نوێترین

recent

10/09/2014

د.بەختیار شاوەیس : ئێستا زانیتان بۆ مام جەلال لە بە غدا بوو ؟

ووڵات نێت |
د.بەختیار شاوەیس ئەندامی فراكسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت ئەوەی شوێنی نیگەرانی و تێرامانە، لاوازی و پەرێزی لایەنی كوردی بوو لەم گێمەی دانوستان تا پێكهێنانی حكومەتی پێنجەمی عیراق، بە بەرچاوی دنیاوە عەبادی و 178 پەرلەمانتاری شیعە و سونە بەوپەری بێباكیەوە سەرگەرمی راگەیاندنی حكومەتەكەیان بوون ، دەشڵێت ئەوەی لەم نێوەندەدا گۆراوە ئامادەنەبوونی سەرۆك تاڵەبانیە لەبەغدا، هەربۆیە ئێستا حەق وایە هەموو لایەك بزانێت كە مام جەلال بۆ پۆست لەبەغدا نەبوو بەڵكو بۆ پركردنەوەی ئەو كەلێنانە بوو كە ئێستا بە هەمووان نەیانتوانی پڕیبكەنەوە.
د.بەختیار جەبار شاوەیس لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ سایتی ئەنجومەنی ناوەندی PUKcc.net رایگەياند:” دواجار د.عەبادی متمانەی كابینەكەی بە دەستهیناو ئێمەی پەرلەمانتارانی كوردیش گەراینەوە كوردستان، ئەوەی شوێنی نیگەرانی و تێرامانە، لاوازی و پەرێزی لایەنی كوردی بوو لەم گێمەی دانوستان تا پێكهێنانی حكومەتی پێنجەمی عیراق، بەشێوەیەك ئێمەی نوێنەرانی كورد لە كافتریای پەرلەمانی عیراق چاوەروانی كۆتایهاتنی كوبونەوەی سەركردایەتی سیاسی كوردستان بووین ، بۆئەوەی بزانین بەشداری دەكەین یان نا ، بە بەرچاوی دنیاوە عەبادی و 178 پەرلەمانتاری شیعە و سونە بەوپەری بێباكیەوە سەرگەرمی راگەیاندنی حكومەتەكەیان بوون. لەماوەی 8 جار دانیشتنی دانوستانكارانی كورد لەگەڵ وەفدی خانەخوێ‌، ئەوان بەتەنها داواكارییەكی ئێمە رازینەبوون و دواجار بەمەرجی 3مانگی بەبێ‌ ئەوەی لایەنی بەرامبەر ئاگای لەمەبێت جوینەهۆڵی پەرلەمانەوە.
شاوەیس لە لێدوانەكەیدا بەچەند خاڵێك جیاوازی دانوستانی خولەكانی رابردوو ئەم خولەی پێكهێنانی حكومەتی خستەڕوو و لەوبارەوە وتی:” لەخولەكانی رابردوودا، زوربەی دانوستانەكان لەماڵی ئێمەولەكۆتایدا ماڵی سەلامی سەرۆكە كوردەكە یەكلایدەكردەوە و بەرنامەی كاری حكومەت بە كارنامەی (19) خاڵی و زیاتر لەداخوازیەكانی كورد رەنگرێژ دەكرا، هەروەهاپۆستی وەزاری و وەزیرەكانمان لەلایەن ئەوانەوە بۆ دیاری نەدەكرا ، بەڵكو خۆمان لەدوای گفتوگۆ ئەوەی بەباشمان دەزانی بەدەستمان دەهێنا.
ئاماژەی بۆئەوەشكرد: لەناوهەموو ئەم بێباكیانەی ئەوان و بێ ئاكامیانەی ئێمەدا، تاكە شتێك كەوەك دەستكەوتی كورد هێمای بۆ دەكرێت لابردنی مالكیە و هەندێك بە گوشاری كوردی دادەنێن، بێئاگا لەوەی كەئەوەی سەرۆك وەزیرانی پێشووی لابرد داعش بوو نەك ئێمە. حاڵەتێك كە دواجار پێگەی سونەی بەهێز كرد ودەسكەوتەكانیشی زیاد كرد تاگەشتە 9 وەزارەت كە دووهێندەی پشكی كوردە. هەموو هەڵە ستراتیژی و تاكتیكیەكانی رابردوو هەر لەلێدوانی ئاگرین تا دانوستانی نەزۆك، كارێكی كرد كە دەوڵەتی كوردی نەك لەواقع نزینەكردەوە ، بەڵكو نەتوانین بڵێین خەونی پێوە دەبینین.
ئەو نوێنەرەی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكراشیكرد: هەموو ئەمانە لەكاتیكدایە كە ژمارەی كورسیەكانی ئێمە لەم خولەی پەرلەمان لەهەردوو خولی پێشتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق زیاترە، بەڵام ئەوەی لەم نێوەندەدا گۆراوە ئامادەنەبوونی سەرۆك تاڵەبانیە لەبەغدا، هەربۆیە ئێستا حەق وایە هەموو لایەك بزانێت كە مام جەلال بۆ پۆست لەبەغدا نەبوو بەڵكو بۆ پركردنەوەی ئەو كەلێنانە بوو كە ئێستا بە هەمووان نەیانتوانی پریبكەنەوە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085