نوێترین

recent

18/07/2014

حیزبی ئاینده‌ی پشتیوانی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی بارزانی ده‌كه‌ن

حزبى ئایندەى کوردستان بە بەشدارى بەرپرسى لقەکان کۆبونەوەیەکى فراوانى بە سەرپەرشتى هاورێ قادر عزیز سکرتێرى گشتى حزب ئەنجامدا و تێیدا پشتیوانی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی بارزانی ده‌كه‌ن.

له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یبۆ میدیاكانی بیستراو بینراو خوێندراو ناردوه‌ ، تێیدا حیزبی ئاینده‌ گفتۆگۆ له‌سه‌ر دۆخى ئێستاى عێراق و کوردستان و مەترسیەکانى داعش و بابەتى بە فەرمى گەرانەوەى کەرکوک و ناوچە ئازادکراوەکان بۆ سەر هەرێمى کوردستان و راپرسى و پرسى پێکهێنانى دەوڵەتى کوردستان و چه‌ند بابه‌تێكیتر ده‌كات.

ده‌قی بڵاوكراوه‌كه‌:
سەرلەبەیانى رۆژى 17/7/2014 ئەنجومەنى باڵاى حزبى ئایندەى کوردستان بە بەشدارى بەرپرسى لقەکان کۆبونەوەیەکى فراوانى بە سەرپەرشتى هاورێ قادر عزیز سکرتێرى گشتى حزب ئەنجامدا. دۆخى ئێستاى عێراق و کوردستان و مەترسیەکانى (داعش) و بابەتى گەرانەوەى بە فەرمى کەرکوک و ناوچە ئازادکراوەکان بۆ سەر هەرێمى کوردستان و راپرسى و پرسى پێکهێنانى دەوڵەتى کوردستان و بارودۆخى رۆژئاوای کوردستان و پرسى بەستنى دووەمین کۆنگرەى حزب لەو خاڵە سەرەکیانە بوون لە کۆبونەوەکە بە تێروتەسەلى گفتوگۆیان لەسەرکرا.
لەبارەى پرسی عێراقەوە، کۆبونەوە بەتیروتەسەلى لەسەر بارودۆخى عێراقء پرۆسە سیاسییەکەى پێش رووداوەکانى دەرکەوتنى رێکخراوى تیرۆرستى داعشء دواى ئەو قۆناغە، کە لەسایەى ئەو روداوانەوە بەشێکى زۆرى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم کە لەچوارچێوەى ماددەى 140ى دەستوورى عێراقیدا بوون، وەک دیفاکتۆ گەڕانەوە سەر هەرێمى کوردستانء ئێستا بوونە بەشێک لەو جوگرافیا سیاسیء مێژووییەى کە بەدرێژایی مێژووى هاوچەرخ کورد لە پێناو یەکخستنەوەى ئەو خاکەدا تێکۆشاوە، لەبەرامبەر ئەو دۆخەدا کۆبونەوە جەختى لەسەر گرنگى پاراستنى ئەو ناوچانە لەرێگەى یەکڕیزى و یەک گوتارى کوردی کردەوە، لەبارەى راپرسیش لەسەر کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانى تر کۆبوونەوەى ئەنجومەنى باڵاى حزب جەختى لەوە کردەوە کە دەبێت لەهەر گفتوگۆیەکى داهاتووى ناو پرۆسەى سیاسی عێراق لە پێکهێنانى حکومەتى نوێدا، مەرجى سەرەکى کورد دیاریکردنى وادەیەکى چەند مانگى بێت بۆ ئەوەى حکومەتى عێراقی بەچاودێرى نەتەوە یەکگرتووەکان راپرسی بکاتء ئەگەر لەو وادەیەش راپرسی نەکرێت، ئەوە راستەوخۆ ئەو ناوچانە بە گەراوە سەر هەرێمى کوردستان ئەژمار بکرێن. لەبارەى پرسی سەربەخۆییشەوە، کۆبونەوە ئاماژەى بەوەدا