
نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لەهەڵبژاردنەكانی (30ی ئەیلول) ــەوە هیچ پەیامێكی نەبووەو سێ مانگیشە جڤاتی نیشتمانی كەئەو سەرۆكایەتی دەكات كۆنەبۆتەوە.
نەوشیروان مستەفا رێكخەریی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لەهەڵبژاردنەكانی (30ی ئەیلول) ـەوە هیچ پەیامێكی سیاسی نەبووە و سێ مانگیشە جڤاتی نیشتمانی كەئەو سەرۆكایەتی دەكات كۆنەبۆتەوە، ئەوەش بۆتە جێی پرسیاری دەنگدەرانی ئەو بزوتنەوە، لەكاتێكدا عێراق و ناوچەكە بەدۆخێكی سیاسی نالەباردا تێدەپەڕن و جگە لەگرفتی فرۆشتنی نەوت مەسەلەی راپرسی لەسەر ناوچە جێناكۆكەكان و تەنانەت پرسی سەربەخۆییش بابەتی گەرمی نێوان بەغدا- هەولێر بووە.
مەسعود عبدولخالق، چاودێری سیاسی لەبارەی بێدەنگییەكەی نەوشیروان مستەفاوە بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاندوه: "پەیام و بەڵێنی خۆیەتی كە وتی چوار ساڵی داهاتوو چوارساڵی ئارامییە، ئاشتی و بێدەنگی دەبێت ئەو پێوایە قۆناغی پێشویان بەڕێكرد ئەم قۆناغە بەشداری كردنە لە حكومڕانی كردن، گۆڕینە لە ناو حكومەت نەك لە دەرەوە بۆیە تاڕادەیەك بێدەنگی دەوێت".
وتوشهیهتی: "ئەم بێدەنگیەی بەڕای من پەیامی خۆیەتی دەكرێت هەندێك رێككەوتنی كردبێت لەگەڵ حزبەكانی تری دەسەڵات، تازەش بەشداری حكومەتیان كردووە و كاتی ئەوەش نەهاتووە پێشێلكاری زۆر گەورە كرابێت لە رێكەوتن و لەو پۆستانەی وەریانگرتووە لە حكومەتدا" .
هۆكارێكی دیكە بەڕای مەسعود عەبدولخالیق دەگەڕێتەوە بۆ دۆخە سیاسییەكەو ناكۆكییەكانی نێوان كورد و حكومەتی فیدراڵی لەلایەك و هاتنی داعش لەلایەكی دیكەوە و وتی: "بەڕای من ئەو پرسانەی بۆ دەزگا پەیوەندیدارەكان و خەڵكی موختەس بەجێ هێشتووە وەك سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و پارێزگارەكان".
ئاماژە بەوەشكردوه: "نەوشیروان مستەفا تا سەر بێدەنگ نابێت، چونكە گەندەڵییەكی زۆر گەورە هەیە لە هەرێمی كوردستاندا، لەكاتی بوونی پێشێلكاری گەورەدا بەدەنگ دێت".
سەبارەت بەدواكەوتنی كۆبوونەوەكانی جڤاتی نیشتمانیش، شەماڵ عەبدول وەفا، بەرپرسی ژووری پەیجوری بزوتنەوەی گۆڕان بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاندوه: "ڕۆژی شەمە جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە، تەنها یەك مانگ كۆبوونەوەكەمان دواكەوتووە لە بەر ئەو بارەدۆخەی لە عێراقدا دروست بووە".
بەپێی پەیڕِەوی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان دوو مانگ جارێك جڤاتی نیشتمانی كۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە گرنگەكانی ئەو بزوتنەوەیە، بەڵام دوا كۆبوونەوەی ئەو جڤاتە سێ مانگ لەمەوپێش بووە.
شەماڵ عەبدولوەفا ئەوەشی خستەڕوو: "لەو ماوەیەدا ناو بە ناو كۆبوونەوەی باژێڕەوانەكانمان كردووە".