
ووڵات نێت |
سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند :"ئه‌مجاره‌ش كورد به فشاری ئه‌مریكییه‌كان به‌شداری له حكومه‌تی عێراق كرد."
فه‌خره‌دین قادر سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی له رووداوه‌كانی شه‌نگال كردووه و ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه :"له‌و كاته‌ی كه زۆرێك له ئێزدییه‌كان ئاواره‌بوون و رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی مرۆیی بوونه‌وه، په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری وڵاتانی بیانی دیداری ئه‌نجامدا بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری پێویست بگه‌یه‌نرێته لێقه‌وماوان، هه‌روه‌ها كاریشمان له‌سه‌ر پرسی كه‌یسی شه‌نگال كردووه بۆ به جینۆساید ناساندنی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، له‌و كاته‌دا په‌رله‌مانی كوردستان سێ لیژنه‌ی راسپارد، مافی مرۆڤ و لیژنه‌ی ئافره‌تان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی دواتر له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمیش دانیشتین و گه‌یشتینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مان و حكومه‌ت كار بۆ كه‌یسی شه‌نگال و رووداوه‌كانی دیكه بكه‌ین كه به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ماندا هاتووه."
سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان وتی :"سه‌رۆكی په‌رله‌مان و لیژنه‌ی مافی مرۆڤ و ئافره‌تان و نوێنه‌ری پێكهاته ئاینییه‌كان له سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ هۆڵه‌ندا، دیكۆمێنتی باشیان پێیه، ده‌مانه‌وێت كه‌یسی شنگال له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی زیاتر كاری له‌سه‌ر بكه‌ین."
سه‌باره‌ت به‌دروستكردنی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن و به‌ڕێوه‌بردنى پڕۆسه‌ی ریفراندۆم، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه‌ى خستۆته‌ڕوو :"له په‌رله‌مانی كوردستان جه‌ختمان له‌سه‌ر پاراستنی ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ته‌وه، كه ئێستا له لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه ده‌پارێزرێن، پێشمه‌رگه‌ش ناكشێته‌وه، بۆ راپرسیش به ئاگاداری حكومه‌تی ناوه‌ند كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی راپرسی بكه‌ین وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان."
سه‌باره‌ت به به‌شداری كورد له كابینه‌ی نوێی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سكرتێری په‌رله‌مان وتى: "كورد ده‌نگی به كابینه‌كه نه‌داوه."
وتیشی :"تێبینی جدیمان له‌سه‌ر كابینه‌ی عه‌بادی هه‌یه، به‌شداریكردنمان له‌و كابینه‌یه‌ش به نێوه‌ندگیری ئه‌مریكا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بووه، هه‌رچه‌نده من زۆر گه‌شبین نیم به حكومه‌تی عێراق چونكه ئه‌زموونی خراپمان له‌گه‌ڵ كابینه‌كانی دیكه هه‌یه."
ناوبراو باسی له‌وه‌شكردووه كه به‌زۆر لكانی كورد به حكومه‌تی عێراقه‌وه درێژه ناكێشێت، چونكه بڕیاره‌كان جێبه‌جێ نه‌كراون، ئه‌وه‌ش واده‌كات دواجار ببنه خاوه‌ن كیانی خۆیان. "ده‌بێت كار له‌سه‌ر ئه‌و كیانه بكه‌ین له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش".