نوێترین

recent

17/08/2014

پێشمەرگە بەنداوی موسڵ و تلكێفی ئازادكردەوە


هێزەكانی پێشمەرگە بەهاوكاری هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكاو عیراق چواردەوری بەنداوی موسڵیان ئازادكردەوەو لەقەزای تلكێف-یش هێزەكانی پێشمەرگەو فیرقەی ئاڵتونی سوپای عیراق زۆربەی گوندەكانی قەزاكەیان ئازادكردەوەو هەر چواردەوری قەزاكەش بەدەست پێشمەرگەوەیە.
غەیاس سورچی كارگێڕی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  بە PUKmediaی راگەیاند: شەوی رابردوو هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكاو عیراق بۆردومانێكی چڕی ناوچەكانی بەنداوی موسڵیان بۆردومان كردوە، لەهەمانكاتیشدا هێزەكانی پێشمەرگە بەو چەكە نوێیانەی پێیان گەیشتوە ئەو ناوچانەیان بۆردومانكردوەو گورزێكی زۆر باشیان لەتیرۆریستانی داعش داوەو ژمارەیەكی زۆریان لێ كوژاوەو ئەوانەی تریش هەڵاتوون.

وتیشی: تەواوی دەوروبەری بەنداوەكە بەدەست هێزەكانی پێشمەرگەوەیە، تەنها شەلالی بەنداوەكە بەدەست داعشەوە ماوەو لەلایەن هێزەكانیش پێشمەرگەشەوە بەردەوام لێیاندەدرێت و ناوچەكە چۆڵدەكەن، بەڵام زانیاری ئەوە بەپێشمەرگە گەیشتووە ئەو تاكە رێگەیەی دەچێت بۆ بەنداوی موسڵ لەلایەن تیرۆریستانەوە بۆمبڕێژكراوە، هەروەها لەنزیك بەنداوەكەش گوندێكی گەشتیاری هەیە گوایە چەندین فەرمانگەو باڵەخانەی تێدایە بۆمبڕێژكراون، بۆیە هێزی پێشمەرگە چاوڕێی پشكنینی دەكات، ئەگینا هیچ بەربەستێك لەبەردەم هێزەكانی پێشمەرگە نەماوە بۆ چونە ناو بەنداوەكەوە ئازادكردنەوەی.

لەبارەی پێشڕەوییەكانی هێزی پێشمەرگەشەوە لەسنوری قەزای تلكێف، سورچی وتی: هێزەكانی پێشمەرگە لەبەیانی ئەمڕۆوە بەهاوكاری هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكاو عیراق، هەروەها فیرقەی ئاڵتونی عیراق شانبەشانی هێزەكانی پێشمەرگە شەڕ دەكەن و چەندین گوندیان ئازادكردوەتەوە كە لەنێویاندا هەردوو گوندی تلسقۆپ و باتما هەیە كە هەر یەكێكیان بەهێندەی شارۆچەكەیەك گەورەن، هاوكات چواردەوری قەزاكەش لەژێر دەستی هێزەكانی پێشمەرگەدایەو تیمێكی فیرقەی ئاڵتونیش سەرقاڵی شكنینی رێگەی قەزاكەن كە تیرۆریستان بۆمبیان لێداناوەو بەپاكردنەوەی بۆمبەكان تەواوی قەزاكە دەكەوێتەوە ژێر دەستی هێزەكانی پێشمەرگە.

ئەو بەرپرسەی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتی كە بۆخۆی لەچیای بەعشیقەیەو لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە وەك خۆبەشێك لەبەرەكانی جەنگدایە، راشیگەیاند: لەناوچەكانی تری وەك حەمدانیەو بەرتلەو بەعشیقە هێزەكانی پێشمەرگە پێكدادان لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەو تیرۆریستانی داعش بەردەوامە، بەڵام لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەرگرییەكی كەم هەیەو بۆ ناوی شاری موسڵ پاشەكشەیان كردوە، هێزەكانی پێشمەرگەش چەكی زۆر پێشكەوتویان پێگەیشتوە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085