نوێترین

recent

18/07/2014

گەر چونەوە بەغداد ؟


ئاسۆ عەبدوللـەتیف



وردە وردە و بە نەرمی لە پەنای قژی ژاكاوو لول و تفەنگە ئامادەكانی پێشمەرگەدا كە رووی لە بەغدایە دەچنەوە!؟

گەر چوونەوە بەغداد، كوردینە، ئەی نوێنەرانی هەڵبژێردراو، هێندەی تر سەرمان شۆر مەكەن، مادەم ئێوە هەر دەچن و بریارتان داوە كە بچن و فریای وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازەكانتان بكەون و ئەوەندە پەلەتانە، دەی دەستمان بە دامێنتان بە سەنگ و قورساییەوە بچنەوە، تكایە شەرمن و بێئیرادە مەرۆنەوە ئەو بەغدا نەفرەتیە، سەربەرزانە برۆنەوە، كە چونەوە بەغداد پاشەكشە بە پێشمەرگە مەكەن بەهۆی شیرینی و سیحری پۆست و ئیمتیازەكانتانەوە، ئەگەر چوونەوە بەغدا، توخوا رۆحی هیلاكی پێشمەرگە و خەون و هیواكانیان لەگەڵ خۆتان بەرن و داكۆكی لێ بكەن ئەگەرچی شانی ئێوە توانستی هەڵگرتنی ئەم ئەركەی نیە، هەرخۆتان مەچن عەیبە بۆ ئێوە بە تەنها ئەرۆن بۆ بەغدایەكی درۆزن، چونكە ئەوە شەخسیەت نیە.

ئەوە چەندین جارە ئێوە دێن و دەچن بۆ بەغداد و وەك رێگای كانیتان لێ كردووەو نەتانتوانیوە تینوێتی ئەم میللەتە بە ئاوی ناو گۆزەی بەغداد بشكێنن، دەشزانن ئەم میللەتە تینوێتی تەنها بە ئاوی گۆزەی خۆی ئەشكێت، كەچی هەر دڵ ئەشكێنن و گوێ بەم هەموو دڵشكانە نادەن، گەر چونەوە ئەمجارە كە زۆر حەز بە چونەوە ئەكەن و خەنی بوون، نمەك حەرام بن ئەگەر وەك كوڕی خۆتان سەیری پێشمەرگە نەكەن، پێشمەرگە خۆیان نایەن لەگەڵ ئێوە دڵنیام عاجزن لە ئەداو رەفتارتان لە گیرفانی پڕو نادادگەریتان، تەنها داواكاریەكانی پێشمەرگە بەرن و بیرتان لەم دۆخە خراپەیان بێت، ئەها چەند مانگە سنگیان ناوە بە فیشەكی داعش و شۆڤێنیزمی عەرەبەوە لە پێناو پۆستەكانی ئێوەدا و ئێوەش بێ پرسی ئەوان، بێ پرسی گەل، وردە وردە بە نەرمی و لە پەنای قژی ژاكاوو لول و تفەنگە ئامادەكانی پێشمەرگەدا كە رووی لە بەغدایە دەچنەوە !؟

چی بۆ پێشمەرگە قورسە؟
هیچ فشارێكی دەرەكی هێندەی ململانێ حیزبی و ئایدۆلۆژیاكان پێشمەرگە ناكوژێت، پێشمەرگە زۆر بەرگەی گرت و زۆری تریش بەرگە دەگرێت ئەگەر حیزبە كوردیەكان راسگۆو یەك گوتار بن لە ئاست دەوڵەتی سەربەخۆی كوردیدا.. بەڵام بۆ یەك سات بەرگە ناگرێت لە ئاست ناعەدالەتی و بێبڕوایی و نەبوونی ستراتیجێكی عەسكەری رۆشندا، وەك ئەوەی كە ئێستا دەیبینین لە هەندێ ناوچەی وەك جەلەولادا.

لە ئێستادا ئەوە مالیكی و داعش نیە پێشمەرگە ئەكاتە ئامانج و دەوڵەتی كوردی بە مەحاڵ ئەزانێت، بەڵكو خۆمانین، خۆرەی ناوخۆییە، ململانێ نێوخۆییەكان و جەمسەرە گوماناویەكانی ناو حیزبن كە دەخوازان پێشمەرگە بكەنە ئالیەتی بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەكانیان، پێشمەرگە بەكار بهێنن بۆ سیخوڕگەری و عیلاقاتە ئیقلیمیەكانیان، ئەوەی ئەم ماڵە ئارامەی پێشمەرگە تێك ئەدات، كارت و كارتێكەرە ئیقلیمیەكان و كارتێكەرەكانی ئەودیو سنورە، كە ناوە ناوە دەردەكەون، لەكاتی هەڵبژاردنەكانیشدا هاتن و دەستكاری دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنیانكردو كەس نەیپرسی بۆچی، بۆیە تێكدانی ماڵی پێشمەرگە تێكدانێكی ستراتیجیە لەلایەن نەیارانی ئەزمونی حوكمرانی كوردیەوە، هەر دەستێوەردانێكی ئیقلیمی بۆ پێشمەرگەو سیستمە بەرگرییەكەی زەبرێكە پێش هەر شت بەر خەونی سەربەخۆیی دەكەوێت و لەباری دەبات، زیاتریش ئەوكوردانە لەباری ئەبەن كە لە بەغدان و هیچ بۆ كوردو دەوڵەتەكەی ناكەن و خەریكی نوسینەوەی سازش و موجامەلەی عەرەبن.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085