
گەنجێکی ٢٥ ساڵان لەناو حزبی دیموکراتی کوردستان لە یادی ٢٥ ساڵەی تیرۆر کردنی د.
قاسملووی رێبەری ئەو حزبە ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات و لەپاش خۆی نامەیەک بەجێ دەهێڵێت.موحسین فەتاحی تەمەن ٢٠ ساڵانی شاری مهابادە کە پێشتر گەریلای پەکەکە بووە و تازە پێوەندی بە حزبی دیموکراتەوە کردووە. وەک سەرکردایەتی ئەو حزبە باسی دەکەن بە فەرمی نەبووە بە پێشمەرگەی دیموکرات و لە بەشی وەرگرتن "پەزیرش" ی حزب چاوەڕوانی وەرگرتنی بە ئەندامی "حزبی دیموکراتی کوردستان" دەکرد بەڵام بەر لە وەرگرتنی لە ساڵرۆژی شەهیدبوونی قاسملودا نەوت بەخۆیدا دەکات و ئاگر لە جەستەی بەردەدات.
مستەفا مەولودی جێگری سکرتێری حزبی دیموکراتی کەردستان لە لێدوانێکیدا بۆ وشە رای دەگەیەنێت: "موحسین فەتاحی پێشتر گەریلای پە کە کە بووە و پاشان وازی لە پەکەکە هێناوە و هاتووەتە هەرێمی کوردستان و خۆی بە دەزگا ئەمنییەکان ناساندووە و پاشان لەسەر ویستی خۆی چووەتەوە ئێران و نزیک بە ٣ ساڵ لە بەندیخانەکانی ئێران دەگیرێت و دوای بەربوونی لە گرتووخانە دێتەوە هەرێمی کوردستان، هەفتەیەک بەر لە خۆسووتاندنەکەی پێوەندی بە حزبی دیموکراتەوە دەکات بۆ ئەوەی ببێت بە پێشمەرگە، لە حزب شوێنێکمان هەیە بەناوی "پەزیرش" بەشی وەرگرتن، ئیحسان دەچێت بۆ ئەوێ بۆ لێکۆڵینەوە".
دوای تێپەڕبوونی ٢٥ ساڵ بەسەر تیرۆر کردنی د. قاسملوودا، ١٣ی تەموز لە قەڵای هەرمۆتەی کۆیە حزبی دیموکراتی کوردستان وەک ساڵانی پێشوو، سەرقاڵی مەڕاسیمی یادکردنەوەی تیرۆری سەرکردەکەیانن کە لەناکاو هەواڵی خۆسوتاندنی موحسین فەتاحی لە دەروازەی قەڵاکەوە بڵاو دەبێتەوە. ئەوە رووداوێکە کە لە مێژووی خەباتی ئەو حزبەدا یەکەمجارە روو دەدات و سەرجەم ئەندام و سەرکردایەتی ئەو حزبە تووشی شۆک دەکات، گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵان لەکاتێکدا گڕی لەجەستەی خۆی بەرداوە هاوار دەکات "بژی دکتور قاسملوو، بژی حزبی دیموکراتی کوردستان و بژی کورد و کوردستان ".
مستەفا مەولودی دەڵێ: "رۆژێک پێش رووداوەکە کە باس لە شەهیدبوونی دکتۆر قاسملو دەکرێت، ئەو کلتوورەی کە پێشتر لەناو پەکەکە فێری بووە وەک "هەموو شت بۆ رێبەر و بۆ ئاپۆ" لێرەش ئەو باسە دەکاتەوە و بەهۆی ئەوەی کەلتوورێکی لەم شێوەیە لێرەدا بوونی نییە، هاوڕێکانی هەڵسووکەوتەکانی بە نامۆ دەبینن ، بۆیە دەیخەنە ژێر چاودێری و لەکاتێکدا هاوڕێکانی دەڕۆنە ناو پۆل بۆ پەروەردە و راهێنان بە بیانووی ئەوەی دەڕوا بۆ دەستشۆردن، پاش ماوەیەکی کەم کە گوێبیستی دەنگێک دەبن هاوار دەکات، کە چاو لێدەکەن ئاگری لەخۆی بەرداوە و هەوڵ دەدەن بیگوژێننەوە".
