نوێترین

recent

15/09/2014

لیستی خزمەت به‌توندی وەڵامی گۆڕان دەداتەوە


ووڵات نێت |

فراکسیۆنی خزمەت لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وەڵامی پەرلەمانتارێکی پێشووی گۆڕان دەداتەوەو دەڵێت، ئێمە پشتگیری یەکێتی یان گۆڕان ناکەین و سوورین لەسەر پێشنیازەکەمان .

ئیسماعیل گەڵاڵی پەرلەمانتاری پێشوی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئیسلامییەکان ھەست بەزوڵم‌و مەغدورییەکی ئێجگار زۆر ئەکەن کە لە رابردوودا لەلایەن گۆڕانی ھاوپەیمانیانەوە لێیان کراوەز پێیانوایە ئەم پرسە باشترین ئامرازە کەھەم تۆڵەی خۆیان لەگۆڕان بکەنەوە، ھەم دەنگە رۆیشتووەکانیان لای گۆڕان بەدەستبھێنەوە، ھاوکات پێدەچێت دوا رێگەچارە دەرچوون لەکێشەی یەکلانەکردنەوەی پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی بەدەست ئیسلامیەکان بێت لەبەرژەوەندی یەکێتیی .

لەوەڵامدا مەھدی مەحمود سەرۆکی فراکسیۆنی خزمەت (کۆمەڵ و یەکگرتوو) لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، ئەوە ئێمە نین نەفەسی تۆڵەکردنەوەکمان ھەبێت و سەرجەم ئەو بۆچوون و شیکردنەوانەش ھەڵەن، چونکە ئێمە پشتگیری لەھیچ کام لەو دوو لایەنە ناکەین ز بڕواشمان بەوە نییە لە پارێزگای سلێمانی لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەدا سەربخەین و پێمان وایە دەبێت گۆڕان و یەکێتی لەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا بوونیان ھەبێت .
 
سەرۆکی فراکسیۆنی خزمەت راشیگەیاند، ئێمە پشتگیری یەکێتی ناکەین و لێدوانی ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی گۆڕانیش رەتدەکەینەوە، چونکە ئەوە تەنھا بۆچوونی خۆیەتی و ئازادیشین ئەگەر پشتگیری ھەر لایەنێکیش بکەین و ھیچ پابەندییەکمان نییە .
مەھدی مەحمود ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە یەکێتی و گۆڕان لەنێوان خۆیاندا رێکبکەون لەسەر کاندیدێک و دەنگی پێدەدەین، ئەگەر رێکیشناکەون با رێکبکەون لەسەر کاندیدێکی تر لەلایەنە بەشداربووەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی .

پێشتر ئاماژە بەوەدرابوو کە لیستی خزمەت لەو پێشنیازەی بۆ ھەریەک لە یەکێتی و گۆڕانیان کردبوو پەشیمان بونەتەوەو لەوەڵامدا سەرۆکی فراکسیۆنی خزمەت وتی، ئێمە بەھیچ شێوەیەک لە پێشنیازەکەمان پەشیمان نەبوینەتەوە ئەو پێشنیازەش بە باشترین رێگەچارەسەر دەزانین بۆ دەرچوون لەو بارودۆخە چەقبەستووەی پارێزگای سلێمانی، بەڵام ناشتوانین ھیچ فشارێک بکەین بۆ قبوڵکردنی .
Picsart-24-02-23-21-31-09-085