نوێترین

recent

11/09/2014

ناوەڕۆكی نامەیەكی حاكم قادر بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاشكرادەبێت

ووڵات نێت |


بەپێی ناوەڕۆكی نامەیەك كارگێڕێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت باری سیاسی یەكێتی لاسەنگەو لەپرۆژەیەكی چوار خاڵیشدا داوای چارەسەری ئەو كێشانە دەكات.

لەنامەیەكدا كە گۆڤاری لڤین ناوەڕۆكەكەی بڵاوكردووەتەوە حاكم قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان باس لەچەند پرسێك لەناوخۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات‌و داوای چارەسەركردنی ئەو پرسانەش دەكات.

نامەكەی حاكم قادر حەمەجان كە زیاتر لەشێوەی پڕۆژەیەكدایە لەسەرەتای نامەكەدا بەتایتڵێك نوسراوە "دەربارەی لاسەنگی‌و پرسی ڕاستكردنەوە"، ئاڕاستەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی كردووەو داوادەكات پێكەوە بڕیاری بەپەلە لەسەر چوار پرسی گرنگ وەك لەنامەكەدا هاتووە بدرێت.

لەنامەكەدا ئەندامەكەی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی هۆشداری ئەوەدەدات دواخستن‌و پەككخستنی هەریەك لەو پرسانە دۆخەكە بۆ یەكێتی باش نابێت‌و ئەو چوار پرسە گرنگەی وەك ئەو ئەندامەی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی باسیكردووە لەنامەكەداو بەگرنگ ناوی هێناون بریتیە لە "گۆڕانكارییەكان، -لەنێوخۆی یەكێتی‌و پۆستە حیزبیەكان، -دوو پۆستی لەناو یەكێتیدا، دیاریكردنی ماوەی بەڕێوەبەرەكان".

دووەم پرس كە ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاماژەی بۆ دەكات بریتیە لە "لاسەنگی‌و حوكمڕانی‌و نفوزی (ی،ن،ك)"، لەبارەی ئەم پرسەوە حاكم قادر ئەوەی خستووەتەڕوو "كە باری یەكێتی لەحكومڕانیدا لاسەنگە، كە بەڕای ئەو بووەتە ئەمری واقیع، ئەو كارگێڕەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێشنیاری ئەوەش دەكات گەر یەكێتی لەبڕیارێكی سیاسیدا بەشدارنەبوو ئەوا ڕایبگەیەنێت كە ئەو بەشدارنەبووەو ڕای یەكێتی نییە".

لەسەر پرسی بڕیاری سیاسی هاوبەش چەند جارێك یەكێتی بەڕێگەی نافەڕمی نیگەرانی خۆی دەربڕیووە بەتایبەت ئەوكاتەی پارتی بەناوی كوردو لایەنە كوردییەكانەوە هەڵوێستی نواندووە، بەڵام هەرزوو ئەم ڕایانە ڕەتكراوەتەوە بەتایبەت لەلایەن ئەو سەركردانەی لەناو یەكێتیدا بەسەركردە نەیارە توندەكانی پارتی داتدەنرێت لەناو ئەو حیزبەدا.

سێیەم پرس كە ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی بۆ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی خستووەتەڕوو، پرسی (نەوت)ە، لەم پرسەدا حاكم قادر داوادەكات پارەی شیرینی‌و داهاتەكانی نەوت بە بەرنامە بخرێتە خزمەتی گشتیەوە نەك قۆرخبكرێن، چونكە گەر ئەمڕۆ ئەمە قبوڵبكرێت ئەوا چەند ساڵی دیكە هەر كادرو پێشمەرگەو ئەندامانی خۆمان‌و كەسوكاری شەهیدانمان قبوڵی ناكەن، لەو نامەیەدا ئەو ئەندامەی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دانی بەوەدا ناوە، كە نووسیویەتی "لەگەڵ ئەوەی نەوت سەرچاوەو بابەتێكی سیاسی‌و ئابووری‌و هەستیارو گرنگە، بەڵام وەك (ی،ن،ك) زیانمان لێكردووە".

بەرپرسێكی باڵای یەكێتی كە نەیویستووە ناوی بڵاوبكرێتەوە لەو بارەوە دەڵێت "پرسی ئاشكراكردنی داهاتی نەوت هەمیشە یەكێكبووە لەو پرسانەی كە مشتومڕی توندو خاڵی ناكۆكی سەرەكی نێوان دوو باڵی سەرەكییە لەو حیزبەدا".

بەرپرسەكە روونیشیكردووەتەوە "كاتێك عیماد ئەحمەد لەچاوپێكەوتنە ڕۆژنامەوانیەكاندا دووپاتی دەكردەوە یەكێتی ئاگاداری داهاتی نەوتە مەبەستی هەموو یەكێتی نەبووە، چونكە بەشێكی زۆر لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاگاداری داهاتی نەوت نەبوون لەناو حیزبەكەیاندا".

ئەو بەرپرسە هەروەها رایگەیاندووە هەمیشە لەناو یەكێتیدا چەند كەسێكی دیاریكراو سودییان لەداهاتی نەوت بینیووەو داهاتی نەوت بۆ ئەو كەسانەبووە كە هەرئەوكات ئەو بەرپرسانە لێدوانی بەوجۆرەیان بەكاك عیماد ئەحمەد جێگری پێشووی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدا.

لەكۆتا پرسدا حاكم قادر لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی (ی،ن،ك)ەوە چەند پێشنیارێك دەكات، جگە لەوەی داوای یەكڕیزی نێوخۆی یەكێتی كردووە، داوای ئەوەش دەكات هەر بڕیارێك لەیەكێتی دەرچوو هەركەس‌و ئۆرگانێك لەهەر پلەو پایەیەكدا بێت پابەندبێت پێوەی ئەگەرنا پێویستە ڕوووبەڕووی سزا بكرێتەوە.

حاكم قادر باس لەبڕیاری فەردی لەناوخۆی یەكێتیدا دەكات‌و دەڵێت "بڕیاری فەردی ناتوانێت شەرعییەتی حیزبی‌و خواستی زۆرینەو داهاتووی ڕۆشن بكات".

هەروەها نووسیویەتی "هەمووان چاوەڕێی دەسپێشخەری چاكسازی نەهێشتنی دوو پۆستی‌و گواستنەوەی ئەو بەرپرسانەن كە چەندین ساڵە لەو پۆستانەدا ماونەتەوەو ڕاستكردنەوەی لاسەنگیمان لێدەكەن".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085