە سەردانی كردووە و چارەسەری بۆكراوە.
لە 2014شدا لە ماوەی هەشت مانگدا هەزار و ٤٥٠ نەخۆش رووی لەو نەخۆشخانەیە كردووە كە لەو رێژەیە %30ی هاوڵاتی شارەكانی دیکەی عێراقە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا د. دۆستی نەجات، رایگەیاند کە ساڵانە رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە لە جیهاندا لە زیادبووندایە و لە هیواش رۆژانە زیاتر لە شەش كەس داخڵ دەكرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد کە %23ی تووشبووانی شێرپەنجە لە سلێمانی شێرپەنجەی مەمكە لە خانماندا و وتی “رێژەی تووشبوونی خانمان لە كوردستان كەمترە لەچاو جیهاندا، بەوەی بەپێی لێكۆڵینەوەكان لە هەشت ژن لە جیهاندا، بەپێی تێپەڕبوونی تەمەن یەكێكیان تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبێ، بەڵام لە كوردستان لە 16 ژن یەكێكیان تووشدەبێ.”
د. دۆستی وتی “لە كوردستان لە چاو جیهان رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە كەمترە، بەڵام رێژەی مردنی ئەو نەخۆشانە لە كوردستان زیاترە.”
هۆكاری ئەوەشی بۆ ناهۆشیاری تەندروستی و كەمی رۆشنبیریی تەندروستی گەڕاندەوە و وتی “نەخۆش كاتێك دێ بۆ لامان كە ئاستی نەخۆشییەكەی چووەتە پلەكانی 3 و 4ەوە، كە ئەو قۆناغە چارەسەری گرانترە.”
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئاماژەی بەوەکرد کە لە جیهاندا لە 100 كەسی توشبوو بە شێرپەنجە زیاتر لە 40 كەسیان دەمرن، بەڵام رێژەكە لێرە لەوەش زیاترە.
دەربارەی تێچووی چارەسەری نەخۆشەكانیان، ناوبراو رایگەیاند کە چارەسەری هەر نەخۆشێكی شێرپەنجەی مەمك زیاتر لە 200,000$ی تێدەچێ و ساڵانە نەخۆشخانەی هیوا زیاتر لە 100ملیۆن دۆلاری پێویستە بۆ چارەسەری نەخۆشەكانی.
پسپۆڕێكی چارەسەری نەخۆشییەكانی خوێن و شێرپەنجە هۆكارەكانی زیادبوونی نەخۆشییەكە رووندەكاتەوە و دەڵێ، بەپێی لێكۆڵینەوەی رێكخراوی تەندروستی جیهانیی ساڵی 2030 شێرپەنجە لە جیهاندا بە رێژەی %60 لەچاو ئێستادا زیاد دەكا.
د.هاژە عبدوڵڵا كە سەرقاڵی بینینی نەخۆشەكانی بوو لە نەخۆشخانەی هیوا و و دەیان كەس لە سەرەی چوونە ژوورەوەدابوون بۆلای، لە دەرفەتێکدا وەڵامی چەند پرسیارێكی ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە.
سەرەتا هۆكارەكانی زیادبوونی نەخۆشییەكەی روونكردەوە و وتی “هۆكارەكان زۆر و جیاوازن، بەڵام هۆكارە سەرەكییەكان پیسبوونی ژینگە و خواردنە خێراكان و جگەرەكێشان و خواردنەوە كحولییەكان و بەكارهێنانی هۆرمۆناتە بە تایبەت لای خانمان.”
لەبارەی هۆكارەكانی خۆپاراستن و كەمكردنەوەی نەخۆشییەكەش، باسی لەوەکرد کە دووركەوتنەوە لەو هۆكارانەی سەرەوە هۆكارێكی سەرەكین بۆ خۆپاراستن، جگە لەوانەش پشكنینی پێشوەختە گرنگە، بەو هۆیە دەتوانن پێش نەخۆشییەكە یان لە قۆناغەكانی سەرەتادا نەخۆشییەكە دیاری بكرێ، كە ئەو كاتە چارەسەرەكەی ئاسانە.
نەخۆشی شێرپەنجە یەكێكە لە بڵاوترین و كوشندەترین نەخۆشییەكان لە جیهاندا و ساڵانە 2.7 ملێۆن كەس تووشی دەبن و لەو رێژەیەش %45یان گیان لەدەست دەدەن.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085