نوێترین

recent

15/09/2014

وەزارەتی پێشمەرگە :ھیچ کات چاوەڕوانی ئەو ھەڵوێستە لەتورکیا نەبووین

ووڵات نێت/

وەزارەتی پێشمەرگە نیگەرانی دەردەبڕێت لەبێدەنگی تورکیا لەبەرامبەر شەڕی داعش و ڕاشیدەگەیەنێت:" ھیچ کات چاوەڕوانی ئەو ھەڵوێستە لەتورکیا نەبووین".
لەیەکەم ڕۆژی ڕووبەڕووبوونەوەکانی ھێزی پێشمەرگە لەدژی چەکدارانی داعش لەدوای کۆنترۆڵکردنی شاری موسڵ، زۆربەی ھەرە زۆری وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا، بەشێکیان ھاوکارییان گەیاندە ھێزەکانی پێشمەرگەو بەشێکی تریش بەڵێنیانداوە بەمزووانە ھاوکارییەکانیان بگاتە ھەرێم، بەڵام تائێستا تورکیا بێدەنگی ھەڵبژاردووە.
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لەلێدوانێکدا، وێڕای نیگەرانی دەربڕین لەو بێدەنگییەی تورکیا، رایگەیاند:" بەگوێرەی ئەو پەیوەندییانەی ھەرێم لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ھەیبوو، پێشبینی دەکرا یەکەم وڵات ھاوکاری ھەرێم بکات، تورکیا بێت، بەڵام بەداخەوە وانەبوو".
وتیشی:" ئەگەربێت و داعش زیاتر پەل و پۆ بھاوێت، ئەوا بەگشتی مەترسی دروستدەبێت بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش بۆسەر بەرژەوەندییەکانی تورکیا".
جەبار یاوەر راشیگەیاند:" تورکیا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٦٠٠ کیلۆمەتر سنوری ھەیەو لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستانیش زیاتر ٨٠٠ کیلۆمەتر سنوری ھەیە، بەو پێیەش ئەگەر مەترسییەکان لەسەر ئەو دوو ناوچەیە زیاتر بێت لەلایەن داعشەوە، بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتەش دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە".
باسی لەوەشکرد، لەئێستادا ڕەنگە بەرژەوەندییەکی داعش وایکردبێت ھێرش نەکاتەسەر تورکیا، بەڵام وەک وتی:" بەدڵنیاییەوە لەداھاتوودا ھەمان مەترسییەکانی ئێستای کوردستان ڕووبەڕووی ئەوانیش دەبێتەوە، لەبەرئەوە ھێشتا درەنگ نییە ئەگەر تورکیا بیەوێت بەشداربێت لەجەنگی ڕووبەڕووبونەوەی داعشدا".
لەدوای راگەیاندنی جەنگ لەدژی گروپی تیرۆریستی داعش لەلایەن ئەمریکاوە، نزیکەی ٤٠ وڵاتی جیھان ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ بەشداریکردن لەو جەنگە، بەڵام تورکیا رەتیکردەوە شەڕ لەدژی ئەو گروپە بکات، بەپێی ئەو زانیارییانەش کە دەوترێت زۆربەی بریندارانی داعش لە نەخۆشخانەکانی تورکیا چارەسەر دەکرێن، گومان لە پەیوەندییەکی نھێنی نێوان ئەنکەرەو ئەو گروپە تیرۆریستییە دەکرێت.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085