نوێترین

recent

17/08/2014

سەندیکای ڕۆژنامەنووسان: کەناڵی ڕووداو "خیانەتی نەتەوەیی" دەکات

وولات نێت | 

 لەسەر بڵاوبوونەوەی ھەواڵێک لە کەناڵی ڕووداو، سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان سکاڵای لەسەر تۆماردەکات و بە خیانەتی نەتەوەیی وەسفی دەکات، لیژنەی ڕۆشنبیری پەرلەمانی کوردستانیش کۆبوونەوەی لەسەر دەکات و ڕۆژنامەنوسێکیش دەڵێت، گومانمان ھەیە ئەو کەناڵە بەمەبەست ئەو ھەواڵەی بڵاوکردبێتەوە.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا کەناڵی ڕووداوی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەواڵێکی بڵاوکردەوە، کە ناوەڕۆکەکەی بریتی بوو لەوەی گەریلاکانی پەکەکە و شەڕڤانانی یەپەگە، ڕێگرییان کردووە لەھێرشکردنە سەر شنگال لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەو ئەمریکا، ئەم ھەواڵەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوەو ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی ئەکادیمی و رۆژنامەنوسیش لەڕێی نامەیەکی ناڕەزایەتییەوە، داوایانکرد کەناڵی رووداو (لغاو بکرێت).
زانا عەبدولرەحمان، جێگری سەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبیریی و راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان،  بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاند، بڵاوبوونەوەی ئەو ھەواڵە مایەی نیگەرانی لیژنەکەمانەو  لادانیشە لەو ڕاسپاردەو بڕیارانەی کە پەرلەمان لەبارەی ئەرکی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە سەرەتای شەڕی داعش ـ پێشمەرگەوە دەریکردبوون.
ئاشکراشیکرد، ئێمە لە ھەفتەی داھاتوو بەتایبەت لەبارەی ئەم ھەواڵەی کەناڵی ڕووداو و چەند ھەواڵێکی تری کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە، کۆدەبینەوەو بڕیاری خۆیشمان لەوبارەیەوە ڕادەگەیەنین.
ھاوکات کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بەتۆڕی هەواڵی سلێمانی وتوە: بڵاوکردنەوەی ھەواڵی لەو شێوەیە لە کەناڵی ڕووداو، لادانە لە ئەرک و بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و ڕۆژنامەوانیی و دەشچێتە قاڵبی خیانەتی نەتەوەییەوە.
کاروان ئەنوەر وتیشی، ئێمە بەنیازین بەیاننامەی خۆمان لەوبارەیەوە بڵاوبکەینەوە، ئەگەر دەرەنجامێکی نەبوو ئێمە لە داھاتوودا لەڕێگەی داواکاری گشتییەوە سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەناڵە تۆمار دەکەین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کەناڵەکە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و مێژوویی خۆی دەدۆڕێنێت لەلای جەماوەرو بینەری خەڵکی کوردستان.
ڕۆژنامەنووس لەتیف فاتیح فەرەج کە ھاوکات یەکێکە لەو کەسایەتییانەی کە نامەی ناڕەزایەتییەکەی واژۆکردووە، بە تۆڕی هەواڵی وت: ئێمە لە ئێستادا نامەیەکی ناڕەزایەتیمان داوەتە سەرۆکایەتی ھەرێم و پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان و چاوەڕوانی وەڵامی ئەو لایەنانەو کەناڵی ڕووداو دەکەین، ئەگەر ھاتوو بەردەوام بوو لەو جۆرە سیاسەتە، ئەوکات ئێمەش ھەڵوێستی دیکەمان دەبێت.
 ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەوەشی وت: ئێمە گومانی سەد لەسەدمان لەو کەناڵە ھەیە کە ھێزێک لەپشت ئەم کارانەیەتی و پێمان وایە کە بە مەبەست ئەو کارە دەکات.
 پێشتریش یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال ( یەبەشە)، بە ڕاگەیەندراوێک وەڵامی ھەواڵەکەی ڕووداویان دایەوەو وێڕای رەتکردنەوەی ناوەڕۆکەکەی، ئاشکراشیان کرد کە بەھیچ شێوەیەک گەریلاکانی پەکەکە و شەڕڤانانی یەپەگە ڕێگر نەبوون لە ھێزەکانی پێشمەرگە و ئەمریکا بۆ ھێرشکردنە سەر داعش لە شنگال، بەڵکو ئەوان لە ھاتنی ئەو ھێزە ئەمریکییە تاوەکو ڕۆیشتنیان، پێکەوە بوون و ھەواڵەکەی ئەو کەناڵەشیان بە چەواشەکاری وەسفکرد.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085