کەماڵ کەریمی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستان ئەو کردەیە بە کلتوورێکی نامۆی ناو حزبەکەیان دەزانێت و لە لێدوانێکیدا بۆ وشە دەڵێ: "ئەوە تا ئێستا نەک لەناو حزبی دیموکراتدا نەبووە بە کلتوور بەڵکو ئێمە ناشمان هەوێ بۆ داهاتووش کلتوورێکی لەم شێوەیە بوونی هەبێ، ئێمە باوەڕمان وایە مرۆڤەکان لەوە گەورەترن کە بە سووتانی خۆیان بیانەوێ پەیامێک بگەیەنن و باوەڕمان وایە دەبێ مرۆڤەکان بە خەبات و تێکۆشان و پێگەیاندنی خۆیان و درێژە بە خەباتەکەیان پەیامەکانیان بگەیەنن".
جێگری سکرتێری ئەو حزبە رایدەگەیەنێت کە بە بیستنی هەواڵی خۆسووتاندنی موحسین هەموان بە جۆرێک تووشی شۆک بوون و دەڵێ: " مستەفا مەولودی: ئەوەی کە کەسێک لەپێناو رێبازی قاسملودا خۆی سوتاندووە هەموومانی تۆشی شۆک کرد بەو مانایەی کە تا ئێستا لەناو ئەو حزبەدا کردەیەکی وا بوونی نەبووە پێمان سەیر بوو ئەویش لەدوای ٢٥ ساڵ".
موحسین بەر لە خۆسوتاندنی نامەیەک جێ دەهەڵێت و سەرکردایەتی ئەو حزبەش رەنگە بەهۆی ئەوەی یەکەمجارە رووداوێکی لەمشێوەیە لەناو حزبەکەیان روو دەدات، نامەکە لای خۆیان رادەگرن و بەر لە بڵاوبوونەوەی لەلایەن راگەیەندنەکانەوە دەگرن.
کەماڵ کەریمی دەڵێ: "نامەکە شتێکی کورتە و بابەتێکی تایبەتی تیادا نییە کە بڵێین پەیامێک بگەیەنێت و هەر لەو چوارچێوەیەدایە کە لە کاتی خۆ سوتاندنەکەیدا هاواری کردووە و تەنها بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە تیرۆری دوکتورقاسملو لە یادی ٢٥ ساڵەیدا گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کە دەبێ کارێک بکا بە گوتەی خۆی وەفای خۆی دەرببڕێت بۆ دکتورقاسملو و شتێکی لەوە زیاترلە نامەکەیدا نییە".
هەروەها دەشڵێت: "ئەوەی کە نامەکەشی بڵاو کردووەتەوە لەگەڵ پەیامەکەی هەر یەک بابەتە و لەکاتی خۆسووتاندنەکەیدا هاواری کردووە، "بژی دکتور قاسملوو، بژی حزبی دیموکراتی کوردستان و بژی کورد و کوردستان".
مستەفا مەولودی ئامادەیی خۆی دەردەبڕێ بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو نامەیە لە راگەیاندنەکاندا و دەشڵێت: " دوای گوژاندنەوەی ئاگری جەستەی ئیحسان نامەیەک لەناو گیرفانیدا دەدۆزنەوە کە ئێستا لای منە و بە خەتی خۆی نووسیویەتی "ژیان بەبێ قاسملوو مانای نییە" کە ئاگریش لەخۆی بەردەدا هەر بەو درووشمانە دێتە دەرەوە".
دەشڵێ: ": تا ئێستا هیچ کەناڵێکی راگەیاندن داوای لە ئێمە نەکردووە بۆ ئەوەی نامەکەیان بدەینێ بڵاوی بکەنەوە و ئێستا بەحوکمی ئەرکەکەم، نامەکە لای منە و ئەگەر دەزگەیەکیش داوای کۆپییەک لە نامەکە بکات بۆ بڵاوکردنەوە، ئێمە پێیان دەدەین و هیچ کێشەیەکمان نییە".
