نوێترین

recent

18/07/2014

بارزانی: ئەوەی بەلای خەڵکی کوردستانەوە جێگەی بایەخە بەھا مرۆڤییەکان و کەرامەتی ئینسانە

’دەرگە و سنوور و دڵی خەڵکی کوردستان کراوەیە’
ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئانتۆنیۆ گۆتێڕز کۆمیسێری باڵای پەنابەرانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوویەوە و شاندی میوان رایگەیاند کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگاداری ھەوڵەکانی ھەرێمی کوردستان بێت لە یارمەتیدانی خەڵکی ئاوارە و لێقەوماو.
ئانتۆنیۆ گۆتێڕز ھێماشی بەوەدا کە ھەرچەندە بەغدا بەھۆی بڕینی بودجەی ھەرێم بەربەستێکی گەورەی بۆ ھەرێم دروست کردووە و گوشارێکی زۆر لەسەر کوردستانە بەڵام ئەوەی ھەرێمی کوردستان لە یارمەتیدان و حەواندنەوەی ئاوارەکان کردوویەتی جێگەی ڕێز و پێزانینێکی زۆرە و ئامادەیی خۆیشیانی ڕاگەیاند بۆ ئەوەی بە ھەموو توانەیەک یارمەتیی حکوومەتی ھەرێم بدەن و وڵاتانی جیھانیش لەم بەخشندەییەی ھەرێمی کوردستان ئاگادار بکەنەوە و ھانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەدەن کە یارمەتیی ھەرێمی کوردستان بدەن. ئانتۆنیۆ گۆتێرز لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ھەرێمی کوردستان پێگە و ناوبانگێکی زۆر باشی لە ناوەندە جیھانییەکان بەدەستھێناوە و یەکێکە لە سەقامگیرترین شوێنەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جێگەی ئومێدی ڕێکخراوە  نێودەوڵەتییەکانە.
لەبەرانبەردا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ھەرێمی کوردستان لەھەموو دۆخێکدا ئامادەیە یارمەتیی خەڵکی ئاوارە بدات و لەو بابەتە دا ئەوەی بۆ ھەرێمی کوردستان گرنگە یارمەتیدانی ئاوارەکانە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای ئایینی و نەتەوەیی ئاوارەکان و ئەوەی بەلای خەڵکی کوردستانەوە جێگەی بایەخە بەھا مرۆڤییەکان و کەرامەتی ئینسانە کە بەداخەوە بەھۆی سیاسەتی ناڕەوای دیکتاتۆرەکان پێشێل کراوە و بووەتە ھۆی ئاوارەبوونی سەدانھەزار کەس لە سووریا و عێراقدا و شاندی میوانیشی لەوە دڵنیا کردەوە کە دەرگە و سنوور و دڵی خەڵکی کوردستان بەڕووی ھەموو مرۆڤێکی ئاوارە و لێقەوماو کراوەیە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085