
چه‌كداره‌كانی داعش به‌هاوكاری چه‌كداره عه‌ره‌به‌كانی ناوچه‌كه به به‌رده‌وامی هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، به‌ڵام تێكده‌شكێن، له‌و هێرشانه‌شدا له ماوه‌ی دوو رۆژی رابردوودا 26 چه‌كدار كوژراون و ژماره‌یه‌ك برینداریشیان هه‌یه، هاوكات چه‌كدارێكی داعش_یش كه به‌نیازبوو ته‌رمی كوژراوێكیان بباته‌وه، ده‌ستگیركرا.
سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا له هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له جه‌له‌ولا،رایگه‌یاند :" به‌هۆی ئه‌وه‌ی تائێستاش گه‌ڕه‌كی ته‌جنید له شارۆچكه‌ی جه‌له‌ولا به‌ده‌ست چه‌كداره‌كانه‌وه‌یه، بۆیه زۆرجار و به به‌رده‌وامیش ئه‌وان هێرش دەكه‌نه سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه له زۆربه‌ی ئه‌و هێرشانه‌یان تێكده‌شكێنرێن و لێیان ده‌كوژرێت، كه دواهه‌مینیان شه‌وی رابردوو بوو، وتیشی :" ژماره‌یه‌ك چه‌كدار، كه به‌پێی زانیارییه‌كانمان تێكه‌ڵه‌ن له چه‌كداری عه‌شایه‌ری عه‌ره‌بی ناوچه‌كه و چه‌كدارانی داعش هێرشیان كرده سه‌ر ناوچه‌ی پارتی له جه‌له‌ولا كه ئێستا هێزی پێشمه‌رگه‌ی تێدایه، به‌ڵام له ئه‌نجام چوار چه‌كداریان كوژران و دووانیشیان برینداربوون".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه له كاتی هێرشه‌كه‌یاندا، به ئاربیجی توانرا ئۆتۆمبیلێكیان بسووتێنرێت و به‌جێ بمێنێت.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه شه‌وی پێشتر به هه‌مان شێوه هێرشیان كرد بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و خانووانه‌ی كه وه‌كو باره‌گا به‌كاریان ده‌هێنا و له‌وێوه ته‌قه‌یان له پێشمه‌رگه ده‌كرد، وتیشی :" به‌پێی زانیارییه‌كانمان له‌و هێرشه‌دا ئه‌وان نزیكه‌ی 80 چه‌كدار ده‌بوون، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌كان شێرئاسا هاتنه ده‌ست لێیان و دواتر زانیاریمان پێگه‌یشت كه 22 كه‌سیان لێكوژراوه و ژماره‌یه‌كیشیان برینداربوون، ته‌رمی كوژراوێكیشان لێبه‌جێما".
سه‌باره‌ت به ده‌ستگیركردنی ئه‌و چه‌كدارانه، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه، وتی :" دوێنی ویستیان ته‌رمه‌كه ببه‌نه‌وه، ئه‌و هه‌وڵه‌شمان شكستت پێهێنا و توانیمان چه‌كدارێكیان ده‌ستگیر بكه‌ین، دواتر راده‌ستی ئاسایشی گه‌رمیان كرا".