

لە چوارچێوەی ئەو پشتیوانیانەی كە دەستە و چینە جیاوازەكانی كۆمەڵگە بۆ پارێزگاری كردن لە خاكی كوردستان دەكرێن دەستەی داكۆكی لە مافی زیندانیە سیاسیەكانی كوردستانیش ڕایدەگەیەنێت ئامادەن سنگی خۆیان بكەنە قەڵغان بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی كوردستان.
محەممەد پشدەری، سەرۆكی دەستەی داكۆكی لە مافی زیندانیە سیاسیەكانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كوردیو ڕایگەیاند: زیندانیانی سیاسی كوردستان هەروەك چۆن لە قۆناغەكانی خەباتی ڕابردودا ژیان و سەلامەتی خۆیان خستوەتە مەترسیەوە بۆ بەدیهاتنی ئازادی بۆ كوردستان لە ئێستاشدا ئامادەی قوربانی زیاترن بۆ پاراستنی خاكی كوردستان لە هەر داگیركاریەك.
سەرۆكی دەستەی داكۆكی لە مافی زیندانیە سیاسیەكانی كوردستان ڕاشیگەیاند: لە ئێستادا ژمارەیەك لە زیندانیانی سیاسی لە ناو ڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەدا و لە بەرەكانی جەنگ بە دوژمنانی گەلی كوردستان لە سەنگەرەكانی پێشەوەدا دەجەنگن بەڵام سەرجەم زیندانیانی سیاسی دیكە ئامادەن سنگی خۆیان بكەنە قەڵغان بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی كوردستان.