
حکومەتی ئەمریکا هەوڵدەدات حکومەتی عێراق ناچار بکات گرێبەستەکانی وزەی هەرێمی کوردستان قبوڵ بکات، کە بەغدا بە نایاسایی دەزانێت.
بەگوێرەی پێگەی هەواڵی ماڵپەڕی The Cradle ، ئەمریکا لە چەند هەفتەی داهاتودا فشاری دیپلۆماسی زیاتر دەخاتە سەر حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ پەسەندکردنی گرێبەستە غازییەکان کە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە واژۆکراون، ئەو ڕێکەوتنانەی کە بەغدا بە پێشێلکردنی یاسایی وڵاتەکەی دەزانێت و ڕەوایەتیان پێنادات.
ئەم گرێبەستانە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان واژۆ کران بە ئامانجی پەرەپێدانی کێڵگەکانی غازی سروشتی لەهەرێمی کوردستان و وەڵامدانەوەی قەیرانی درێژخایەنی وزەی عێراق، بەڵام پێشتر حکومەتی عێراق ڕایگەیاندبوو، ئەو گرێبەستانە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت واژۆکراون و ناکۆکن لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق.
لە پشت فشاری ئەمریکاوە
بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییان بە بەرپرسانی عێراقەوە کردوە بۆ ئەوەی داوایان لێبکەن ڕێبازێکی "بنیاتنەرتر" بگرنەبەر بۆ پڕۆژەکانی غازی هەرێمی کوردستان، واشنتۆن پێی وایە پەرەپێدانی توانای گاز لە هەرێمی کوردستان دەتوانێت پشتبەستنی وڵات بە هاوردەکردنی وزە لە ئێرانەوە کەم بکاتەوە، ئەمەش پرسێکی گرنگی ستراتیژی هەیە بۆ سیاسەتی وزەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە ڕۆژنامەی(The Cradle)ی وتووە: “ئەگەر عێراق بیەوێت خۆبژێوی وزە بەدەستبهێنێت، دەبێت ڕێگە بدات ئەم پڕۆژانە بەبێ بەربەست بەردەوام بن”.
وەڵامدانەوەی حکومەتی عێراق و چوارچێوەی یاسایی
حکومەتی عێراق پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، بەپێی دەستور و بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی ساڵی 2022، دەبێت گرێبەستی نەوت و گاز لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە ئەنجامبدرێت.
لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بڕیارەی ڕەتکردوەتەوە و لەسەر بنەمای لێکدانەوەی خۆی بۆ دەستور، خۆی بە مافی واژۆکردنی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دەزانێت.
لە نێو ئەو کۆمپانیایانەدا کە کەوتونەتە هاوکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای داناغازی ئیماراتی و کۆمپانیای ئەمریکی ئێچ کەی ئێن ئینێرجی هەن، ئەم کۆمپانیایانە لەئێستادا سەرقاڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەی وەبەرهێنانی غازن لەو ناوچانەی کە لەلایەن هەولێرەوە کۆنترۆڵکراون.
ئاسۆی قەیرانی وزە لە عێراق
عێراق لە هاویندا ڕوبەڕوی پچڕانی بەرفراوانی کارەبا دەبێتەوە و بەشێکی زۆری ئەو غازەی کە وێستگەکانی کارەبا بەکاردەهێنێت لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، پڕۆژەکانی غازی هەرێمی کوردستان دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن لە کەمکردنەوەی ئەم وابەستەییە، بەڵام گرژییە سیاسی و یاساییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر هێشتا وەک بەربەستێکی گەورە لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەدا ماونەتەوە.
شرۆڤەکاران هۆشداری دەدەن لەوەی کە زیادبونی فشاری دەرەکی بەتایبەتی لەلایەن ئەمریکاوە، ڕەنگە بۆشایی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە قوڵتر بکاتەوە، نەک جیاوازییەکان کەم بکاتەوە، هەروەها ڕەنگە ئاڵنگارییەکی گەورەتر بۆ سەقامگیری سیاسی عێراق دروست بکات.
شەپۆل مامەش