

ووڵات نێت/
بەھەزاران ھاوڵاتی کورد لەناوچە جیاجیاکانی سعودیە ژیان بەسەردەبەن و باس لەوەشدەکرێت، نوسراوی (لا إلە إلا اللە محمد رسول اللە)ی ناو ئاڵای ئەو وڵاتە، لەلایەن خۆشنوسێکی کوردەوە نوسراوە.
مەریوان نەقشبەندی وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی ھەرێم، کە ئێستا لەوڵاتی سعودیەیە، ئاشکرایکردووە، بەپێی چەند سەرچاوەیەکی مێژویی و گفتوگۆکانی لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی ئیسلامی و ئەکادیمی لەشاری مەدینە، بۆی دەرکەوتووە کورد مامەڵەو مێژوویەکی دێرینی لەگەڵ حیجازو شانشینی عەرەبستانی سعودیەدا ھەیە.
نەقشبەندی لەپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی:" ئێستا نزیکەی ھەزار خێزانی کورد کە ژمارەیان نزیکەی چوار ھەزار کەس دەبێت، لەشارو ناوچە جیاجیاکانی سعودیە نیشتەجێن و ڕۆڵیان ھەیە لەزانکۆو نەخۆشخانەو لایەنی ڕۆشنبیریی و پیشەیی و ئابوریی ئەو وڵاتەو ژمارەیەکیش بۆ خوێندنی ئیسلامی و دەستەبەرکردنی بڕوانامەی باڵای ئیسلامی ھاتوونەتە سعودیە"، بەڵام تائێستا ھیچ لەو کوردانە ڕەگەزنامەی سعودییان پێنەدراوە، بەڵکو تەنھا ئیقامەیان ھەیە.
بەگوێرەی نوسینەکەی نەقشبەندی، ھەندێک سەرچاوەی مێژوویی ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن ئەو شمشێرەو نوسینی (لا إلە إلا اللە محمد رسول اللە) کە لەسەر ئاڵای سعودیە نەخشێنراوە، بۆ یەکەمجار لەلایەن خۆشنوسێکی کوردی خەڵکی ھەولێر لەساڵی ١٩٣٤ نوسراوە.
بەوتەی مەریوان نەقشبەندی، چەند شوێنەوارێکی ڕۆشنبیریی ئیسلامی کوردیش لەشاری مەدینە دۆزراوەتەوە، وەک (البیت الکوردی) و ئێستاش شوێنەوارناسانی سعودیە لێکۆڵینەوە لەسەر ڕۆڵ و مێژووەکەی دەکەن.
ئەوەشی ئاشکراکردووە، بەدەیان کوردی باکوورو ڕۆژئاوای کوردستانیش، بۆ کارکردن ڕوویانکردۆتە سعودیەو لەشارە گەورەکانی ئەو وڵاتە نیشتەجێن.