

بەڕێوەبەری گشی تۆماركردنی كۆمپانیاكان دڵزار ئیسماعیل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرایكرد، لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2014دا، 185 كۆمپانیای بیانیی و هەزار و 370 كۆمپانیای ناوخۆیی تۆماركراون.
بەڕێوەبەری گشی تۆماركردنی كۆمپانیاكان وتی: "ئەو كۆمپانیا بیانییانەی ئەمساڵ تۆمار كراون، 40%ی كۆمپانیای توركی و 10%ی كۆمپانیای ئێرانی و 5% كۆمپانیای لوبنانی و كۆمپانیای ئەمەریكی و ئیماراتی بوونە و زۆرترینیان كۆمپانیاكانی وڵاتی توركیا بوونە."
ئاشكراشیكرد كە لە ساڵی 2013دا، دوو هەزار و 980 كۆمپانیای ناوخۆیی و 443 كۆمپانیای بیانی تۆماركراون.
ئاماژەی بەوەشكرد كە ژمارەی كۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەكان لە هەرێمی كوردستان لە ئێستادا گەیشتووەتە 21 هەزار و 824 كۆمپانیا، كە لەو رێژەیە 18 هەزار و 878 كۆمپانیای ناوخۆیین و دوو هەزار و 946 كۆمپانیاش بیانین.
دڵزار ئیسماعیل باسی لەوەشكرد كە لە هەرێمی كوردستان نزیكەی سێ هەزار كۆمپانیای بیانی هەیە، كەچی لە عێراق تەنیا 800 كۆمپانیای بیانی هەیە .
لە كۆتایدا قسەكانیدا دەشڵێت: "بوونی كۆمپانیا و نوێنەرایەتی و كۆنسوڵخانەی وڵاتانی بیانی وایكردووە لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش، وڵاتانی جیهان لە رووی سەربازیی و مرۆییەوە هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن."