نوێترین

recent

17/07/2014

بەهمەن قوبادی بۆجیهان : هەرێمی كوردستان دەبێت سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیەنێت

"بەهمەن قوبادی" بۆ دەزگای ڕاگەیاندنی ئیتاڵی گوتی: هەرێمی كوردستان تەنیا تایبەت بە كوردەكانی ئەم هەرێمە نییە، بەڵكوو بۆتە ماڵێك و كوردانی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش ڕوویان تێكردووە و لەوێ گیرساونەتەوە.  

سینەماكاری كورد "بەهمەن قوبادی" كە بۆ بەشداری لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هونەری "سپۆلێتۆ" Spoleto سەردانی شاری ڕۆمای پێتەختی وڵاتی ئیتاڵیای كردووە دوای نمایشی فیلمی سینەمایی "وەرزی كەركەدەن" Rhino Season لە بەشی VIAGGIO IN PERSIA ئەم فیستیڤاڵە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە بە ئامادەبوونی نوێنەری چەندین ڕۆژنامە و ئاژانسی ناوداری ئیتاڵی، لەوانە: ڕۆژنامەی "كۆریێر دێلاسێرا" CORRIERE DELLA SERA، ڕۆژنامەی "لێ رێپۆبلیكا" LA REPUBBLICA، ئاژانسی هەواڵی ئیتاڵی "ئانسا" ANSA و چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی دیكەی ئەم وڵاتە بەڕێوەچوو، بە وردی وڵامی پرسیارەكانی ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێرانی ئەم دەزگا ڕاگەیاندنانەی دایەوە و باسی دوایین ڕەوشی ئاسایش و هێمنی و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانی كرد.
"بەهمەن قوبادی" لە وڵامی پرسیاری یەكێك لەم ڕۆژنامانەدا گوتی: حەز دەكەم وەكوو سینەماكارێكی كورد لە دنیادا پێناسە بكرێم و ئەگەر هەر فیستیڤاڵ یا ناوەندێكی هونەریی كە لە دنیادا بانگهێشتم دەكات كە لە فیستیڤاڵ یا بەرنامەكەیاندا بەشداری بكەم یا لە وتووێژ و چاوپێكەوتنی دەزگاكانی ڕاگەیاندندا حەز دەكەم وەكوو سینەماكارێكی كورد ناوم بهێنن، نەوەكوو سینەماكارێكی ئێرانی.
دەرهێنەری فیلمی سینەمایی "كاتێك بۆ مەستی ئەسپەكان" لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا گوتیشی: دەبێت سینەمای كوردی بە شێوەیەك پێبگرێت كە بتوانێت كەلتوور، وڵات و نەتەوەی خۆی بە دنیا بناسێنێت و هەمووی سینەماكارانی كورد دەبێت پێكەوە لە پێناو ئەم مەبەستە گرینگەدا هەنگاو هەڵێنین.
قوبادی لە وڵامی پرسیاری یەكێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنی ئیتاڵی كە لەو باروودۆخەی ئێستادا هەولێر چۆن دەبینی و چۆن دەتوانی لەوێی ژیان بەسەر بەری؟ گوتی: ئەو هەواڵانەی كە ئێوە لە دەزگاكانی ڕاگەیاندندا دەیخوێننەوە تەنیا هەواڵە و ئەگینا هەولێر بۆ من ئەمینترین و ئارامترین شوێنە. دەمەوێت پێتان ڕابگەیەنم كە هەرێمی كوردستان تەنیا تایبەت بە كوردەكانی ئەم هەرێمە نییە، بەڵكوو بۆتە مالێك و كوردانی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش ڕوویان تێكردووە و لەوێ گیرساونەتەوە.    
ئەویشی خستەڕوو: هەرێمی كوردستان ئاوات و هەوێنی كوردانی چوار پارچەی كوردستانە و ئەم شوێنە بەڕاستی بۆتە هیوای هەمووی كوردەكان. شوێنێكە كە هیچ كەسێك ناتوانێت دەستدرێژی بكاتە سەری و بەو 40 میلیۆن كوردەی كە لە دنیا هەیە ئەم شوێنە وەكوو چاویان دەپارێزن و ناهێڵن كە هیچ مەترسییەك ڕووی تێبكات. ئەو 40 میلیۆن كوردە داكۆكی دەكەن لەو باروودۆخەی كە لە هەرێمی كوردستان ڕەخساوە و بۆتە هیوا و ئاسۆی كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان.
ئەم سینەماكارە كوردە لە وڵامی پرسیارێكدا كە سەبارەت بە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان ڕات چییە؟، گوتی: بەبڕوای من هەرێمی كوردستانی عێراق دەبێت سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیەنێت و ببێتە شوێنێك بۆ ئەو كوردانەی كە لە وڵاتی خۆیان و لەولاو لەملا جێگا و ڕێگایەكیان نییە و هەرێمی كوردستانی سەربەخۆ، ئەوان وەكوو جاران لە ئامێز بگرێت و ببێتە نیشتمانی سەرەكیی ئەم خەڵكە بێی پەنایە. 
بەهمەن قوبادی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: بۆ نموونە كەسێكی وەكوو من ئێستاكە هیچ شوێنێكم لە ئێران نییە، بەڵام هەر وەكوو هونەمەرندانی پارچەكانی دیكەی كوردستان پەنام بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە و تێیدا حەساومەتەوە و لەم پەسێوەدا ئاسوودەم و بێگومان ئەم پەسێو و پەناگایە هیچ كاتێك ناڕووخێت و بە هەموومان ئاگاداری لێدەكەین. ئێمەش وەكوو كەسانێكی كەلتووری لەم پێناوەدا وەكوو پێشمەرگەیەكی فەرهەنگی خەباتی خۆمان دەكەین.  
Picsart-24-02-23-21-31-09-085