نوێترین

recent

17/08/2014

هێزه‌كانی 70ی یەکێتی لە چەکە نوێیەکان بێبەش دەکرێن

وولات نێت | SNN


ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو چەکانەی ئەمریکا رەوانەی ھەرێمی کردووە، بەفەرمانی سەرۆکایەتی ھەرێم تەنھا دراوەتە ھێزەکانی (٨٠)ی پارتی و نەدراوە بە پێشمەرگەکانی یەکێتی، دەشڵێت: لەسەر ئەو بابەتە وەزیری پێشمەرگە بانگھێشت دەکەین.
 
قادر وەتمان ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان بۆ SNN ئاشکرایدەکات، سەرباری ئەوەی ئەمریکا بەڵێنیداوە چەک بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە بنێرێت، بەڵام تائێستا چەکی ئەمریکا نەگەیشتۆتە دەست پێشمەرگە.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی ڕوونکردەوە، ئەو چەکانەی تائێستا بەسەر پێشمەرگەدا دابەشکراون، بەفەرمانی سەرۆکایەتی ھەرێم دراونەتە ھێزەکانی ٨٠، ئەمەش لەکاتێکدایە ھێزەکانی ٧٠ کە سەر بەیەکێتی نیشتیمانی کوردستانە ھیچ جۆرە چەکێکیان پێنەگەیشتووە.
وتیشی:”دوای لێکۆڵینەوەی ورد لەو بابەتەو پەیوەندیکردن بەچەند فەرماندەیەکی لیواکان لەناوچە جیاوازەکاندا، زۆر بەڕاشکاوانە دەڵێم  ئەو چەکانە کە بریتین لەقەناس و بیکەیسی و لەڕێگەی فەوجەکانەوە دراون بەھێزەکانی پێشمەرگەی پارتی، ھێزەکانی ٧٠ی یەکێتی وەریان نەگرتووە”.
قادر وەتمان کە ھاوکات ئەندامی فراکسیۆنی سەوزە لە پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد دوای بەدواداچوونی جدی بۆ ئەو بابەتە، پێیان ڕاگەیەنراوە ئەوچەکانە بەپارەی نوسینگەی سەرۆکی ھەرێم کڕدراون، لەوبارەیەشەوە بەتەنزەوە وتی:” بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئایا نوسینگەی سەرۆکایەتی ھەرێم ئەو جیاوازییە بۆ دەکات لەنێوان پێشمەرگەی پارتی و یەکێتی؟”.
قادر وەتمان ئەوەشی وت:”بەنیازین لەبارەی ئەو جیاوازییەوە لەدابەشکردنی چەکەکانی پێشمەرگەدا، وەزیری پێشمەرگە بھێنینە ژووری لیژنەی پیشمەرگەو ئەگەر ھەواڵەکە پشتڕاستبکاتەوە ئەوکاتە دەبێت سەرۆکی ھەرێم لەوبارەیەوە ڕوونکردنەوە بدات”.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085