
سمكۆ محەمەد
100 ساڵ بەسەر رێككەوتننامەی سایكس بیكۆ تێ دەپەڕێ كە هەم بۆ نیشتمانی بەناو عەرەبی جگە لە دیكتاتۆریەت وەكو سیستم و نەگبەتی بۆ خەڵكەكەی هیچی تری بار نەهێنا، هەم بۆ كورد كە دابەشی سەر چوار دەوڵەت كرا و جگە لە دواخستنی لە كاروانی نێودەوڵەتی و گەورەترین نەگبەتی شتێكی تر نەبوو، ئێستە ئیتر هاوكێشەكە پێچەوانە بووەتەوە، عەرەبەكان بەو 20 دەوڵەتەوە ناتوانن قەناعەت بە سیستمی سیاسی و ئابووریی دنیا بكەن و وەكو خۆیان بمێننەوە، بۆیە زلهێزەكانی دنیا لە سەروبەندی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتننامەكەدان و جوگرافیای سیاسی و ئابووری دەگۆڕن، ئەمە هەم بەشێكە لە پەشیمانبوونەوەیان لەوەی لانیكەم 100 ساڵ كوردیان دوا خست، باشترین سەلمێنەریش دانپێدانانی بەریتانییەكانە كە ئەمە یەكەمین جارە لە مێژوودا متمانەیان بە كورد هەبێت پشتگیری بكەن دەوڵەتی هەبێت، كەچی بەشێك لە كورد وەك بڵێی دژی هەڵوەشاندنەوەی سایكس بیكۆ بێت، دژی بە "دەوڵەتبوونی" خۆیەتی.
هەڵوەشانەوەی سایكس بیكۆ بۆ كورد لە ساڵی 1991وە دەست پێ دەكات كە سەربەخۆیی خۆی وەرگرت وەكو هەرێمێك، بەڵام كە كورد خۆی نەیتوانی بیقۆزێتەوە و خراپ كەڵكی لێ وەرگرت، بۆیە ئەوەی لێ بەرهەم هات كە دوا كەوتین، هەر ئەو نەزانینە بوو ساڵی 2000 قسە زۆر لەسەر هاتنی هەزارەی سێیەم و گۆڕانكارییە سیاسی و ئابوورییەكان دەكرا و باسی ئەوە دەكرا ئیتر چانسی پێشكەوتنی گەلانی ژێردەستە نەما، لە گفتوگۆیەكدا كە تەلەڤزیۆنی "جەزیرە" سازی كردبوو لەگەڵ موعەمەڕ قەزافی سەرۆكی پێشووی لیبیا لەبارەی كورد و داهاتووی، قەزافی گوتی "بەداخەوە زۆر شت گۆڕا و قیتارەكە لە ئێرە دەوەستێت، بەڵام بۆ كورد قیتارەكە رۆیشت و چانسیان نەما ببن بە شتێك". كەچی پێچەوانەكەی راست بوو هەم بەچاوی خۆی رووخانی رژێمی سەدام و سیستمەكەی خۆی بینی، بەڵام نەیبینی كە قیتارەكەی كوردیش گەیشت و بەدەستی خۆی و بەپاڵپشتی هێزە نێودەوڵەتییەكان چارەنووسی خۆی دیاری دەكات.
بۆیە دەڵێم قیتارەكەی كورد دوای 100 ساڵ لە رێككەوتننامەی سایكس بیكۆ گەیشت، چونكە بەراستی دنیای دەرەوە هەم لەگەڵ دابەشبوونی عێراقن كە بەشێكە لە سڕینەوەی رێككەوتننامەكە، هەم لەگەڵ بوونی كورد بە دەوڵەت و لانیكەم ئێستە لە چوارچێوەی عێراقی بەناو فیدڕاڵ ببێت بە هەرێمێك سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێ، بەڵام هێشتا گەیشتنی قیتارەكە گرینگ نییە، هێندەی ئەوەی سەركەوتنی كورد بە یەكڕیزی گرینگە، نەك ئەوەی كوردێك هەبێت پەلەی راگەیاندنی دەوڵەتی هەبێت و كوردێكی تریش خەمساردانە لە خەیاڵی گەڕانەوەی عێراق بێت بۆ یەكپارچەیی، لە كاتێكدا لە ئاستی دەرەوەدا هەموو دەوڵەتان هیوایان بە عێراق نەماوە و لە ئاستی ناوخۆشدا خودی عەرەبەكان بڕوایان بە یەكپارچەیی نەماوە كە لە شەڕی تایفی زیاتر هیچی بەرهەم نەهێنا.
هەڵوەشاندنەوەی سایكس بیكۆ و دروستكردنی دەوڵەت بۆ كورد، لە كاتێكدایە دەوڵەتی نەتەوەیی هیچ بەهایەكی لە دنیادا نەماوە وەكو چێژی نەتەوەیی، بەقەد ئەوەی بەهایەكی ئابووری هەیە بۆ دەستەبژێرێكی سیاسی، پشتگیریكردنی لەلایەن ئیسڕائیل و یان لانیكەم دژنەبوونی بەشێك لە دەوڵەتانی زلهێز و پیشەسازی باشترین سەلمێنەرە، ئەم فەزا سیاسییە كە رۆژئاوا و ئەمەریكا خوڵقاندوویانە و لە 100 ساڵی رابردووی خۆیان پەشیمانن، ئەگەر بۆ عەرەب و ناوچەكە شتێكی نوێ نەبێ، بۆ كورد گەورەترین چانسەكە كە نابێ چیتر قبووڵ بكرێ خاوەنی دوو گوتاری دژ بەیەك بێت، ئەگەر نا سایكس بیكۆ هەر هەڵدەوەشێتەوە ئەگەر كوردیش رازی نەبێت.