سەرکردایەتی حزبی دیموکرات کلتووری خۆسووتاندن بە کلتوورێکی نەشیاو لە خەباتی سیاسی خۆیاندا دەزانن و مستەفا مەولودی دەڵێ: "ئەو کردەیە بۆ ئێمە زۆر نوێ بوو، یەکەمجار کە هەواڵەکەیان پێ گەیاندم زۆرم پێ سەیر بوو کە چۆن دەبێ لەناو حزبی دیموکراتدا شتێکی ئاوا روو بدا. تەنانەت ئەو رۆژەی دکتوور قاسملوو تیایدا شەهید بوو و ئەو رۆژەش کە دکتۆر سەعید شەڕەفکەندی شەهید کرا نە کەس لەناو حزبدا بیری لە شتی وا کردووەتەوە و نە کەسیش دەستی بۆ کارێکی لەم شێوەیە بردووە و حزبی دیموکراتیش لە ئەدەبیاتی خۆیدا بە درێژایی مێژووەکەی برەوی بە کلتووری لەمجۆرە نەداوە".
دەشڵێت: "ئێمە لەگەڵ ئەو فەرهەنگە نین و بە کردەیەکی خراپی دەزانین بەڵام بەهەرحاڵ مرۆڤێکە و بەداخەوە ئەو شتەی پێشتر لەناو مێشکیدا درووست بووە و هەر بەو خوێندنەوەیە هاتووە و لای وابووە لەناو حزبی دیموکراتیش شتی ئاوا پێشوازی لێ دەکرێت".
کەماڵ کەریمیش پێ وایە: "پەیامی دکتور قاسملو لە جیهاندا و لەناو هەموو کوردساندا بڵاو بۆتەوە هەموو ئاشناین بە دکتور قاسملوو و پەیامەکەی، واتا تاکە کلتوورێک کە دەتوانێ بەهای هەبێ و وەفایەکیش بێ بۆ دکتور قاسملوو، درێژەدانە بە خەبات و رێبازەکەی".
هەروەا دەشڵێ: "ئێمە لەو چوارچێوەیەدا ئەو کردەیە مەحکوم دەکەین کە باوەڕمان وایە خۆ سووتاندن کردەیەکی باش نییە و هەر لە بنەڕەتەوە کلتوورێک نییە لەناو حزبی دیموکراتدا وا بکا خەڵک بۆ ناڕەزایی لە تیرۆری دکتور قاسملوو یان دەربڕینی وەفا بۆی خۆیان بسووتێنن یان خۆ بکوژن و پێشمان وایە پەرەدان بە کلتوورێکی لەم بابەتە کارێکی نەشیاوە و بەهای مرۆڤەکان لای ئێمە لەوە زیاترە و مرۆڤەکان دەتوانن خەبات بکەن بۆ ئەوەی بتوانن ئامانجی شەهیدەکان وەدی بێنن توانایی خۆیان لە خەباتدا بەکار ببەن نەک ئەوەی خۆیان لەناو بەرن بۆ ئەوەی پەیامەکەیان بگەیەنن".
پاش ئەوەی لەلایەن پێشمەرگەکانی ئەو حزبەوە ئاگری جەستەی موحسین دەگوژێتەوە، رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژاوای هەولێر دەکرێت و دوای سێ رۆژ لە سووتانی ئێستا تەندرووستی لە ئاستێکدا نییە رەوانەی ژووری نەشتەرگەری بکرێت.
