

ووڵات نێت/
ژمارەیەک گروپی چەکداری دەستیانکردووە بەئەنجامدانی چالاکی لەدژی چەکدارانی داعش لەزۆربەی دیوارەکانی موسڵیش دروشم دژی ئەو گروپە دەنوسرێت، سەرچاوەیەکیش دەڵێت:" ئەگەر پێشمەرگە بتوانێت بگاتە نزیک شارەکە، خەڵکی موسڵ ڕاپەڕین دژی داعش بەرپا دەکات".
هاوکار جاف ئەندامی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتی رایگەیاند:" بەھۆی دروستبوونی ژمارەیەک گروپی چەکداری نوێ لەناو موسڵدا، تاڕادەیەک داعش ترساوە لەئەنجامدانی کردەوەکانی دژ بەھاوڵاتیان".
وتیشی:" لەگەڕەکی (ئینتیسار)ی ناوشاری موسڵ، داعش بازگەو خاڵی پشکنینی دانابوو، بەڵام ژمارەیەک چەکداری سەر بەو گروپە نوێیانەی دروستبوون، ھێرشیانکردۆتە سەر خاڵەکانی پشکنین و دوو چەکداری داعشیان کوشتووەو دوانی دیکەیشیان بریندارکردووە".
ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاشکراشیکرد، لەگەڕەکی (جامیعە) بۆمبێکی چێندراو بەئۆتۆمبێلێکی داعشدا تەقیوەتەوەو ژمارەیەک کوژراوو برینداریان ھەیە.
باسی لەوەشکرد، لەسەر زۆربەی دیوارەکانی ناوشاری موسڵ دروشم لەدژی داعش نوسراوەو لەسەرجەم ئەو نوسراوانەشدا مژدەی رووخاندنی ئەو گروپە بە دانیشتوانی شارەکە دەدرێت.
هاوکار جاف رەتیشیکردەوە ئەو گروپە چەکدارانەی ڕووبەڕووی داعش دەبنەوە سەر بەعەشیرەتەکان بن، وتی:" ئەوانەی ئێستا لەناو موسڵ دژی داعش شەڕدەکەن، جگە لە چەکدارانی رێکخراوی قاعیدە کە لە داعش ھەڵگەڕاونەتەوە، گەنجانی موسڵیش گروپێکی چەکداریان بەناوی (ئەحرار نەینەوا) پێکھێناوەو ھەروەھا بەعسییەکانیش سێ گروپیان دژ بەداعش دروستکردووە بەناوەکانی (کەتیبەی نەبی یونس، کەتیبەی جەیشی نەقشبەندی، کەتیبەی حامورابی)".