

+ دەسخۆشیت لێ ئەکەم بۆ ئەم پرسیارە، چونکە هەڵسەنگاندنی هۆکارە ئابورییەکان لەم چرکە ساتە هایدگەرییەدا خۆی لەخۆیدا رەدکردنەوەی ئەقڵیەتە پۆپۆلیستیە فرۆیدیەکەیە لەناو کایەی مەعریفی دا کە بە ئاشکرا هەستی پی ئەکرێت وەک چەمکێکی نەهلیستی لەبونیادنانەوەی ئینسانی کوردیدا پاش داڕمانی کۆڵەکە سەرەکییەکانی دنیای پۆست مۆدێرینە.
- ئەی باشە هاتنی داعش چ دەورو تەئسیرێکی هەیە لەسەر کۆی مەسەلەکان؟
+ داعش رەنگدانەوەی ململانێ دەروونییەکانە لەدیوی ئەودیوی ژێرخانە فکریەکەی نیچەو لایەنگرانی قوتابخانەی فرانکفۆرتدا. حەز ئەکەم یەک شتیشت پێ بڵێم کە دەرکەوتنەوەی مەسەلەی خەلافەت لەم هەلومەرجە ئۆڵۆمپیەی بازاڕی ئازادو جیهانی سەرمایەداریدا بەشێوەیەک لەشێوەکان خوێندنەوەیەکی کۆزمۆپۆلیتیانەیە بۆ هزری نەتەوایەتی موتوربەکراو بە خەونی ئاوارەیی و بە ئیحساسی نوخبە پەرتەوازەکەی کە هێشتا لە شارەوانی عەرزەیان وەرنەگرتووە.
- دەستخۆش ئوستاز.. ئەی بەڕای جەنابت تاکی کوردی چی بکات بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی؟
+ هیچ... ئەزانی بۆ؟ چونکە دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لەدەرەوەی تێگەیشتنی ئێمەیە بۆ رەهەندە فەلسەفیەکانی کاڵبوونەوەی ئینتیماو دروستکردنی چینێکی مشەخۆر کە بە تەعریفە ئیفلاتونیەکە بریتییە لەهێزێک بەردەوام خۆی تازە ئەکاتەوەو ستوونی هەڵئەکشێ بۆ خوارەوەو ملکەچی یاسا ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگە عەشایەرییەکە نابیت.
- تاق... بم...
+ باوکەڕۆ.. ئەوە چی بوو؟!
- تەقەی سەری من بو ئوستاز.