
![]() |
مهم بورهان قانع |
شایەتیی ئەم پەیامەیش، ناڕاستەوخۆ لە چونیەكی بۆچونەكانی نێو پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی دوێنێ (12/8)ی نێوان بارزانی و جۆ بایدن-ی جێگری سەرۆكی ئەمریكادا دەركەوت، كە هەردولا هاوڕابون لەوەی پشتیوانی بكەن لە پڕۆسەی سیاسیی عیراق، لەكاتێكدا پێشتر زمانی بارزانی و سەركردەكانی كورد بەرانبەر بە ئەمریكا بەمجۆرە نەبو و، بگرە زیاتر هەر باسی ریفراندۆم و رەوایی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردیی دەكرا (وەك لە كۆبونەوەكەی چەند هەفتەی رابردوی بارزانی و سەركردەكانی كورددا لەگەڵ جۆ بایدن دا لە هەولێر، بیستمان)، هەروەكچۆن بە پەلە پروسكێیش، پارلەمانی كوردستان دانیشتنێكی ئەنجامدا و، یاسایەكی تایبەتی بۆ چۆنێتیی ریفراندۆم و رێوشوێنەكانی دەركرد.
كەواتە:
بە بڕوای متەوازیعی من، لەشكركێشییەكانی چەند رۆژی رابردوی "داعش" لەناوچە كوردستانییەكان و، دروستبونی ئەو ترس و دڵەڕاوكێیە لە هەرێمی كوردستان دا، بە تایبەتی لە هەولێری پایتەخت، بەشێك بوە لە سیناریۆ و ئەجێندای ئەمریكا لە عیراق و هەرێمی كوردستان، وەكچۆن ئەمریكا قودرەتی هێندەیە لە دروستكردنی فشاردا، كە نەك دەتوانێت فشار لەسەر هەرێمێكی بچوكی وەكو هەرێمی كوردستان دروستبكات (وەكچۆن دروستی كرد)، بەڵكو لە توانایدایە فشاری گەورەتر بۆ وڵاتە زلهێزەكانی ناوچەكەش دروست بكات و، بەمەیش كارتگەلێكی بەدەستەوەیە، كە دەتوانێت هەر كات بیەوێت، ئاڕاستە و بڕیارەكانی سەركردە و سیاسییەكانی ئەم ناوچەیە جڵەو بكات و، وەكو شەترنجزانێكی لێوەشاوەی هاوشێوەی كاربۆڤ و كاسبارۆڤ (لەیاری شەترنج دا)،بەڵام ئەم لە گەمەی سیاسەت دا، بڕیاردات لە چ ساتەوەختێك دا سەرباز بجوڵێنێ و كەی قەڵا و كەی ئەسپ و كەی فیل و كەی وەزیریش بخاتە بەردەم پاشا و كش مات بكات!
هێندەی سەری لێ دەربكەم، پێموایە هێشتا لە ناوەڕاستی گەمەكانی ئەمریكاداین سەبارەت بە ئایندەی پێكهاتەكان لە عیراق دا، عیراقێك، كە بە فشاری ئەمریكا پێكەوە بەستراوەتەوە، بەڵام وەكو دیفاكتۆ، پەرت و لێكهەڵوەشاوە و، تەنها "كۆشكی سپی" و داڕێژەرانی سیاسەتی ئەو وڵاتە دەزانن؛ ئەو ساتەوەختە كەیە كە بڕیاری كۆتایی دەدەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەكجارەكیی ئەم وڵاتە و ئایندەی كورد لەم وڵاتە.