نوێترین

recent

10/09/2014

زانا رۆستایی چەند نھێنێکی وەفدی دانوستانکار ئاشکرا دەکات

ووڵات نێت | SNN

ئەندامێکی وەفدی دانووستانکاری کورد لەگەڵ بەغدا دەڵێت، ھیچ رێکەوتنێک لەبەغدا نەکراوەو بێمتمانەییەکی زۆریش لەنێوان کوردو حکومەتەکەی عەبادی ھەیەو ئەوانیش پەلەیان بووە لەوەی کورد زوو ناوی کاندیدەکانی پێشکەش بکات، راشیدەگەیەنێت، دەتوانرێت لەو سێ مانگەدا بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر بکرێن.

کورد تاک لایەنە مەرجی داناوەزانا رۆستایی ئەندامی وەفدی دانووستانکاری کورد لەگەڵ بەغدا لەلێدوانێکدا بۆ (SNN) لەبارەی مەرجەکانی کورد کەتاک لایەنە دایناوەو عەبادی ئیمزای لەسەر نەکردووە تاچەند جێبەجێی دەکات وتی، لەبەرئەوەی بێ متمانەییەکی زۆر ھەیە لەنێوان کوردو حکومەتەکەی عەبادی و لەگفتوگۆکانی ماوەی رابردووشدا ھیچ رێکەوتنێک ئەنجام نەدرا، بۆیە کورد چەند مەرجێکی راگەیاند کەبەو شێوەیە بەشداری حکومەت دەکات و ماوەی سێ مانگیش دەداتە بەغدا بۆ ئەوەی مەرجەکانی جێبەجێ بکات .
وتیشی، لەو ماوەیەدا چاوەڕوان دەبین تابزانین عەبادی تاچەند ئەرکەکانی سەرشانی جێبەجێ دەکات و نیازپاکی بەرامبەر کورد پیشان دەدات، ھاوکات لەو رووەشەوە کوردی ھاوکاری دەکات، بەڵام ئەگەر دوای ئەو سێ مانگە گەیشتینە ئەوەی جیاوازییەک لەگەڵ حکومەتی رابردوودا نییەو ھەمان سیاسیەتی پێشوو پەیڕەو دەکات، ئەو کاتە کورد سەرپشک و ئازادە لەکشانەوە لەو حکومەتە یاخود ھەر رێوشوێنێکی تر بگرێتەبەر .

ناوی وەزیرە کوردەکانسەبارەت بەوە عەبادی چۆن توانیویەتی ناوی چەند کەسایەتییەک وەک وەزیر لەناو ئەنجومەنی نوێنەران بھێنێت و دەنگیان لەسەر بدرێت، لەکاتێکدا کورد بەڕەسمی ئەو ناوانەی پێشکەش نەکردووە ؟ رۆستایی ئاماژەی بەوە کرد، ناوی کاندیدەکان بەلای ئێمەوە گرنگ نەبوو و ھەر باسیشمان نەکرد، بەڵکو ئەوەی گرنگ بوو بەلای ئێمەوە کارنامەی حکومەتەکەو پێگەی کورد بوو لەناو ئەو حکومەتەدا .
وتیشی، ھەر لەسەرەتاوە ئەوان زۆر پەلەیان بوو لەپێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان، بەڵام ئێمە پەلەمان نەکرد، بەڵام لەراگەیاندنەکان ء ھەندێ لێدوانی لابەلا ناوی چەند کەسێک دەھێنران، بۆیە ئەوانیش ویستیان وەک ئەمری واقیع بەسەر ئێمەدا بیسەپێننء رەنگە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکاش دەستیان ھەبێت لەپێشکەشکردنی ئەو ناوانە، بەڵام پێویستە ئەو ناوانە لەلایەن مەکتەبی سیاسی حزبەکانەوە پەسەند بکرێن و بڕیاریان لەسەر بدرێت، ئەو کاتە وەک کاندید بۆ پۆستەکان قبوڵ دەکرێن .

لەسێ مانگدا کێشەکان چارەسەر دەبن ؟لەوەڵامی پرسیارێکیشدا کەئایا چاوەڕوان دەکرێت ئەو ھەموو کێشە کەڵەکەبووەی کورد ھەیەتی لەگەڵ بەغدا لەماوەی سێ مانگدا چارەسەر بکرێن، زانا رۆستایی ئاماژەی بەوە کرد، دەتوانرێت نەخشەڕێگەی چارەسەری کێشەکان دابنرێت و ھەندێکیان وەک مووچەو بودجەو رێکەوتن لەسەر پرۆژە یاساکان و ھەندێ کێشەی تریش دەکرێت ھەنگاوی باشیان بۆ بنرێت بۆ ئەوەی کورد دڵنیا ببێتەوە کە لەو حکومەتەدا مافەکانی وەردەگرێتەوە .

Picsart-24-02-23-21-31-09-085