

ووڵآت نێت/
بەرپرسێکی یەکێتی دەڵێت پارتی کۆسپ لەبەردەم بە پارێزگابوونی ھەڵەبجەو یەکلابونەوەی پۆستەکانی ئەو پارێزگایە دروستدەکات، پێشیوایە دەیانەوێت بەھۆی ھەڵەبجەوە چەند شوێنێکی دیکەش بکەن بە پارێزگا.
لە ھەفتەی رابردوودا سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لە ھەڵەبجە کۆبوونەوە بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگارو جێگرەکانی و پۆستە ئیدارییەکانی دیکەی ئەو پارێزگایە، بۆئەو مەبەستەش چەند میکانیزمێکیان بۆ دابەشکردنی ئەو پۆستانە دانا، بەڵام بەرپرسانی پارتی رایانگەیاند کە ئەوان میکانیزمێکی نوێ بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش دەکەن.
ئێوارەی دوێنێش ٢٢ / ٩، سەرجەم لایەنەکان جارێکی دیکە بۆ ئەو مەبەستە کۆبوونەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بەبێ ھیچ ئەنجامێک دواخرا بۆ رۆژی ١ی مانگی داھاتوو.
لەوبارەیەوە ئەحمەد قەدەفەری جێگری مەڵبەندی رێکخستنی شارەزووری یەکێتی بەSNN ی راگەیاند:" ھەرچەندە پێشتر پارتی رایگەیاندبوو کە پڕۆژەیەکی دیکەیان ھەیە بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستەکانی پارێزگای ھەڵەبجە، بەڵام لە کۆبوونەوەی دوێنێدا ھیچ پڕۆژەو میکانیزمێکیان پێنەبوو.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئەوەشی راگەیاند کە لەکۆبونەوەکەی دوێنێدا بەرپرسانی پارتی رایانگەیاندووە ئەوان میکانیزمێکیان ئامادەکردووەو بەڵام ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم پێیانڕاگەیاندون کە لەکۆبونەوەی داھاتووی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیار لەسەر میکانیزمێکی نوێ دەدرێت بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستەکانی ئەو پارێزگایە.
ئەحمەد قەدەفەری پێشیوابوو پارتی بەھەنگاوەکانیان رێگری دروستدەکەن بۆ بەپارێزگابوونی ھەڵەبجەو یەکلابوونەوەی پۆستەکانی ئەو پارێزگایە، وتیشی: دەیانەوێت لەداھاتوودا شوێنی دیکە بھێننە پێشەوەو بیبەستنەوە بە ھەڵەبجەوەو بیکەن بە پارێزگا. ئاشکراشیکرد، برادەرانی پارتی ھەر لەسەرەتاوە دژی ئەوەبوون ئەنجامی ھەڵبژاردنی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە بکرێتە پێوەر و لەگەڵ ئەوەدابوون ئەنجامی ھەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی بکرێتە پێوەری دابەشکردنی پۆستەکان، یاخود ھەڵبژاردن لە ھەڵەبجە ئەنجامبدرێتەوە.
سەبارەت بە ئەنجامی گفتوگۆکانیش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، جێگری مەڵبەندی ھەڵەبجەی یەکێتی وتی، راستە تائێستا لەگەڵ گۆڕان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستەکانی ھەڵەبجە نەگەیشتونەتە ئەنجامێک، بەڵام بۆچوونی دژبەیەکمان نییەو تاڕادەیەکیش بۆچونەکانمان لەیەکەوە نزیکە .