کە حزبی ئایندەى کوردستان و سەرکردایەتییەکەى لە هەشتاکانى سەدەى رابردووەوە دروشمى سەربەخۆیی کوردستانیان وەک دروشمێکى سەرەکى بەرزکردۆتەوەو لەسەرجەم کۆنفرانسء کۆنگرە، بەدوا کۆنگرەشەوە وەک دروشمى ناوەندى حزب و دوا ویستى خەڵکى کوردستان لە قەڵەمداوەو خەباتى لەپێناودا کردوەوهەر لەم پێناوەشدا پشتیوانى لە دەستپێشخەرییەکەى ئەم دواییەى بەڕێز مەسعود بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستانیشدا بۆ کارکردن و سازدانی راپرسی بۆ پێکهێنانى دەوڵەتى سەربەخۆی کوردستان دەربڕیوە، هەر لە پەیوەندى بەو بابەتەوە کۆبونەوە جەختى کردەوە کە پێکهێنانى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردستان پرسێکى نیشتمانى و نەتەوەیى یە و یەکخستنەوەى نێوماڵى کوردى و بە جەماوەریکردنى ئەو  پرسە و شەفافیەت لە هەنگاوەکاندا مەرجى گرنگن لە رێگەى پێکهێنانى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردستاندا.  لەبارەى رۆژئاواى کوردستان و ئەو هەڕەشە مەترسیدارانەى گروپە تیرۆرستیەکەى داعش لەسەر کوبانى و بەشێک لەناوچەکانى ترى رۆژئاوا دروستیان کردووە، کۆبونەوە جارێکى تر پشتیوانى حزبی ئایندەى کوردستانى بۆ رۆژئاواى کوردستان و کانتۆنەکانى دوپاتکردەوەو داواشیکرد هەرچی زووە کۆدەنگییەکى نەتەوەیی لەهەموو کوردستان دروست بێت لەپێناو هەرچی زیاترى پشتیوانیکردنى خەباتى کوردانى رۆژئاوا لەسەرکەوتنیان بەسەر داعشدا ،لەبارەى ناوخۆى حزبیشەوە، کۆبونەوە سەربارى ئاماژەدان بەخراپی گوزەرانى ئابوورى حزبی ئایندەى کورستانء تەواوى حزبە سیاسییەکانى کوردستان بەهۆى راگرتنى بودجەى حزبەکانەوە، سوپاسی خۆڕاگرىء پشوودرێژى هاوڕێیانى حزبی لەسەرجەم ناوچەو ئۆرگانەکان کردو ئومێدیشی خواست لەنزیکترین کاتدا خەڵکى کوردستانء حزبە سیاسییەکان ئەو قەیرانە تێپەڕ بکەن، هەروەک کۆبونەوە لەسەر پرسی دامودەزگاکانى حزب وەستاو هەوڵى هاوڕێیانیشی بۆ خۆڕێکخستنەوەو کاراکردنی رۆڵى حزب لەپێناو قۆناغى داهاتوو بەرز نرخاند، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا پرسی کۆنگرەى دووەمى حزب بەتێروتەسەلى گفتوگۆى لەسەرکراو بەزۆرینەى دەنگیش هاوڕێیانى ئەنجومەنى باڵاى حزب وەک ئەو دەسەڵاتەى کە بەرنامەو پەیڕەوى ناوخۆى حزب پێیداوون، کۆنگرەکە بۆ ماوەى یەک ساڵ دواخرا. لە کۆتاییدا کۆبەونەوەى ئەنجومەنى باڵاى حزب رۆڵى قارەمانانەى هێزى پێشمەرگە و هێزەکانى ناوخۆ و دژە تیرۆرى لە پاراستن و بەرگریکردن لە کەرکوک و ناوچە ئازادکراوەکان بەرز نرخاند و پشتیوانى حزبى ئایندەى کوردستانى بۆ دووپات کردنەوە.
 
ئەنجومەنى باڵاى حزبی ئایندەى کوردستان
17/7/2014   
 سلێمانى

Picsart-24-02-23-21-31-09-085