نوێترین

recent

18/07/2014

بەرپرسێكی گۆڕان ڕەخنەی توند لە یەكێتی و پارتی دەگرێت


سەرۆكی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕخنە لە سیاسەتەكانی یەكێتی و پارتی دەگرێت و دەشڵێت، تائێستا عەقڵیەتی دووئیدارەی هەرماوە.
عەبدولڕەحمان عومەر سەرۆكی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایگه‌یاند"دیارە حكومەتی هەرێم بە بنكە فراوانی و بە پێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن دامەزراوە ، بەڵام عەقڵیەتی دوو ئیدارەیی و پاوانكردنی دەسەڵاتی خۆجێی لە هەرسێ پارێزگاكاندا , تاكو ئێستا بە كردەوە زاڵە بەسەر هەڵسوكەوتی هەردوو حیزبە دەسەلاتدارەكەی هەرێم".
وتیشی" 22 ساڵە بەبێ ركابەر و بە سیستەمی فیفتی بە فیفتی ، هەردوو دەڤەرەكەی هەرێم بەرێوە دەبەن ، ئەوەتا لیستی پارتی لە هەردوو پارێزگای دهۆك و هەولێر ، بەبێ خوێندنەوەی لیستی لایەنە براوەكانی دیكەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ( یەكێتی و گۆران و كۆمەڵ و یەكگرتوو و بزووتنەوەی ئاشووری ) ، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگاری لەو دوو پارێزگایە هەلبژاردووە ، سیمای تاكرەوی و تاك حیزبی وەكو جاران بەردەوامە ، لە سلێمانیش هەرچەندە گۆران براوەی یەكەمە ، بەڵام لیستی یەكێتی تاكو ئێستا دان بەو واقیعە نانێ و داوای ئیستیحقاقی براوەی یەكەم دەكات".
ئاماژەی بەوەشدەكات"ئەوە نیشانەی ئەوەیە هەردوو لایەن جدی نین و بریاری دەستاودەست كردنی دەسەڵات و بەشداری پێكردنی هەموو لایەنەكانیان بە پێی بەركەوتەی هەڵبژاردن نەداوە ، هەردوو حیزب لەبەر دەم تاقیكردنەوەی مێژوویی و رێژەی پابەندبونن ، بە پرۆسەی دیموكراتی و قبوڵكردنی بەرامبەر و پاراستن و رێكخستنی نێو مالی كورد".
جەخت لەوەش دەكاتەوە هەر چوارلایەنە براوە پەراوێزخراوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر هاوهەڵوێستی خۆیان راگەیاندووە ، كە دەبێ هەموو لایەنە براوەكان بەشدار بن لە ئەنجومەنی پارێزگا و حكومەتی خۆجێیی هەولێر ، بە پێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن ، خۆش بەختانە ئێستا گفتوگۆ و دانوستان هەیە ، لە نێوان هەر (5) لایەنە براوەكان ، ئومێدەوارین هەمووان بە گیانی یەكترقبوڵكردن و تەبایی و هەنگاونان بەرەو ئایندەو ئاسۆیەك بنێین ، لە ئاستی ماف و ئاواتە ڕەواكانی كوردستانیان بێت ، ئەركی سەرشانی هەموومانە فشار و هەوڵەكانمان بەو ئاراستەیە بێت ، وا بكات هەموو لایەنەكان بەرەو رێكەوتنی راستەقینە و یەكجاری ببات ، ئاسەواری دوو ئیدارەیی و قۆرخكاری نەمینێت ، تاكو چیتر خەڵك نەبێتە قوربانی ململانێی حیزبایەتیی و بەرژەوەندی تایبەتەوە ، چیتر كێشە و ئاستەنگەكان كەڵەكە نەبن ، رێگری بكرێ لە هەرەشە و مەترسیە دەرەكیەكان ، تاكو هەموو بەیەكەوە ئەركی لێپرسراوێتی شكست و ئەنجامدانی چاكسازی و خزمەتگوزاری و سەركەوتنی ئەزموونەكەمان لە ئەستۆ بگرێت".

Picsart-24-02-23-21-31-09-085