کەماڵ کەریمی دەڵێ: "گرنگی پێدانی و خستنە ژێر چاودێری پزیشکی ئەو کەسە ئەرکی ئینسانی حزبی دیموکراتی کوردستانە و ئەگەر ئەندامێکی فەرمی حزبیش نەبێ گەنجێکی کوردە و پێویستە لە لایەنی مرۆڤییەوە حزبی دیموکراتی کوردستان پێی رابگات و هەوڵی باشبوونەوەی بدات و ئێستاش بارودۆخی بەرەو باشبوون دەڕوات هەرچەند بەداخەوە سووتاوییەکەی زۆرە و رێژەی زیاد لە ٥٠ لەسەدی جەستەی سووتاوە و بەڕواڵەت ئێستا بارودۆخی جێگیر بووە و هیوامان وایە رزگاری ببێت".
جێگری سکرتێری حزبی دیموکرات دەڵێ: "هەر دوابەدوای رووداوەکە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە و ئەوەی لەدەست ئێمە بێت بۆ چارەسەری و باشبوونەوەی کۆتایی ناکەین".
ئەوەی جێگەی باسکردنە لەم راپۆرتەدا ئەوەیە کە حزبی دیموکراتی کوردستان لە راگەیاندنە فەرمییەکانی خۆیدا تەنانەت بە هەواڵیش ئاماژەی بەو رووداوە نەداوە و کەماڵ کەریمیش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە رەنگە ببێتە هۆی برەودان بەو شێوە کردەوانە و دەڵێ: "ئێمە نامانەوێ بەدواداچوونی ئەو بابەتە لە راگەیاندنی حزبیدا ببێت بەهۆی پەرەدان بەوجۆرە کلتوورە لەناو خەڵکی کوردستان و لاوانی کوردستان و ئەوەش کە لە راگەیاندندا باس نەکراوە دوو هۆکاری هەیە، یەکەمیان ئەو کوڕە تا ئێستا لەلایەن حزبەوە بە رەسمی وەرنەگیراوە و دووەم ئەوەیکە پێمان وا نییە کارێکی باش بێت راگەیاندنی حزب پڕوپاگەندەی بۆ بکات و وەک کلتوورێکی لێبێت لەناو خەڵکی ئێمەدا".
مستەفا مەولودی پێیوایە بێدەنگی کردنی حزبەکەی بەهۆی ناپەسندبوونی کردەکە و دژایەتی کردنی لەگەڵ رێبازەکانی ئەو حزبەیە و دەڵێ: "بۆیە بەڕاگەیاندنمان نەکردووە، ئێمە لەناو حزبی دیموکراتدا کردەیەکی ئاوا بە درووست نازانین و دەمانهەوێ هەرکەس خاوەنی کەسایەتی و گەورەیی خۆی بێت و بۆخۆی بڕیار بدات، ئەگەر ببێت بە تێکۆشەری نەتەوەکەی دەبێ بمێنێتەوە و خەبات بکات، لە روانگەی ئێمەوە خەبات لەپێناو رێبازی قاسملودا خۆسوتاندن نییە بۆ ئەو کەسایەتییە بەڵکو هەوڵدانە بۆ وەدیهێنانی بیر و ئارەزووەکانی دکتور قاسملوو. قاسملووش خۆی دەڵێ "ئێمە هەوڵ دەدەین بە خەبات و تێکۆشان ئامانجی شەهیدەکانمان بەدی بهێنین" نەک بەوەی ئاگر لە جەستەی خۆت بەردەی و خۆت خەسار بکەیت. بەداخەوە جاری وایە هەندێک رێخراو ئەو کلتوورە لەناو گەنجەکانی ئێمەدا دەچێنن و لە ئاکامدا ئەو ئەنجامە ناخۆشەی لێ دەکەوێتەوە".
بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوانە لەناو حزبەکەیاندا کەماڵ کەریمی دەڵێ: "ئێمە رێوشوێنی فکری دەگرینە و لەبری ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە سوتەمەنی لەبەردەست نەهێڵین هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین کلتووری خۆسووتاندن یان خۆکوژی جێ نەکەوێ لەناو گەنجاندا و نەهێڵین خۆ لەناو بەرن و لەبری ئەوە خەبات بکەن و تێکۆشانیان هەبێت و ببن بە مرۆڤێکی کاریگەر لەبواری سیاسی و تێکۆشان و خەباتگێڕییەوە".