نوێترین

recent

15/07/2014

لە بەغدا پارە دەبارێت ... وردەکاری تەواوی موچەی پەرلەمانتارانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بخوێنەرەوە

بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق رەتیدەكاتەوە تێچووی دانیشتنەکانی خولی نوێ 20 ملیۆن دۆلار بێت و ئەوەش دەڵێت كە مووچە و سولفەی پەرلەمانتاران و راوێژکاران و فەرمانبەرانی پەرلەمان بە تێچووی دانیشتنەکان دانانرێت.

محەممەد ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "مووچەی بنەڕەتی هەر پەرلەمانتارێکی عێراق 9 ملیۆن دینارە و بە حەوافز و دەرماڵەکانەوە دەگاتە 12 ملیۆن دینار، بە بڕیاری دادگای فیدراڵی ئەو پەرلەمانتارانە ئەگەر ئامادەی دانیشتنەکانی پەرلەمان بن یان نا هەر مووچەیان بۆ خەرجدەکرێ".

بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق وتیشی "هەر پەرلەمانتارێکی عێراق 30 پاسەوانی هەیە و مووچەی هەر پاسەوانێک 720 هەزار دینارە و پاسەوانەکان راستەوخۆ مووچەی خۆیان لە رۆژی دەستبەکاربوونیانەوە لە پەرلەمان وەردەگرن".

راشیگەیاند "جگە لە مووچەی مانگانە پەرلەمان تێچووی مانەوەی پەرلەمانتاران لە بەغدا خەرجدەکات بەو مەرجەی ئەو تێچووە لە 3 ملیۆن دینار زیاتر نەبێ و پەرلەمانی عێراق ساڵانە 50 ملیۆن دینار بۆ هەر پەرلەمانتارێک خەرجدەکات بۆ پێداوێستی گواستنەوە یان دەکرێ ناوی دابینکردنی ئۆتۆمبیلی لێبنێین، بەڵام سەرباری ئەو رێنەماییانە سەرپێچی هەر دەکرێ و ئەوەش ئاشکرایە".

محەممەد ئەبو بەکر ئاشکراشیکرد کە "خەرجکردنی مووچەی بەڕێوەبەرانی گشتی و راوێژکاران و فەرمانبەرانی پەرلەمانی عێراق پەیوەندی بە گرێدانی دانیشتنی پەرلەمانەوە نییە، واتا ئەگەر پەرلەمان کۆببێتەوە یان نا ئێمە مووچەی خۆمان وەردەگرین".

لە بارەی تێچووی دوو دانیشتنەکەی پەرلەمانی نوێی عێراقیش ناوبراو ئاشکرایکرد "تێچووی ئەو دوو دانیشتنە زۆر لە 20 ملیۆن دۆلار کەمترە، بگرە دەکرێ تێچووەکەی پێنج یەکی ئەو پارەیە بێ، بەڵام وردەکاری و داتای دروستم لەوبارەوە لەلا نییە".

ئەمە لەکاتێکدایە ئەندامانی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق دوای هەڵبژاردنیان تا ئێستا دوو جار کۆبوونەتەوە، ماوەی ئەو دوو دانیشتنەی پەرلەمانی نوێیش 25 خولەکی تێنەپەڕاند.

دوای دوو دانیشتنی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق، ئەندامانی ئەو خولە تا ئێستا نەیانتوانیوە سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی هەڵبژێرن، هەڵبژاردنی سەرۆکیش یەکەم کاری پەرلەمانی نوێیە، بەو پێیەش پەرلەمانی نوێ تا ئێستا هیچ کارێکی ئەنجامنەداوە.

وردەکاری مووچە و خەرجییەکانی پەرلەمانی عێراق بە داتا:

مووچەی مانگێکی پەرلەمانتارانی عێراق

3936000000 سێ ملیار و نۆ سەد و سی و شەش ملیۆن دینار

مووچەی مانگێکی پاسەوانەکانی پەرلەمانتارانی عێراق

7084800000 حەوت ملیار و هەشت سەد و چل و هەشت ملیۆن دینار

دەرماڵەی دابینکردنی ئۆتۆمبیل بۆ پەرلەمانتارانی عێراق

16400000000 شازدە ملیار و 400 ملیۆن دینار

دەرماڵەی دابینکردنی جێینیشتەجێبوون بۆ پەرلەمانتارانی عێراق بۆ ماوەی مانگێک، ئەگەر بۆ هەر پەرلەمانتارێک ٣ ملیۆن دینار خەرج بکرێ

984000000 نۆ سەد و هەشتا و چوار ملیۆن دینار

لە لایەکیترەوە محەمەد رەئوف، رۆژنامەنوس لە پەیجی تایبەتی خۆی ئەم ئینفۆگرافیکەی خوارەوەی بڵاوکردەوە:

Picsart-24-02-23-21-31-09-085